پێویسته‌ سیاسییه‌كان‌و ڕاگه‌یاندنه‌كانی كورد ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ له‌باره‌ی ئه‌مریكاو هێرشی ئه‌ردۆگانه‌وه‌ بزانن!

شه‌ریف عەلی
  2019-10-18     943
--
له‌ زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی هه‌مو حیزبه‌كانی كوردستانه‌وه‌، سیاسییه‌كان و پێشكه‌شكاری هه‌واڵه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسه‌كان هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن: ((ئه‌مریكا هێزه‌كانی خۆی كشانده‌وه و كورد وای به‌سه‌ر هات‌)).
به‌ڕێزان شتی وا نییه‌. تایبه‌تمه‌نی داگیركاریی ئه‌مریكیی ئه‌وه‌یه‌: ((ڕۆشته‌ هه‌ر خاكێكه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ لێی بكشێته‌وه‌. تا ئێستاش كه‌ نزیك به‌ هه‌شتا ساڵه‌، ئه‌مریكا هێزه‌كانی له‌ ئه‌ڵمانیا و كۆریای باشور و هتد هێشتۆته‌وه))‌.
ئه‌م تێرمه‌ به‌كاربهێنن ڕاسستره‌: ((ئه‌مریكا به‌ ته‌كتیكیی له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌ و كوردانی خۆراوای كوردستان بوو)). 
ئه‌گینا ئێستا و داهاتووش گه‌ر به‌ یه‌ك سه‌ربازیش بێت ئه‌مریكا ئه‌سته‌مه‌ له‌ سوریا و عێراق و كه‌نداو بكشێته‌وه‌. چونكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی خۆی له‌م ناوچانه‌دایه‌، نه‌ك له‌به‌ر چاوی كاڵی كورد هاتبێت!
-
هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌شتان له‌ یاد نه‌چێت، تایبه‌تمه‌ندی داگیركاریی توركییش سوودی له‌ داگیركاریی ئه‌مریكیی وه‌رگرتووه‌ كه‌ ڕۆشته‌ هه‌ر خاكێكه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ لێی بكشێته‌وه‌.
به‌ڵام داگیركاریی توركیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش لێی ناكشێته‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تریشی ئه‌وه‌یه‌: هه‌میشه‌ هه‌وڵی پاكتاوی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ ئه‌دات كه‌ خاكه‌كه‌ی داگیركردووه‌.

كه‌وابو، بزانن مه‌سه‌له‌ی خۆراوای كوردستان ڕێكه‌وتنی نهێنیی نێوان (توركیا و ڕوسیا و ئێران) بوو له‌ مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵ له‌ توركیادا. من له‌ هه‌مان ڕۆژ به‌بابه‌ت داوام كرد سه‌ركردایه‌تیی كورد بكه‌ونه‌خۆ، به‌ڵام گوێیان به‌و ڕێكه‌وتنه‌ نه‌دا تا هێرشه‌كانی ئه‌ردۆگان ده‌ستی پێ كرد. ئێستاش سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌ ڕووی دبلۆماسییه‌وه‌ وه‌ك پێویست نین. ئه‌وه‌بوو دواتر ئه‌ردۆگان هه‌ستا ترامپی له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئاگاداركردووه‌. چونكه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ توركیا هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئه‌مریكایه‌. توركیا له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، ئه‌مریكاش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌و شوێنه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ هاوپه‌یمانی ستراتیژین! ئه‌مریكا له‌ ڕێی توركیاوه‌ هه‌میشه‌ ئاگاداری كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان (ئه‌ردۆگان و پۆتین و ڕۆحانی)یه‌.
هه‌ربۆشه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌سه‌دیش پشتی په‌یه‌ده‌ی به‌رداوه‌. چونكه‌ خاوه‌نه‌كانی ئه‌سه‌د كه‌ (پۆتین و ڕۆحانی)ین، خۆیان بۆ ئه‌ردۆگانیان ئیمزا كردووه‌ كه‌ 33 كیلۆمه‌تر بچێته‌ناوه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زیاتریش په‌ل نه‌هاوێت!
-
له‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌: گریمان توركیا هه‌ر به‌ خۆراوای كوردستانه‌وه‌ كۆڵ ده‌دات، ئه‌وكات ده‌بێت سیاسییه‌كانی كورد له‌ ئێستاوه‌ له‌م فاكتانه‌ی خواره‌وه‌ بكۆڵنه‌وه‌:- 
یه‌كه‌م: كاریگه‌ری ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ خۆراوای كوردستان له‌ ڕووی سیاسیی-ستراتیژییه‌وه‌ بۆ سه‌ر باشوری كوردستان چۆن ده‌بێت!؟
دووه‌م: كاریگه‌ری ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ خۆراوای كوردستان له‌ ڕووی ئابوری-ستراتیژییه‌وه‌ بۆ سه‌ر باشوری كوردستان چۆن ده‌بێت!؟
سێیه‌م: كاریگه‌ری ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر خۆراوای كوردستان له‌سه‌ر جێگیریی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئۆقره‌یی دانیشتوان) له‌ باشوری كوردستان چۆن ده‌بێت!؟
چواره‌م: كاریگه‌ری ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر خۆراوای كوردستان كام ئاكام له‌سه‌ر دبلۆماسییه‌تی هه‌رێمیی كوردستان داده‌نێ و، ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی دبلۆماسییه‌وه‌ چی بكات!؟
پێنجه‌م: ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر خۆراوای كوردستان كاریگه‌ری ستراتیژی له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی (ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی) باشوری كوردستان چۆن ده‌بێت، ئه‌ی ڕێگا نیمچه‌-چاره‌سه‌ره‌كان بۆی له‌ ڕووی لۆژیكی سیاسییه‌وه‌ كامه‌نه‌ن!؟
-
با نموونه‌یه‌ك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌تان بۆ شی بكه‌مه‌وه‌، له‌ ڕووی ستراتیژی ئابورییه‌وه‌، ئایا توركیا ئه‌توانێت بگاته‌ سنورێك ده‌لاقه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق دا بكاته‌وه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل دابنێت كه‌ پڕ-داهاتترین گومرگی هه‌رێمه‌ (كه‌ پارتیی زۆرینه‌ی پاره‌كه‌ی ئه‌بات!)؟ ئایا به‌ داگیركردنی ڕێگا ستراتیژییه‌كان كه‌ خۆراوای كوردستان به‌ باشوری كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه‌و ئه‌ردۆگان ئیتر نه‌وته‌كه‌شی ببات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی كوردستان چۆن ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی ئه‌و په‌یوه‌ندییه بازرگانیانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ نێوان خۆراوای كوردستان و باشوری كوردستان دا هه‌بوو!؟‌ 
-
په‌یوه‌ست به‌م هێرشه‌ی توركیا سێ مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌ نامه‌وێت له‌ ئێستادا باسی بكه‌م. به‌ڵام جیا له‌و سێ مه‌سه‌له‌یه‌ش ئه‌بێت ئه‌گه‌ری هاتنی سوپای توركیا له‌ ستراتیژدا بۆ سه‌ر چیای شنگال (كه‌ ستراتیژیترین لوتكه‌ی كوردستان و عێراق)ه‌، شه‌ن و كه‌و بكرێ! هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك پێشتر له‌ بابه‌تێكدا نووسیوومه‌: ((توركیا ناتوانێت بێته‌ هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌. چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا ئه‌وه‌ ناخوازێت. واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌به‌ر چاوی كاڵی كورد نییه‌، مه‌سه‌له‌كه‌‌ شتی تر و هاوكێشه‌ی تره‌!)).
-
كۆتا په‌ڕه‌گرافیشم ئه‌وه‌یه‌: ((ترامپ كه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت ئیتر له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكشێینه‌وه))، ئه‌وه‌‌ ته‌نیا پڕوپاگه‌نده‌یه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو. چونكه‌ به‌شێكی جه‌ماوه‌ری ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ناردنی سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئه‌مریكا نییه‌. ئه‌گینا دڵنیاتان ئه‌كه‌مه‌وه‌، كه‌: ((ئه‌مریكا تا هه‌تایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌مێنێته‌وه‌و، ئه‌وه‌تانێ سێ هه‌زار سه‌ربازی تر بۆ سعودییه‌ ده‌نێرێت)). كه‌وابو، گرنگترین پرس ئه‌وه‌یه‌: چۆن و به‌ كام میكانیزمانه‌ ئه‌توانرێت دبلۆماسییه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد له‌ ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی دا بكرێته‌ لینكی ستراتیژیی!؟
--
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له‌ دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×