شەهیدەكان دەگەڕێنەوە..!!

ئه‌رسه‌لان بایز
  2020-02-28     1325

جەزائیر بە وڵاتی ملیۆن شەهید ناسراوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ سیاسیەك نیە ناوی (جەمیلە بوحیرد)+ی نەبیستبێ كە لە زیندان جۆرەها ئەشكەنجە درا. چونكە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەو شۆڕش لە پێناوی سەربەخۆییدا، فەڕەنسیەكان بە ئاگرو ئاسن وەڵامیاندانەوەو دەیان زیندان و كوشتارگەیان بۆ خەڵكە فیداكارو پێشمەرگەكانیان دامەزراندبوو. نووسەرو ئەدەبیاتی ئەو وڵاتە چ لە سەردەمی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەدا، چ لەدوای سەركەوتنی شۆڕش دەیان شیعرو پەخشان و چیرۆك و رۆمانیان لەسەر خۆڕاگری و ئازایەتی ئەو گەلە فیداكارە نووسیوەك بەڵام یەكێ لەو شاكارانە بەناوی (الشهدا‌‌و یعودون هژا الاسبوع) لە نووسینی (الگاهر الوگار) زۆر كاریتێكردم و سەرنجی ڕاكێشام، چونكە زۆر لە ئەزموونی شۆڕشی كوردستانی باشوور دەچێت. پووختەی ڕۆمانەكە بە هەندێ دەسكارییەوە:

((دوای چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانی داگیركەرە فەڕەنسیەكان شكستیان هێناو شۆڕش سەركەوت، ئیتر ئاهەنگی خۆشی سەرانسەری وڵاتی جەزائری گرتەوە. خەڵكەكە خۆشی خۆشی ئەوەیان بوو لە دەست داگیركەر ڕزگاریان بوو، ئیتر خۆیان لە ڕێگای ڕۆڵەكانی خۆیانەوە حوكمڕانی دەكرێن و ئارامی و خۆش گوزەرانی و دادپەروەری و یاسا بەرقەرار دەبێ. ئیتر بەروبومی وڵات بۆ خۆیان خەرج دەكرێت و ئاوەدانی ڕوو لە هەموو شوێنێك دەكات.. چەوسانەوەو جیاوازی نامێنێت. بەڵام بەداخەوە پاش ماوەیەك لەسەر دەسەڵات و دەسكەوتی زاتی ناكۆكی كەوتە نێوان برا شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ و ماڵە شەهیدەكان بێ ناز كەوتن. (ماندووبوون، فیداكاری، سەرماو گەرما، دوور كەوتنەوە لە ماڵ و مناڵ، زیندان و تێهەڵدان خرانە سەبەتەی بێ نرخ و فەرامۆش كران). ئیتر شەڕو ناكۆكی لە بری چەسپاندنی دیموكراتی و خزمەتگوزاری، لەبری دادپەروەری و سەروەری یاسا بوو بە ململانێی شەخسی لەسەر پۆست و ئیمتیازات)).

نووسەر بەردەوام دەبێت و دەڵێ:
(بەیانیەك زوو لەناكاو لەگەڵ شەبەقی، لە زەنگی دەرگای هەریەك لە ماڵە لێپرسراوەكانی حزب و حكومەت دەدرێت. لێپرسراوەكان بە شپرزەیی لە خەوی شیرین ڕادەپەڕن و خۆیان كۆدەكەنەوە، مەترسی ئەوەیان لەلا دروست دەبێت كە بێگومان (حتما) شتێكی خراپ ڕوویداوە. ئەگینا ئەو لە دەرگا دانە شەبەقیە لە پای چی و بۆ چیە…؟ كاتێ بە شپڕزەیی دەرگا دەكەنەوە دەبینن كۆمەڵێك شەهید لەبەر دەرگا وەستاون و هەموو بەیەك دەنگ دەڵێن ئێمە زیندوو بووینەوە. ئیتر شار دەشڵەژێ، لێپرسراوەكان سەنگەر دەگرن و بە ڕێگای هەمە جۆر فشار دەخەنە سەر لەشكری شەهیدەكان تاكو دەیان گێڕنەوە ناو گۆڕەكانیان).

#منیش نایشارمەوە دەترسم ڕۆژێك هەمان ڕووداویش لە كوردستان ڕووبدات، شەهیدەكان بە كفنی سوورەوە دەرگای هەموو ماڵە لێپرسراوە حزبی و حكومیەكان بگرن و بڵێن:
-ئێوە…! لەو ڕێبازەی ئێمە لەسەری شەهید بووین لاتان داوە. ئێوە لە خانووە قوڕەكان دوور كەوتونەتەوەو شەڕتان لەسەر دەسەڵات و دەسكەوتە. ئێوە هێندەی خەمی خۆتانە نیو هێندە خەمی میللەت و خزمەتگوزاری و دادپەروەری و سەروەری یاساتان نیە.
یان بڵێن:
-ئێمە زیندوو بووینەوە. هاتوین لە دەسەڵات و دەسکەوت بەشی خۆمان وەربگرین. ئێوە هەمووتان بەناهەق دەوڵەمەند بوون…ئەی بەشی ئێمەو مناڵەكانمان..؟؟!!!.

باشە ئەگەر شەهیدەكان هاتنەوەو ئەو پرسیارو داواكارییانەیان لە ئێمە كرد، ئێمە وەڵاممان چی بێت..؟!

ـــــــــــــــــــــــــ
+جمیلە بوحیرد:
ساڵی (1935) لە دایك بووە. ساڵی (1954) جەزائیرییەكان دژی داگیركەری فەرەنسا شۆڕشیان كرد. بەیانیان كاتێ قوتابیان ڕیز دەبوون و سروودیان دەوت. لە ژێر فشاری فەرەنسیەكان دەیانوت: (فەرەنسا دایكمانە) بەڵام (جمیلە) بە پێچەوانەی هەموو قوتابیەكان لە ڕیز هاتە دەرەوەو وتی (جەزائیر دایكمانە) بەڕێوەبەری قوتابخانە بانگی كردوو توندترین سزای دا. (جەمیلە) لە ساڵی (1954) ڕاستەوخۆ بەشداری لە خەباتی (بەرەی ڕزگاری نیشتیمانیی جەزائیركرد) بوو بە ئەڵقەی پێوەندی نێوان لێپرسراوی شۆڕش لە شاخ و لێپرسراوی ڕێكخستنە نهێنیەكان لە شار. فەرەنسیەكان بە وردی چاودێرییان كرد تاكو ڕۆژێك تەقەیان لێكردو برینداریان كرد. دواتر حوكمی لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپاند. دنیا بۆ پشتیوانی هاتنە سەر خەت و فەرەنسایان ناچاركرد حوكمەكەی بە حوكمی تاهەتایی بگۆڕن. دوای چەندین ساڵ لە زیندان و ئەشكەنجەدان، لە دوای ڕزگار بوونی جەزائیر ئازاد كرا
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×