پەیامێ بۆ بنەماڵەکانی بارزانی، تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی نانەکەی بارزانی!

شه‌ریف عەلی
  2025-03-05     470

لە چەند ڕۆژی ڕابردو، مەسعود بارزانیی پرۆژەی نانی ملیۆنیی، هاوتای پرۆژەی خانوی ملیۆنیی، ڕاگەیاند.

 

ئەمە بوەهۆی ئەوەی چالاکوان و ڕۆژنامەناسانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە دەزگای زانیاری یەکێتیین کە خۆیان بە [سەربەخۆ و بێلایەن لای خەڵکی کاڵفام نیشان دەدەن] و، ئەوانەشی سەر گروپی لاهور و نەوەی نوێن، هەڵمەتێکی جنێو دژی مەسعود ڕابگەیەنن. کە ئەمانەم دی، ئەوکات بۆ سەدانجار بۆم سەلمایەوە کە: هوشیاری سیاسیی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی کورد؛ لاوازە. چونکە ئەم پرۆژە ملیۆن-نانەی مەسعود دەبێت لە ڕوی [سیاسی]یەوە شیبکرێتەوە. نەک جنێو و شتی وا، یاخود هێنانی فەلسەفەی دیکارت و بیری ڕەخنەیی مارکۆزە!!

 

ئاشکرایە، هەمیشە هەوڵم داوە مەسەلەکان لە ڕوی سیاسییەوە هەڵسەنگێنم. بۆیەشە پێمخۆشە کە مەسعود بارزانیی پرۆژەی نانی ملیۆنیی ڕاگەیاندوە، چونکە ئەمە دەیسەلمێنێ کە: دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی خۆسەپێنەری بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد لە خوار هێڵی هەژارییەوەن!! 

ئینجا لە ڕەمەزانی پیرۆزیش ئەم پرۆژە [ستراتیژییە!!!!!]ی ڕاگەیاندوە، بۆ ئەوەی لە ڕوی ئاینیشەوە سۆزی خەڵکەکە ڕابکێشێت.

 

واتە: لە کۆمەڵگایەک پرۆژەی نان دەکرێتە ڕۆژەف و پێویستیی ڕۆژ، کە: دانیشتوانەکەی لەوپەڕی هەژاریی دابن بەهۆی دەسەڵاتەکەیەوە.

 

هەمیشە پێمخۆشە بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد لەم جۆرە هەڵەیە سەدبارە دەکەنەوە، چونکە خۆیان بەم ڕێگایانە گوزارشت لەوە دەکەن کە هاوڵاتیانیان هێناوەتە چ ئاستێکی کولەمەرگییەوەو، ئەو پەیامەش بە دنیا دەدەن کە دانیشتوان بەهۆی دەسەڵاتی ئەوانەوە بە نانێنک موحتاجن!

 

له ناو ئەو گەلانەی کە سەرکردەکانیان پەرۆشی نەتەوەکانیانن، سەرکردەکانیان سواڵدەکەن هەتا پرۆژەی [خانو]ی ملیۆنیی بۆ هاوڵاتیانیان بەبێ جیاوازی، ڕابگەیەنن. لە ناو کوردیش کە بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد ڕۆژانە بە بردنی نەوتی قاچاخی هەرێم بازرگانیی ملیۆنان تەن دۆلار دەکەن! فڕۆکەو کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەکڕن، کەشتی بازرگانیان لە کەنداو هەیە، سەدان مۆڵ و هۆتێل و بازاڕیان لە سلێمانیی، هەولێر و دەرەوە هەیە، کەچی پرۆژەی نانی ملیۆنیی ڕادەگەیەنن!

 

مەسعود بارزانیی ناشیەوێت: باشوری کوردستان ببێتەوە بە یەک پارچەو، دەسەڵاتی یەکێتیی کە گروپێکی نزی؛ لەسوپای پاسداران بون؛ بڕوخێنێت. جا ئێستا کە ئێران لە داڕوخاندایە: یەکێتیی و پەکەکەش بایانداوەتەوە بەلای پارتیی-دەوڵەتیی تورک دا. چونکە مێژوی یەکێتیی و پەکەکەش دەیسەلمێنێ بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی داگیرکەریان لە پشت بێ؛ ناژین و لەناو دەچن!

 

ڕونە، بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد ملیۆنان ترلیۆن تەن دۆلاری میللەتیان بردوەو، ڕۆژانەش هەر دەیبەن. پەیامی من بۆ بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد لەم بابەتەم دا زۆر کورتەو ئەمەیە: "هیچ نەبێت بڕۆن لێکۆڵینەوە بکەن بزانن بۆچی ئەو هەموە منداڵە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە تا پانزە ساڵیی لەسەر جادەکان بە سەرماوگەرما شت دەفرۆشن! ئەگەر خێزانەکانیان هەژاربون ئەوا لەو زەریا دۆلارەی کە ڕۆژانە لە نەوت و بازرگانیی قاچاخ دەیدزن: دڵۆپێک بە خێزانەکانیان بدەن و ڕێگا لەوە بگرن کە مناڵی چوار ساڵ تا پانزە ساڵ لەسەر جادەکان شت بفرۆشن. خۆ ئەگەر خێزانەکانیان بژێویان مامناوەندە، بەڵام لە ئەنجامیی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری دزوگەندەڵیی ئێوەوە فێربون کە بازرگانیی بە مناڵەکانیانەوە لەسەر جادەکان بکەن؛ ئەوا ڕێیان لێبگرن".

 

مەبەستم لەم پەیامە کورتەی ئەم دێڕەی سەرەوەم چییە؟

 مەبەستم ئەوەیە: ئەگەر بنەماڵە خۆسەپێنەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد مەبەستیان بێ کە تۆزقاڵێک دڵسۆزی نەتەوەی مەزنی کورد و پیرۆزترین خاک کە کوردستانە، ببن، ئەوا؛ دەیان پلانی ئاسانی وەک ئەوەی ڕێگاگرتن لەوەی کە مناڵانی چوار ساڵ تا پانزە ساڵ کە لەسەر جادەکان بازرگانیان پێوە نەکرێت، هەیە.

 

پەیامیشم بۆ نەتەوەی مەزنی کورد لە باشوری کوردستان، هەر پەیامی نوسینە ستراتیژبینینەکەی ساڵی ٢٠١٢ ەمە. کە پارتیی و یەکتیی وەک دو پارچە گۆشتی گەنیو وان. ئیتر بۆ بەکارهێنان نابن و پێویستە فڕێ بدرێن. هەرگیز لە سلێمانییەوە پارتیی ناڕوخێ و، لە هەولێریشەوە هەرگیز یەکێتیی ناڕوخێ. بەڵکو ئەرکی دانیشتوانی هەر زۆنێکە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی بڕوخێنێت و، خۆی ڕزگار بکات. ئاسانترینیشیان ڕوخانی دەسەڵاتی ستەمکار قەبیلەیی یەکێتییە لەلایەن دانیشتوانی مەزنی زۆنی یەکێتییەوە.

 

ڕونە لە ٢٠٠١ ەوە بابەت دەنوسم و لە ٢٠٠٨ یشەوە کتێبەکانم لە پێناو دڵسۆزییم بۆ نەتەوەکەم چاپ دەکەم. واتە: چەند مانگێکی تر تا دەگاتە ساڵی ٢٠٢٦، دەکاتە: چارەکە سەدەیەک لە تەمەنی نوسینەکانی من. بەڕێزان ماندوبونی چارەکە سەدەیەک لە نوسینی بەردەوام: بەدەم ئاسانە! زۆر ستەمم لێکرا لە پێناو دڵسۆزیم بۆ نەتەوەکەم و پاکێتیی ناسیۆنالیست بونم. هەتا ئاستی ئەوەی زەویشیان پێنەدام. بەڵام وەڵاهی ڕۆحم تەواو ئاسودەیەو. شەوانە کە دەخەوم وا دەزانم دنیا هی منە: چونکە ئەوەی توانیم لە پێناو نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی نوسیم و، یەک دینارم قبوڵ نەکرد و یەک پۆستم وەرنەگرت کە غەدر بکەم لە خوێنی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت خوێنی شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوەکان. 

 

من نەک مامۆستای زانکۆ، بگرە ئەگەر لەلا کۆڵانێک [بەنانی حەڵاڵ] پێڵاو بۆیاخ بکەم، یان درەو بکەم، یاخود گەڵادار بخۆم: هەر ڕۆحم ئاسودەیەو خۆش ئەژیم، چونکە بەپاکیی نەتەوەو نیشتیمانەکەمم خۆشەوێت. ئەو سەرکردانەی کوردیش کە خۆیان و مناڵەکانیان بلیۆنان دۆلاری قوتی خەڵکیان دزی و دەدزن و پرۆکسی داگیرکەرانی ئیمپریالیستی تورک و فارس و عەرەبن: هەمیشە ڕۆحیان نائاسودەیەو، بێزارن لە خۆیان و، دونیابینیان نییەو، بە بچوکییش دەمرن!

 

نەتەوەی کورد: میللەتێکی مەزنە کە خاوەن دەوڵەمەنترین کلتور و، پیرۆزترین خاکە، کە: کوردستانە! بۆیە هەر هەڵدەستێتەوە، هەر دەسەڵاتدارانی ستەمکار قەبیلەیی کورد لادەبا و، هەر ئیمپریالیزمەکانی داگیرکەری کوردستانیش کە تورک، فارس و عەرەبن لەسەر پارچەکانی کوردستانی پیرۆز؛ بۆ هەمیشە ڕادەماڵێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×