سیاسەت وەک ئاوێنەیەکی شکاو
پێشەوا چۆمانی
2019-07-12   836
هەگیز سیاسەت ناتوانێت وێنەیەکی جوانی خۆیمان نیشان بدات تاکو پاک نەکرێتەوە لەو زمانە پیس و دزێوەی ئێمە رۆژانە لە بەیاننامەو کۆڕو کۆبوونەوەکان دەیانبینین و دەیان خوێنینەوە.
ئەوەی ئەم سیاسیانە رۆژانە بەرامبەر یەکتری دەیڵێن لەڕاستیدا رەخنەکردنی یەکتری نییە، بەڵکو بێڕێزی کردن و پیشاندانی حەقیقەتی ئاستی سەقافەی سیاسیانە.
باشترین شوێن بۆ هەستکردن بەو وێنە شێواوو پیسەی دونیای سیاسی ئێمە زمانی قسەکردنیانە لەگەڵ یەکتردا، ئینجا لە ڕێگەی بەیاننامەوە بێت یان کۆبونەوە جەماوەریەکان.
هیچ نوخبەیەک لە کوردستان بەقەد نوخبەی سیاسی کوردی ئیشی بەزمانێکی ناشیرین نەبوە، ئەو زمانەی سیاسیەکان لەگەڵ یەکتردا قسەی پێ دەکەن خراپترین و شەڕانگێزترین ئاستی زمان بوە تاکو ئێستا.
کێشەگەورەکە تاکو ئێرە بەتەنها لەوەدا نییە ئەم زمانی قسەکردنە لە نێو بەیاننامەو کۆڕو کۆبوونەوەکاندا وەستابێت و کۆمەڵگا پێی ئاشنانەبوبێ، بەڵکو هەمان ئەو زمانەی سیاسیەکان لەگەڵ یەکتردا قسەی پێدەکەن بۆتە زمانی کۆمەڵگای حزبی و جەماوەرەکانیشیان کە دچیتە سۆشیال مێدیا ئەوکات ئەم بارودۆخە دەبینیت دونیای سیاسی لە باشوری کورستان چی بەرهەم هێناوە.
دەمەوێت سەرنجتان بۆ مەڕاسیمی سوێندخواردنی سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رابکێشم کە نزیکترین نمونەیە لێمانەوەو بەبڕوای من سەرنجڕاکێشترین شت تێیدا دەنگ پێنەدانی پانزە ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکڕاتی کوردستانە بە بەبڕێز قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆک وەزیران.
لەماوەی رابردودا قوباد تاڵەبانی بەکردەوە سەلماندویەتی لەهەر بارودۆخێکدا نێوانی یەکێتی و پارتی تێک بچێت، ئەوا زەرەرمەندی یەکەم ئەم دوو هێزە خۆیان نین بەڵکو خەڵکە، بۆیە زۆر جار ڕەنگە سازشی لەزۆرشت کردبێت یان خواستی زۆرێک لە سیاسیەکانی ناو حزبەکەی بەلاوەنابێت لەپێناو بارودۆخێکی ئارام، یەکەم هەڵوێستی بەرپرسیارانەی قوباد تاڵەبانیم لەساتەوەختێکدا لەبیرە کاتێک داعش گەیشتە بەردەرگای هەولێر لەبەیاننامەیەکی بەپەلەدا رایگەیاند هەولێر ئارامە! کە لەڕاستیدا ئەو شەوە هەولێر نائارامترین شارو لەبەردەم داگیرکاری مەترسیدارترین هێزی تاریک پەرستیدابوو.
من دەزانم ئەدەبیاتی سیاسی ئەم بەڕێزە هێندەی باوەڕی بە زمانێکی نەرمە بۆ قسەکردن هێندە باوەڕی بە زمانی زبر نییە، هێندەی باوەڕی بە دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە هێندە باوەڕی بە لێکترازان و تۆران نییە.
هەموو ئەو بارودۆخەی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی رەنگە پێچەوانەی خواستی تاڵەبانی کوڕ بوبێت، بۆیە لە بەیاننامەکدا بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات ئەم دۆخە تێپەڕێنن و ئەم جەژنە بکەنە دەرفەتێک بۆ پێکهاتن و تێپەڕاندنی تارمایی لێکترازان.
هیچ هێزێک وەک پارتی حکومەتی بەکار نەهێناوە بۆ کاروباری حزب و حزبایەتیکردن، لەوەشیاندا رەنگە زۆرترین گلەیی هاتبێتەوە سەر قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆک وەزیران کە هێندەی حکومەت داری کردوە هێندەی ئاگایی بەلای حکومەتدایە هێندە ئاگای لە حزبەکەی نییە.
من هەرگیز باوەڕم بە ململانێی سیاسی نا عەقڵانی نییە، بەڵام زۆر باوەڕم بە بیرو بۆچون و فیکری جیاواز هەیە، هەرگیز باوەڕم بە پیسکردنی ژینگەی سیاسی نییە لە ڕێگەی زمانەوە بە جنێوو یەکتر بچوککردنەوەو یەکتر شکاندن، بەڵام باوەڕیشم بەبێدەنگی و ڕازی بوون نییە، قوباد تاڵەبانی زۆر شتیکرد، بەڵام لەبەرامبەریدا پارتی حزبێکی سەلامەت دەرنەچوو، ئینجا من ناڵێم با قوباد تاڵەبانی تۆڵەبکاتەوە، بەڵام دەڵێم با ئامادەبێت.
چوارساڵی داهاتووی حکومەتی هەرێم چوار ساڵی تەواو جیاوازو پڕ ململانێ دەبێت بەجیاواز لەگەڵ هەموو کابینەکانی تر، وتاری سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم هێندەی وتارێکی ئەمنی و پڕ هەڕەشەبوو هێندە وتارێک نەبوو کارنامەی پێکهێنانی حکومەت لەخۆبگرێت، ئەوانەیشی بە کارنامەکەو ناوەڕۆکەکەی سەرسامی خۆیان دەربڕی، لەداهاتووش خۆیان لەهەموو ئەگەرێک نەبان دەکەن و بۆهیچ ئەگەرێک ئامادەنین، ئامادەیی بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو ئەوەنییە بڵێین هەڕەشە بە هەڕەشە وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام بائەوەش نەبێت کە دەڵێ:ئەوەی کێشای بەلای راستت لای چەپیشی بۆ راگرە.