خوێنەران شاهیدن لە بابەتەکانی چەند مانگی ڕابردوم لەسەر باکور، خۆراواو خۆرهەڵاتی کوردستان، نوسیم: بەبێ دیاریکردن وداننان بە [جوگرافیای هەر بەشێکی کوردستان] پرسی کورد بە دیموکراسیانە چارەسەر ناکرێ.
ئەم ڕوداوانەی کەرکوکیش دەیسەلمێنێ تێفکرینەکانم ستراتیژین بۆ چارەسەرکردنی دۆزی نەتەوەکەمان.
مام جەلال پرۆژەی لە سەدا سیی و دوی بۆ کورد، تورکمان و عەرەب لە کەرکوک ڕاگەیاند.
تاکە نوسەری کورد بوم لە دژی پرۆژەکەی مام جەلال لە کاتی خۆی دا بە بابەتی: "نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال"، هەڵوێست و تێفکرینی خۆمم خستەڕو.
من ئەوکاته خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی بوم. شاهیدم هەیە کە مامۆستایەکی قبوڵ-خاس حیزبیی لە زانکۆی سلێمانیی پێی وتم: "تۆ هێندە زیرەکی پرۆژەکەی مام جەلالت پێ هەڵەیەو پێشت فرۆشتنی کەرکوکە!؟ تۆ هێشتا لاویت! مام جەلال بەلای کەمەوە عەقڵی دو مرۆڤی لەسەرە!".
دیارە، ستراتیژبینین: تێفکرینی وردی دەوێ، نەک گەنجیی و پیریی!
چەند ساڵێکی کورت لە پاش ئەوە: سەلما تێفکرینەکەم دروست بو یان نا؟ سەلما مام جەلال دەرفەتەکەی لە دەست دا یان نا؟
خۆ ئیتر ئێستا بوەتە حەقیقەت کام تێفکرین دروست بو. تەنانەت بەردەوام تورکمان و عەرەب جەخت لە هێنانەوەی پرۆژەکەی تاڵەبانیی دەکەنەوە!!!
-
سەلما، کە مەسعود بارزانیی و نەوشیروانیش بە دروستکردنەوەی عێراقیی نوێی [دیموکراسیی!!] بەشداربون لەگەڵ مام جەلال لە لەدەستدانی کەرکوک.
کەسێک لە سیاسەت دا زیرەکە کە دەرفەت بخولقێنێ، یان بەلای کەمەوە دەرفەت بقۆزێتەوە. بەڵام سەرکردەکانی کورد بەپێچەوانەی ئەوە بون! خۆ تەمەنی سەرکردەکانی نەتەوەکانی تر کە دەرفەتیان خولقاندوەو، هەلیشیان لە دەست نەداوە، هەزار ساڵ نەبوە، بگرە تەمەنیان لە سەرکردەکانی کورد کەمتر بوە!
ئێستاش دەیڵێمەوە، وەک چەند مانگێک لەمەوبەر لەسەر ئۆجەلان و پرسی ئاشتی باکوری کوردستانم نوسی، کە: پرسی کورد لە باکور، خۆراواو خۆرهەڵاتی کوردستان چارەسەر ناکرێ، هەتا دان بە جوگرافیاوسنوری هەر یەکێک لەو بەشانە نەنرێ!
دیموکراسییەت هەمو شتێک نییە! پرسی نەتەوەیی ستراتیژیەتی دەوێ، دوربینی دەوێ!
دەکرێ ئەمڕۆ حکومەتێک لە ناوەند هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە بکات و، بەیانی یەکێکی تری تەواو پێچەوانە بێتە سەر حوکم!
پرسی کورد تەنیا پرسێکی دیموکراسیخوازانە و پۆستی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە نییە!
بەڵکو پرسی کورد: پرسی جوگرافیاو سنوری کوردستانە! هەتا سنور و جوگرافیای هەر بەشێکی کوردستان لە دەستوری هەر دەوڵەتێکی ئیمپریالیزمی تورک، فارس و عەرەب دا نەچەسپێنرێ: پرسی کورد چارەسەر ناکرێ و، تواندنەوەی میللەتی کورد بەردەوام دەبێ!