قسەیەك بۆ مێژو

مەم بورهان قانع
  2019-12-15     1140

لە ئێستادا، كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ، پڕۆژە یاسایەكیان گەڵاڵەكردوە، كە تایبەتە بە دەرچواندنی یاسایەك بۆ پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان".

گومانم نییە لە دڵسۆزیی ئەو مامۆستایانەی بەشداربون لە گەڵاڵەكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا، وەك چۆن چەند رۆژێكیش لەمەوبەر لە هەولێر كۆنفڕانس-ێكیان بۆ رێكخستبو، بەڵام بۆ مێژو ئەم قسەیە لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە دەكەم:

1.لە ئێستادا، پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان"، بەهەڕەشەیەكی مەترسیداری دەبینم بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، كە لەسایەی "یاسای رۆژنامەگەریی لەكوردستان/ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007"دا فەراهەم بوە (سەرەڕای تێبینیمان لەسەر ئەم یاسایە.)

2.ئەگەر ئەنجومەنێكی وەها لە كوردستان دا پێكبهێنرێت، بێگومان لە دانانی ئەندامانی دەستەی باڵای ئەنجومەنەكەدا، رەچاوی بەشبەشێنەی حزبیی دەكرێـت و بەمەیش ئەنجومەنەكە ناتوانێت پیشەیی بێت و پاسەوانی ئازادیی كاری میدیایی بێت لە كوردستان و ئەجێندای حزبیی بەسەر ئەنجومەنەكەوە زاڵدەبێت.

3.ئەگەر ئەم ئەنجومەنە پێكبهێنرێـت و دەسەڵاتی داخستنی كەناڵی میدیایی پێبدرێت (وەكچۆن چاوەڕواندەكرێت)، ئەوا هەڕەشەیەكی یاسایی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، وەكچۆن لە ئێستادا هیچ دەقێكی یاسایی نییە رێگابدات بە داخستنی كەناڵی میدیایی لە كوردستان.

4.ئەم پڕۆژە یاسایە، كە لەلایەن ئەو چەند كەسەوە گەڵاڵەكراوە، بۆی هەیە رێژەیەكی هێجگار زۆری لەنێو دانیشتنی پەرلەمان دا دەسكاریی بكرێـت و بەدڵی زۆرینەی پەرلەمانیی تێبپەڕێنرێت (لە حاڵەتێكدا ئەگەر لە "لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان"تێپەڕێنرا)و سەرەنجام ئەو پڕۆژە یاسایە نەبێت، كە ئەو چەند كەسە پێشنیازیان كردوە و دەیانەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان-ی بەرزبكەنەوە، بەڵام ئەوكات پەشیمانیی داڕێژەرانی ئەم پێشنیازە، دادیان نادات و بەرپرسیارێتیی دەرچواندنی یاسایەكی وەهاو پێكهێنانی ئەنجومەنێكی لەوشێوەیە، لە ئەستۆی ئەوان دا دەبێت، كە خاوەنی ئەو پێشنیازە یاسایەن.

5.بەشبەحاڵی خۆم وەكو پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی "لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان" لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێناو پاراستنی ئازادیی كاری میدیایی و بەرگرتن لە كۆتوبەندكردنی میدیا، بە ئەركی خۆم و هاوپیشەكانمی دەزانم، دژی هەر پێشنیازە یاسایەكی لەوجۆرە بوەستینەوە، چ لەنێو لیژنەكەمان دا بێت، یاخود لەنێو دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا و بۆ ئەمەیش، "لۆبیی" لەدژی دەرچواندنی یاسایەكی لەوجۆرە دروستدەكەم.

-مەم بورهان قانع، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی وەرزش و لاوانە لە پەرلەمانی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×