بۆچی دەبو وەزیری دارایی بچێتە پەرلەمان؟

مەم بورهان قانع
  2019-08-29     774
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لیژنەكانی پەرلەمان بۆیان هەیە بانگێشتی وەزیری پەیوەندیدار بكەن بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان؛ بۆ گڤتوگۆكردن لەسەر پرسێك لەگەڵ لیژنەی پەیوەندداردا لە پەرلەمان، بەڵام لە یەكەمین كاری بانگێشتكردنی وەزیری ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، هەم پەرلەمان شكستی هێنا لە هێنانی وەزیرێك، هەم كابینەی نوێی حكومەت وەزیرە پەیوەنددارەكەی رەوانەی لیژنەی پەیوەنددار لە پەرلەمانی كوردستان، نەكرد!

دەبو دوێنێ‌ (27/ 8/ 2019)، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم (كە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان-ە)، بچوایەتە پەرلەمان و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان دا كۆبونەوەی بكردایە، ئەمەیش بۆ ئەوەی هەڵوێست و هەنگاوەكانی داهاتوی كابینە حكومەتییەكەیان سەبارەت بە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەروەها پرسی پاشەكەوتكردنی نایاسایی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (كە لە كابینەكەی پێشودا بڕیاریلێدرا و تائێستا ئەم كابینەیە، باسی لە دانەوەی ئەو پاشەكەوتە نەكردوە)، بخاتە بەردەم ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەڵام بێ‌ رونكردنەوەیەكی ئەوتۆ بۆ پەرلەمانتاران و رایگشتیی كوردستان، وەزیری دارایی نەچوە كۆبونەوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانەوە!

پاساوی یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بۆ ئەم نەچونە، ئەوەیە: گوایا هەفتەی داهاتو شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر كێشە نەوت و موچەی هەرێم لەنێوان هەرێم و بەغداددا، سەردانی بەغداد دەكات و لە ئێستایشدا، وەزیری دارایی سەرقاڵە! بێئەوەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پاساوێكی رون بۆ ئەم نەچونەی وەزیری دارایی، بداتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان.

دەبو، وەزیری دارایی بەهەر پاساوێك بوە، دوێنێ‌ بچوایەتە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دا كۆبونەوەی بكردایە، لەبەر ئەوەی:

1- پرسی موچە و بەناهەق پاشەكەوتكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە بڕیاری كابینەكەی پێشوە و ئەم كابینەیەیش میراتگری كابینەكەی پێشوە، پرسێكی گرنگە و پەیوەندیی بە ژیانی زۆرینەی هاونیشتمانیانی هەرێمی كورستانەوە هەیە.

2- رۆیشتنی وەزیری دارایی بۆ كۆبونەوەی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمان، دەبوە هۆی نیشاندانی نیەتباشیی ئەم كابینەیەی حكومەت، كە رێزدەگرێت لە رۆڵی چاودێریكردن و بەدواداچونەكانی پەرلەمانی كوردستان.

3- رۆیشتنی ئەم وەزیرە بۆ دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان، پەیوەندیی نێوان حكومەت و پەرلەمانی كوردستانی دەخستە ئاستێكی باڵای لێكتێگەیشتن و بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە.

4- بەڵام، نەرۆیشتنی وەزیری دارایی بۆ كۆبونەوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، سەرەڕای زیانگەیاندن بەو لایەنانەی سەرەوە، زیانیشی گەیاند بە ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان لەنێو حكومەت دا (وەكچۆن وەزیری دارایی لە پشكی گۆڕان-ە و گۆڕان-یش گوایا لەپێناو چاكسازیی دا بەشداریی لەم كابینە حكومەتییەدا كردوە) و بەمەیش پرسی چاكسازیی راستەقینە هەنگاوێك چوە دواوە.

ئەنجام
ئەگەر پاساوی نەرۆیشتنی وەزیری دارایی بۆ كۆبونەوەكەی پەرلەمان، نەبونی داتای ورد بێت لەبەردەستی جەنابی وەزیردا؛ سەبارەت بە داهاتی نەوتی هەرێم و كێشەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغداد و هەروەها داهاتەكانی دیكە و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەروەها بڕیاری یەكلاكەرەوەی ئەم كابینەیەی حكومەت بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە، ئەوا هەردەبو ئەم بانگێشتەی پەرلەمانی قەبوڵ بكردایە (كە پەیڕەو دەسەڵاتی بە پەرلەمان بەخشیوە و پەرلەمان-یش متمانەی بەم وەزیرە و كابینەكەیشیان داوە) و دەیتوانی لە كۆبونەوەكەدا، وەڵامی هەندێ‌ پرسیاری دیاریكراوی بدایەتەوە و پسپۆڕی پەیوەندیداری وەزارەتەكەی لەگەڵ خۆی دا ببردایە. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی دیكەی ئەندامانی لیژنەی دارایی-ش، داوای مۆڵەتی چەند رۆژێكی بكردایە، تاكو بە زانیاریی زیاتر و داتای وردەوە، بچوایەتەوە بۆ تەواوكردنی كۆبونەوە هاوبەشەكەیان، بەڵام نەرۆیشتنی سەرەتایەكی خراپە لەپەیوەندیی نێوان ئەم خولەی پەرلەمان و ئەم كابینە نوێیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×