نامەیەك بۆ چراخان رەفیق

مەم بورهان قانع
  2019-05-26     1661

پێویستە پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنێكی تایبەت تەرخانبكات بۆ ئەو نامەیەی "چراخان رەفیق"، هاوسەری پێشوی "ئاشتی هەورامیی"، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، كە ئاڕاستەی مەسعود بارزانیی و رایگشتیی كوردستانی كردوە (دەبو نامەكەی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان-یش بكردایە... )، بەڵام ئەمەیش كێشە نییە. 

بەوپێیەی "چراخان رەفیق"، ماوەیەك هاوسەری "ئاشتیی هەورامیی" بوە، بێگومان لانیكەم ئاگاداری بەشێكی ژیانی هاوسەرەكەی بوە و كەم تازۆر ئاگاداری پرسی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەیشی بوە، بەوپێیەی خۆیشی دواتر بوەتە یەكێك لە ژنە سەرمایەدارەكانی كوردستان. 

لە نامەكەی دا، ئاشتیی هەورامیی و ئەوانەیشی كە لەگەڵیدان (ئەو بە باندەكەی ناویبردون)، بە بردنی سەدان ملیارد دۆلاری خەڵكی كوردستان تۆمارتباریان دەكات، كە گوایا ئەو پارەیەیان بردوەتە دەرەوەی وڵات، لەكاتێكدا دانیشتوانی ناوچەكە موحتاجی بەدەستهێنانی ژەمێك نان بوون بۆ خۆیان و منداڵەكانیان. 

هەر لەو نامەیەدا، ئەم خاتونە دەڵێت: "لە ئێستادا خەڵك ناوێرێت موعاناتی خۆی باس بكات، چونكە هەمو دەزگا حكومییەكان لەژێر دەسەڵاتی مافیاكاندان.. رۆژانە غەدر لە خەڵك دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە مافیاكان دەسەڵاتدارن و لەسەرجەم حزبەكان بڵاوبونەتەوە، ناتوانن تەنانەت بەرگریی لە مافە رەواكانی خۆشیان بكەن. من نمونەیەكی زیندوم، كە غەدرێكی زۆرم لێكراوە و لەژێر ناوی مندا، بە ملیۆنان دۆلار بەهەدەر دراوە، لەكاتێكدا من بێبەریم لە هەمو ئەو شتانەی كە لەژێر ناوی مندا دروستكراوە". 

بۆیە: 
ئەگەر قسەكانی ناو ئەم نامەیەی ئەم خاتونە راستبن و بەڵگەی حاشاهەڵنەگری پێبێت و بتوانێت راستیی تۆمەتەكانی (كە ئاڕاستەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم-ی كردوە)، بسەلمێنێت، دەبێت:

1- پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ نەبێت و لێپێچینەوەی ورد و توند لەمبارەیەوە بكات و كۆی پەرلەمانتاران (بە جیاوازیی فراكسییۆنەكانەوە)، سازش لەسەر ئەو سوێندە نەكەن، كە لەكاتی دەستبەكاربونیان دا لە پەرلەمان، خواردویانە و لەم پرسەدا پیشەییانە مامەڵە بكەن. 

2- دیسانەوە ئەگەر ئەم خاتونە توانی تۆمەتە ئاڕاستەكراوەكانی بە بەڵگە بسەلمێنێ‌، دەبێت "داواكاری گشتیی" بێدەنگ نەبێت و سكاڵای یاسایی لەدژی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بجوڵێنێت. 

هەربۆیە، وەكو ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، ئەم نامەیە ئاڕاستەی ئەم خاتونە دەكەم و دەڵێم: بۆ ئەوەی ئەم كەیسه بە بێدەنگیی تێپەڕنەبێت و پەرلەمان بخەینە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژویی و پیشەیی و یاساییەوە، داوا لە خاتو "چراخان رەفیق" دەكەم، كۆی ئەو بەڵگانەمان رادەستبكات، كە راستیی تۆمەتەكانی دەسەلمێنێت، بۆ ئەوەی لە سبەینێوە لە پەرلەمان و پاڵپشت بە "پەیڕەوی ناوخۆ"ی پەرلەمان، ئیمزای 10 پەرلەمانتاری بۆ كۆبكەمەوە، تاكو پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەتی بۆ تەرخانبكات و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم-یش بانگێشت بكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×