هەندێک لە ڕۆژنامەنوسانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی ئەمریکای کەناڵی ڕوداوی پارتیی، هاتون باس لە هەڵەی "ئاخاوتن"ی دبلۆماسیی زلنسکی دەکەن، کە گوایە زلنسکی بەو شێوازە ئاخاوتنە ترەمپ و جێگرەکەی توڕە کردوە.
لەڕاستیی دا، ئەوە بیانوگرتنەو. پرسەکە فڕی بەسەر هەڵەی دبلۆماسیی و ئاخاوتنی زلنسکییەوە نییەو، ترەمپ و جێگرەکەی بە قەستی "بیانو"یان بە زلنسکی دەگرت! بەڵکو مەسەلەکە سیاسیی-ستراتیژییەو، پەیوەندی بە ستراتیژی لێکنزیکبونەوەی چاوچنۆکیی ئەمریکاو ڕوسیاوە هەیە.
دانوستانە نهێنییەکانی ئەمریکاو ڕوسیا بۆ دابەشکردنەوەی کێکی جیهان بەردەوامیی هەیە.
ڕوسیا دەیەوێت لە بەرانبەر ئەوەی لە خاکی ئۆکرانیا داگیری کردوە؛ ڕێگا بە ئەمریکا بدات بۆ هەژمونی زیاتری جیهانیی.
ئەمریکاش هەر لە ئێستاوە ئەیەوێت ئۆکرانیا بکاتە یەکەم قۆچی قوربانیی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان خۆی و ڕوس!
ترەمپ، کە لە سیاسەت دا [حولحولی]یەو، لە بازرگانیی دا زیرەکە، بە ئاشکرا شەڕی بە زلنسکی دەفرۆشت، بۆ ئەوەی زلنسکی ڕازی ببێت بە بێ مەرج گشت کانزا بەنرخەکانی ئۆکرانیا بخاتە خزمەت ئەمریکا.
زلنسکی پیاوێکی ئازایەو، وەک سەرکردەکانی ئەم سەردەمەی کورد بەرانبەر بە داگیرکەر ترسنۆک نییەو، وڵاتەکەشی شەڕ و بەرگری باشی کرد.
ڕاستە ئۆکرانیا وێران بو. بەڵام ئۆکرانیاش گورزی باشی لە ڕوسەکان دا، بەتایبەت کە ڕوسیا ستراتیژی داگیرکردنی هەمو خاکی ئۆکرانیاو بە ئیمپراتۆریەتکردنی ڕوس بو. بەڵام ڕوسیا تائێستاش نەیتوانیوە هەمو ئۆکرانیا داگیربکا و، لە ڕوی گیانیشەوە ڕوسەکانیش زۆر سەربازیان لێکوژراوەو گورزیش بەر ئابوریشیان کەوتوە.
بەهەرحاڵ، ئەگەر ئەمریکاو ڕوسیا بگەنە ڕێکەوتن: ئایا یەکێتی ئەوروپا ڕازی دەبێ و بێهەڵوێستی کرداریی دەبێ بەرانبەر بە فرۆشتنی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە ڕوسیا لەلایەن ئەمریکاوە؟ چونکە ئۆکرانیا بەشێکە لە خاکی ئەوروپا.
ئایا ڕوسیا کام وڵاتانە بە ئەمریکا دەبەخشێ؛ بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا؟
ئەی ئەگەر ئەمریکاو ڕوسیا نەگەشتنە ڕێکەوتن؛ دۆخەکە بۆ چیتر سەردەکێشێت!؟
ئەوانە پرسیاری گرنگن کە لە مەجالێک دا بابەتێکی وردی لەسەر بنوسرێ و، تەتەڵە بکرێن. چونکە مامەڵەی زلهێزان، چ بە لێکنزیکبونەوەو ڕێککەوتن، یان بە ململانێ و بەریەککەوتن: ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوداووئاڵوگۆڕەکانی هەر بەشێکی کوردستان هەیە.
تێبینی: هەندێک لە نوسەر و ڕۆژنامەنوسە بەڕێزەکانی کورد، خودی وشەی "ئۆکراین"ی ئینگلیزی لە بابەتە کوردییەکانیشیان بەکاردێنن، یان ئۆکراینا بەکاردێنن. بەڵام لەمێژە وشەی "ئۆکرانیا" لە ناو زمانی کوردی دا جێیگرتوە. ئەگەر بڕیار وایە وشەکان ڕاستەوخۆ لە ئینگلیزییەوە کۆپی بکرێنەوە، ئەی تایبەتمەندی زمانی کوردی لە کوێ دایە. ئینجا خۆ ناکرێت بۆ "ڕوسیا، چین و یابان و هتد" هەمان دەقی ئینگلیزی وەربگرینەوەو بڵێین: "ڕەشا، چاینا، جەپان و هتد". بۆیه من هەمیشە هەر "ئۆکرانیا"م بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندی "کوردێتیی" وشەکە بونی هەبێت.