نزیكەی 120 سەرۆك‌و جێگرو ئەندامی لیژنەكانی شارەوانیی سلێمانی لابراون

مەم بورهان قانع
  2019-08-06     915
لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا، كە "توانا كەمال" سەرۆكی ئێستای شارەوانیی سلێمانی دەستبەكاربوە، نزیكەی 120 سەرۆك و جێگر و ئەندامی لیژنەكانی سەر بە شارەوانییەكان لابراون و لیژنەی وا هەبوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەردەوامبوە، لەكاتێكدا نابێت سەرۆك و جێگر و ئەندامی هیچ لیژنەیەك بۆ ماوەی شەش مانگ بە هەمان ستافەوە بەردەوام ببێت. سەرەڕای لابردنی نزیكەی 50 سەرۆك و جێگری بەشەكان لە پۆستەكانیان.

لە بەدواداچونێكمدا وەكو پەرلەمانتار بۆ چەند پرسێكی سەر بە شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ (6/ 8/ 2019)، سەردانی "توانا كەمال" سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی-م كرد و بۆ ماوەی نزیكەی كاتژمێر و نیوێك پێكەوە كۆبوینەوە و وەڵامی بەشێكی زۆری پرسیارە كەڵەكەبوەكانمی لەسەر زەوییەكانی سەر بە شارەوانیی و موڵكی گشتیی و رێگریكردن لە زیادەرۆییەكان، دایەوە.

لە كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، زانیاریی بە كەڵكی دەربارەی ئیش و كارەكانیان خستە بەردەمم، كە بۆ داهاتو درێژە بە بەدواداچونەكانم لەبارەیانەوە دەدەم، سەرەڕای ئەوەی باسی سەدان دۆنم زەوییمان كرد، كە موڵكی دەوڵەتن و نابێت لە رێی "دەڵاڵ"ەوە و لەرێی "بەرتیل" و بە رێگای نایاسایی، كڕین و فرۆشتنیان پێوە بكرێت و وەكو بیرە نەوت لە شارەوانییەكان بڕوانرێت.

دەربارەی رێگریكردنیش لە "زیادەرۆیی"، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، باسی لە دو میكانیزم كرد؛ كە بە تەواوی رێگریی لە "زیادەرۆیی" و تەشەنەسەندن و دواجار نەهێشتنی دەكرێت، ئەوانیش: زەرورەتی دروستكردنی هێزێكی سەر بە شارەوانییە بۆ نەهێشتنی زیادەرۆییەكان، سەرەڕای ئەوەی دەبێت دادگاكان بە تەواوی بەند و بڕگەكانی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018ی تایبەت بە "زیادەرۆیی" جێبەجێبكەن، كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوە و میكانیزمێكی دیكەی رێگریكردن لە "زیادەرۆیی"، لەرێی رێگریكردنەوە دەبێت لەو "دەڵاڵ"انەی بە پارە و بەرتیل مامەڵەی نایاسایی رادەپەڕێنن و بۆ ئەمەیش دەبێت پەرلەمان و داواكاری گشتیی و دادگا و چاودێری دارایی و هێزەكانی ئاسایش، هاوكاری سەرخستنی ئەو هەوڵانەیان ببن، كە دەیگرنەبەر بۆ رێگریكردن لەم كارە نایاساییە.

هەر لەم سەردانەدا، سەرۆكی شارەوانیی وەڵامی چەند پرسیارێكمی دایەوە، كە تایبەتبون بە بەشێكی ئەو موڵك و ماڵانەی دەوڵەت، كە لە ئەگەری خراپ مامەڵەكردن و ئەنجامدانی گرێبەستدا، كە بەرژەوەندیی گشتیی-یان تێدا نەبوە، پێویستە "داواكاری گشتیی" و "دەستەی دەستپاكیی هەرێم" و "چاودێریی دارایی"یان لێئاگاداربكرێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران چاوكراوەتربن بۆ چاودێریكردن و بەرگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و چاودێریكردنی حكومەت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×