کێ خاوەنی نەوتی هەرێمە؟
د. یوسف محەمەد سادق
2020-11-13   505
ئەوەی لە بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 12/ 11/ 2020 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روی دا، سەرباری تاڵ بونی، بەڵام چاوەڕوانکراو بو. هەڵبەت پەنا بردن بۆ بنەمای زۆرینە و کەمینە بۆ بابەتێکی وا گرنگ کە پەیوەندیی بە قوت و موچەی خەڵکەوە هەیە، دژ بە بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراقە و پێویستە هەڵوەستەی جدیی لەسەر بکرێت. هەر ئەو شەوەش روبەڕو بە سەرۆکی کوتلە شیعەکانمان وت کە پەنا بردن بۆ پێودانگی زۆرنە و کەمینە لە بابەتی وا گرنگ لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، قەبوڵکراو نییە. لەم روەوە مەسەلەی دروست نەکردنی ئەنجومەنی فیدراڵ یەکێکە لە کەموکورتییەکانی دەستور و سیستمی حوکمڕانیی ئێستای عێراق.
بەڵام ناکرێت ئەوە نادیدە بگرین کە کوتلەکانی تری ئەنجومەنی نوێنەران لە دۆخێکی قورسدان. لە کاتێکدا کە عێراق وا پێدەنێتە ساڵی هەڵبژاردنەوە، هەمو سازش و جوڵە و هەڵوێستێک کاریگەریی لەسەر پێگە و رۆڵی داهاتویان دەبێت. بەتایبەت لە پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە هیچ کات پابەند نەبوە بەو ڕێکەوتننانەی کە لەگەڵ بەغدا واژۆی کردوە. هەر بۆ نمونە دوا رێکەوتن لەگەڵ کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم لە بەرامبەر ئیدارەی هاوبەشی دەروازە سنورییەکان و تەسلیم کردنی نیوەی داهاتی ئەم دەروازانە.
ئەو شەوە و تا بەیانیش زۆر پێشنیار ئاڵوگۆڕ کران کە هەندێکیان لە قازانجی خەڵکی کوردستان بون. هەر بۆ نمونە لە دوا کۆبونەوە کە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیان بەئامادە بونی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئۆفیسی جارانی هاوپەیمانیی کوردستانی ئەنجام درا، کوتلە شیعەکان دوپاتی پێشنیارێکیان کردەوە کە هەرێم سەرجەم نەوتەکەی لەڕێی سۆمۆوە هەناردە بکات و نیوەی داهاتی ناوخۆیی بداتە بەغدا، لەبەرامبەردا حکومەتی ئیتیحادی سەرجەم بەشە بودجەی هەرێم بە موچە و بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان و تێچوی کۆمپانیاکانی نەوتیش لە ئەستۆ بگرێت. هەروەها سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیاری کرد بو کە لەبەرامبەر ناردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەڕێی سۆمۆ و نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، بەغدا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
هەمو کوتلە کوردستانییەکان بە بەشێکی برادەرانی فراکسیۆنی پارتیش ئەم پێشنیارانەمان پێ باش بو، بەڵام نەماندەتوانی بڕیار بدەین، چونکە ئەم پێشنیارانە هەموی مەرجدار بون بە هەناردەکردنی هەمو یان بەشێکی نەوتی هەرێم لەڕێی سۆمۆوە کە ئێمە نەمانئەتوانی دەستەبەری ئەوە بکەین. هەر بۆیەش بەندە تەنها لەو کۆتا دانیشتنەی کە لەسەرەوە ئامەژەم پێدا بەشداریم کرد.
بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کێ خاوەنی نەوتی هەرێمە و ئەتوانێ بڕیاری لەسەر بدات؟ ئایا هەرێم خۆی خاوەنی نەوتی خۆیەتی یان دەوڵەتی تورکیا و بە دیاریکراویش رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرکۆماری تورکیا خاوەنی بڕیاری کۆتاییە لەسەر چارەنوسی نەوتی هەرێم؟ بۆچی هەر بەرەوپێشچونێک لە دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا دێتە کایەوە راستەوخۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەتی نێچیروان بەرزانی و مەسرور بەرزانی، خۆیان دەگەیەننە ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ!؟ بۆ دەیان جاری تریش هەر ئەبێ بپرسین ناوەڕۆکی رێکەوتنی پەنجا ساڵە چیی تێدایە!؟
لەناو هەرێمی کوردستانیش پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کێ خاوەنی نەوت و گازی هەرێمە؟ خەڵکی کوردستان یان پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدیاریکراویش بنەماڵەی بەرزانی خاوەنی قسەی کۆتایین لە مەلەفی نەوت و گازی هەرێم و ئەوانی تریش بەرماوەیەکیان بەش ئەدرێت؟ داخۆ بۆ نمونە پەرلەمانی هەرێم ئەتوانێ بڕیار بدات کە نەوت لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشرێت و، ئەگەر بڕیاری دا جێبەجێ ئەکرێت؟ ئایا شتێک ماوە بە ناوی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گاز؟ بۆچی سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەکان دروست ناکرێت کە پێنج ساڵە یاساکەی بۆ دەرچوە؟ بۆچی وەزیری سامانە سروشتییەکان دانانرێ؟ ئایا ئەکرێ کارناسێکی بێلایەن یان لە لایەنێکی تر جگە لە پارتی مەلەفی نەوتی هەرێمی لەدەست بێ؟ بۆچی دەسەڵاتی هەرێم دوای ئەو هەمو شکستە ناتوانێ دەستبەرداری ئاشتی هەورامی ببێ؟ بۆچی لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئیدیعای ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی بندیوار و خانەنشینی نایاسایی ئەکەن، مەسرور بارزانی بەشێوەیەکی نایاسایی بە هەر سێ فەرمانی (4، 9، 12) کە دواهەمیان نهێنییە و بەدەر لەیاسا بە زمانی ئینگلیزییە و ڕۆژنامەی فەرمیش بڵاونەکراوەتەوە، پۆستێک بەناوی یاریدەدەر بۆ ئاشتی هەورامی دادەتاشێ و کۆمەڵێکی زۆر دەسەڵاتی لەدەرەوەی یاسا پێئەدات کە لە دەسەڵاتی وەزیریش زیاترن!؟ ئیتر با پرسیارە بێوەڵامەکان لەسەر شەفافییەتی پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت و گاز و ناڕونیی داهاتەکەی هەر بمێنێ.
ئەمە پرسە سەرەکییەکەیە کە تاکەی مەلەفی نەوت و گازی هەرێم بە سیستەماتیک و نیشتیمانی ناکرێت؟ ئیتر بەسیەتی لەباتی شیوەنی ناڕاستی نەتەوەیی فەرمون دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی سەرو بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی دروست بکەن. چیتر چارەنوسی قوت و موچەی خەڵک مەکەنە بارمتەی درێژەدان بە سیاسەتە هەڵەکانتان و بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکانتان. عێراق بە گۆڕانکاریی گەورەدا تێپەڕێت کەچی ئێوە هەر لەسەر هەمان عەقلییەتی جارانی خۆتانن!