چۆن و بۆچی یەکێتیی و پارتیی بەرپرسیاری بەشێک لە کوشتنە (بە ناو سروشتییەکان)ی خەڵکن، کەیسی وریا حەمە کەریم وەک نمونە!
ڕونە یەکێتیی و پارتیی و بەشێکی هێزەکانی کوردستان، هەندێ جار ئۆتۆمبێل و ماتۆڕیان بۆ لەناوبردنی نەیارەکانیان بەکارهێناوە.
ئاشکراشە، کاتێک بەعسییەکان و ئێران کەسێکیان کردبێتە ئامانج، گوێیان بەوە نەداوە وەسیلەکانی خۆشیانی پێوە بکوژن.
بۆنمونە، کاتێک ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ هەستا بە شەهیدکردنی قاسملو، فازیل ڕەسولیشی کوشت کە لە ئێرانییەکانەوە نزیک بو، بۆ ئەوەی چۆنیەتی ئاسەواری تاوانەکە بەتەواوی بسڕێتەوە.
تەنانەت ئەگەر یەکێتییش [ڕاستەوخۆ!] ئەم کارەی لەناوبردنی وریاشی نەکردبێ، هەر یەکێتیی لە زۆنی خۆیی و، پارتییش لە زۆنەکەی، بەرپرسیاری بەشێکی ڕوداوەکانی هاتوچۆ و نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.
بۆ نمونە، دەیان ساڵە یەکێتیی جادەی دو سایدی دەربەندیخان-سلێمانیی تەواو ناکات و بەرپرسەکانیی پارەی ئەو پرۆژەیە دەدزن و، کۆمپانیاکانی ژێر دەسەڵاتەکەی بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن. بەوهۆیەوە سەدان هاوڵاتی بونەتە قوربانیی لەو ڕێگا بەرتەسکە یەک سایدە پڕچاڵوچۆڵ و هەورازونشێوەدا. تراژیدیای پشت ئەو قوربانیانە، یەکێتیی لێی بەرپرسیارە. بەڵام بەشێکی خەڵکی ئێمە تێناگەن و هەر دەڵێن: قەزاوقەدەرە!
بابە خوای گەورە عەقڵی بە مرۆڤ داوە. کاتێک دەیانجار پارەی پرۆژەیەکی دو ساید بدزیت، کەوابو: ئەو هەزاران هاوڵاتییەی لەو دەیان ساڵەدا لەوێ دەبنە قوربانیی، تۆ لێی بەرپرسیاریت! واتە: ئەو هێزەی دزییەکە ئەکات لە بەردەوامیی ئەو مەرگەساتانە بەرپرسیارە!
هەروەها کارگەکانی چیمەنتۆو نەوتی یەکێتیی-پارتیی لە نزیکی شارەکان و، قاچاخچێتیی دوگ و مریشکی بەست و داودەرمان، بوەتە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی توشی زۆرینەی جۆرەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەو پێست و گەدە ببن.
ئاشکرایە، ئەو لۆریەش کە لە وریای داوە، قاچاخ بوە، شۆفێرەکەش قاچاخچیی بوە. بەڵام ڕونە کێ ڕێی داوە بە فەرمیی؛ یەکێتیی ڕێی پێ داوە.
کەوابو ئەگەر یەکێتیی خۆی [ڕاستەوخۆ]ش ئەوکارەی نەکردبێ و، کەسەکەی تریشی لە ناو نەبردبێ بۆ ئەوەی زۆرینەی ئاسەواری تیرۆرەکە بسڕێتەوە، ئەوا گەر خوێندنەوە بۆ ڕەهەندی [ناڕاستەوخۆ]ی ئەم تراژیدیایە بکەین؛ هەر یەکێتیی لێی بەرپرسیارە. چونکە خۆی بە فەرمیی لە بازگەی خۆیەوە ڕێگای بەم بەرە قاچاخەو قاچاخچییەکە داوە کە داخڵ ببێت!
خەڵکێک هەن بەهۆی بەنزینی خراپەوە کە فیول پەمپ و ئۆتۆمبیلەکەیان گڕ دەگرێ، خێرا دەڵێن: قەزاوقەدەرە!
بڕوامان بە خوای گەورە هەیە. بەڵام ناکرێت مرۆڤ خۆی بێعەقڵ بکات. ناکرێت تۆ نەڵێیت: فڵان هێز بەرپرسیارە! چونکە بەرپرسەکانی لە پێناو سەرمایەی دزیی و قاچاخچێتیی دا بەنزینی کوالیتی خراپ داخڵ دەکات و، خەڵک ماڵوێران دەکات!
واتە: ئەگەر لە پشت هەر ڕوداوێکەوە، سەبەبکارێک هەبێت: ئەوە سەبەبکارەکە بەرپرسیارە!
یەکێتیی و پارتیی، هەر یەکەیان لە زۆنی خۆی، بەهۆی کارگەکانیان و قاچاخچێتییەکانیان و دزییەکانیان، بەرپرسیاری سەرەکین لە توشکردنی هاوڵاتیان بە کارەساتەکانی هاتوچۆو، نەخۆشییەکانی شێرپەنجەو گەدەو پێست!
فەرمو بافڵ-قوباد ئەگەر خۆتان [شەریکە بەش و سەرپەرشتیار]ی قاچاخچێتییەکانی باشماخ و پەروێزخان نین: ئەوکەسانە دەستگیر بکەن کە ئەم لۆرییە تەماتە قاچاخەیان داخڵ کردوە و وریا بوە قوربانیی. فەرمو نێچیرڤان-مەسرور ئەگەر خۆتان [شەریکە بەش و سەرپەرشتیار]ی کارگەکانی پترۆڵ نین لە نزیک هەولێر؛ لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دا بکەن کە ژینگە پیس نەکەن.
گریمان ئەم ڕوداوە سروشتیی بوە، بەڵام بافڵ گوێ لەو تۆماری هەڕەشانەی ساڵانی پێشوی یەکێتییەکان بگرە کە لە وریا حەمە کەریم تاوگۆزییان کردوە. تو ویژدانت: غیرەت لە کوێ دایە هەڕەشە لە تاقانەیەکی هەتیو بکرێ، غیرەت لە کوێ دایە کە هەڕەشە لە کاوە گەرمیانییەکان بکرێ! لەکاتێکا، ئێوەی یەکێتیی-پارتیی بە ئاشکرا قاچاخچێتیی و گەندەڵیی دەکەن. سەیرە ئیتر بۆچی پێتان تاوانە و لاتان قبوڵ نەکراوە کە تاقانەیەکی ئەنفال ڕەخنەیەکی نەتەوەپەروەرانەو لۆژیکیتان لێ بگرێت!؟