كەناڵی "الجزیرة" لەكوردستان دابخەن

مەم بورهان قانع
  2019-10-11     960
نزیكەی 25 ساڵ كاری رۆژنامەنوسیم كردوە و تزیكەی ساڵێكیشە پەرلەمانتارم و لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی-م لە پەرلەمانی كوردستان و شانازیش دەكەم لەسەر ئەوەی كە هەمیشە بەرگریم كردوە لە ئازادیی كاری مێدیایی، بەڵام كاتێ‌ وڵاتێك دژی سادەترین مافەكانت دەوەستێتەوە و دور لە هەر ئەخلاقێكی سیاسیی، بەشداردەبێت لەو پیلانگێڕییانەی بەرانبەر بە هاونیشتمانییەكانت لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان دا دەكرێن، دەبێت ئەولەوییەت بۆ بەرگریكردن بێت لە مافی هاونیشتمانییەكانت و ژیانی هاونیشتمانییەكانت، نەك ئازادیی كاری مێدیایی.

ژیانی مرۆڤێك، لە ئازادیی بڵاوكردنەوە زۆر گرنگترە، كە ئەمە ئەلف و بێی كاری مێدیاییە لەسایەی تیۆرەی "بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی"دا و پاراستنی پرەنسیپەكانی ئێتیكی مێدیایی-ش، بەشێك دەبێت لەم تیۆرەیە.

ئەوەی دەسەڵاتدارانی "قەتەڕ"، كە خاوەنی كەناڵی ئاسمانیی "الجزیره‌"ن، لە پرسی داگیركردنی رۆژئاوادا كردویانە، شایانی ئەوەیە هەرێم پەیوەندییەكانی لەگەڵیاندا بپچڕێنێت و رێگریش بكات لە ئازادیی كاری مێدیاییان لە كوردستان دا (كە ئازادیی كاری ژەهر رشتنی میدیاییانە) و چیتر هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا نەكرێنە گۆڕەپانێك بۆ رشتنی ژەهری كەناڵە مێدیاییەكانی قەتەڕ و سیاسەتە نامرۆییەكانی ئەو وڵاتە، وەكچۆن پێشوەختە "قەتەڕ" هەڵوێستی سیاسیی خۆی یەكلاكردوەتەوە. هەروەكچۆن ساڵانێكی زۆرە لە ئەجێندا سیاسییە ناشیرینەكانی ئەم كەناڵەی "قەتەڕ" تێگەیشتوم و لەو كتێبە وەرگێڕدراوەیشمدا بەناوی "شەڕەقسە"، كە ساڵی 2012 چاپمكرد و لە نوسینی دكتۆر "مەئمون فەندی"یە، بەوردیی تاوان و پێشێلكارییە سیاسییە ناوخۆییەكانی دەسەڵاتدارانی "قەتەڕ" بەرانبەر بە خێڵی "بەنی موڕرە" و ئابڕوبەرییە ئێتیكیی و پیشەییە مێدیاییەكانی كەناڵی "الجزیره‌"ی تێدا رونكراوەتەوە.

كاتێ‌ وەزیری بەرگریی قەتەڕ (خالید محەمەد ئەلعەتییە) پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ داگیركارییەكانی توركیا لە رۆژئاوا نیشاندەدات و بەهایەك بۆ خوێنی كورد لەو وڵاتەدا ناهێڵێتەوە، دەبێت هەم كۆتایی بە پەیوەندیی سیاسیی هەرێم لەگەڵ قەتەڕدا بهێنرێت، هەروەها قوفڵێكیش بدرێت لە نوسینگەكانی ئەم كەناڵە ئاسمانییەی قەتەڕ لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دا.

وڵاتێك، خوێنی هاونیشتمانییەكانت بێ‌ بایەخ بكات و دژایەتیشت بكات، شایانی ئەوە نییه پەیوەندیت لەگەڵیدا هەبێت و ئازادیی تەڕاتێنی كاری مێدیایی بۆ فەراهەم بكرێت.
-------------
* ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×