جەنگی ڕوسیا_ ئۆکرانیاو هەڵوێست و پەیمانەکانی ئەمریکا

حەمەئازاد بەرزنجی
  2022-03-07     598

  لە ڕۆژی ( ٢٤ / ٢ / ٢٠٢٢ ) ەوە ، ڕوسیا دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا ، لە ئاسمان و زەوی و دەریاو لە هەر چوار دەوری سنورەوە . لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا ئۆکرانیا لەلایەک  توشی شپرزەیی سەربازی بو   لە لایەکی دیکە بەرەو ڕوی شارچۆڵکردن و کۆچ وڕەوی خەڵکی سڤیل بەرەو سنورەکان و دەوڵەتانی دراوسێ و ئاوارەبون بوەوە . لە ڕۆژی دوەمەوە خۆیان ڕێکخستەوەو دەستیان کرد بەبەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان .  سەرۆکی ئێستای وڵات( ڤلادیمیر زیلینسکی ) و سەرۆکی پێشوتریش ( ئەلێکس گۆنشارۆک ) کە ڕکابەری سەرسەختی یەکتریش بون ،  بەبەرگی سەربازی و بە  چەکەوە دەبینران ، لەناو شەقامەکانی پایتەخت و ئامادەی خۆیان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەیان پیشان دەدا  . ئەمەو سەرەڕای دەرکەوتنی هونەرمەندان و وەرزشەوان و تەنانەت شاجوانەکانیشیان بەبەرگی سەربازی و ئامادە باشیان بۆ جەنگ . سەرەڕای گەڕانەوەی هەزاران  لە ئۆکرانیەکانی دانیشتوی دەرەوەی وڵات وئامادەییان بۆ جەنگ . ئەمانە وایان کرد گوڕو تینێک و هەستێکی شۆڕشگێری  دیکە بدەن بە هێزی سەربازی وڵات و بەرگرییەکی سەرسەختانە بکەن  و شەڕێکی وا بکەن  ،  کە هەرگیز بە خەیاڵی سەرانی ڕوسیادا نەدەهات .  ئەوان لایان وابو لە ماوەیەکی زۆر کورتا هەمو ئۆکرانیا بەبێ  بەرگری دەگرن و کۆتایی بەشەڕەکە دەهێنن . بۆیە پۆتین توشی شۆک بو لە چوارەم ڕۆژی جەنگدا وەزیری بەرگری و سەرلەشکری هێزی سەربازی ڕوسیای ڕاسپارد کە هێزی ناوکی ئەتۆمی بخرێتە ئامادە باشیەوە .

  سەرۆکی ڕوسیا  سێ  ڕۆژ پێش هێرشەکە ، لە وتارێکی دورودرێژی تەلەفزیۆنیدا دانی نا بە سەربەخۆیی دوو هەرێمی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا ( دۆنیسک و لۆهانسک ) ، کە نزیکەی هەشت ساڵێک دەبێت لە شەڕو پێکدادان لەگەڵ ئۆکرانیا . ڕوسیا  ڕێکەوتنی سەربازی لەگەڵدا کردن و ئامادەییشی  پیشاندا بۆ بەرگریکردن لێیان و پاراستنیان لە هەر هێرشیکی ئۆکرانیا بۆسەریان . لەمەوە دەرکەوت کە روسیا سەرەتای هێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا کردە پراکتیک . ئەمریکاو ئەوروپا داوایان لە هاووڵاتیەکانیان کرد کە ئۆکرانیا بەجێ بهێڵن و هێزەسەربازیەکانیشیان بە ئاشکراو بە ڕەسمی کشانەوە .  وە ئەمریکا هەر زو باسی ئەوەی دەکرد  کە ڕوسیا نیازی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە . زۆر پێیان وایە  کە ئەمە بەشودانی ئۆکرانیایە لەلایەن ڕۆژ ئاواو پەیمانی سەروی ئەتڵەسی ( ناتۆ ) وە .  وە زۆریش وای بۆ دەچێ  کە ئەمە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێری ڕوسیاو ئەمریکای تیایە بۆ دابەشکردنی خاکی ئۆکرانیا لە نێوان خۆیاندا . بەڵام  ڕاستییەک هەیە ، ئەویش ئەوەیە  کە بەپێی ڕێکەوتنەکان تا ئێستا ئۆکرانیا بەڕەسمی نەبۆتە ئەندام لە ناتۆ . هەرچەندە نیازی ئەوەی هەیە و هەر ئەم ویستەش خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی  هێرشەکەی ڕوسیا بۆ سەری . وەبەپێی یەکێ لە بەندەکانی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ وڵاتێ ئەندام نەبێ لە ناتۆ ، ناتۆیش بۆی نیە بە ڕەسمی بە هێزی سەربازی بەرگری لەو وڵاتە بکات . بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە . بۆیە بەپەلە هێزو سەربازەکانیان لە ئۆکرانیا کشانەوە بەڵام بەرەسمی هێزی سەربازیان بۆ ڕۆمانیا وپۆلەندا وڵاتانی دیکە نارد .

 یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ، وەک وتمان ویستی ئۆکرانیایە بۆ بون بەئەندام لە ناتۆ . چونکە ڕوسیا نایەوێ ناتۆ لە سنورەکانی نزیک بێتەوە و ئەمە بەهەڕەشەیەکیش دەزانی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی . هۆکارەکانی دیکەی نیازمەندی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئوکرانیا ، چاوبڕینی ڕوسیایە لە خاکە گەورەکەی ئۆکرانیا کە یەکێکە لەگەورەترین وڵاتانی ئەوروپا لە ڕوی ڕوبەری خاکەوە و سەرچاوە سروشتیەکانی ئەم وڵاتەیش  هەر لە نەوت و گازو بەرهەمە کشتوکاڵیە ستراتیژیەکانی  وەک گەنم و گەنمە شامی و جۆو شوێنی ستراتیژی ئۆکرانیا بۆ پەڕینەوەی بۆریە گازەکانی ڕوسیا و ڕوانین و بونی سنورێکی فروانی ئۆکرانیا لە بەشی سەرەوەی دەریا ڕەش و  کێشەی نیمچە دورگەی قرم .کە ڕوسیا لەساڵی( ٢٠١٤ ) ەوە داگیریکردوەو ، وە ئۆکرانیا  خاوەنی چەند سەرچاویەکی کورەی ئەتۆمیشە .کە لە یەکێتی سۆڤیەتی کۆنەوە بۆی بەجێماوە .

   زیلینسکی بۆ زیاتر کۆکردنەوەی پشتگیری وڵاتەکەی و گوشار خستنەسەر ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەژاندنی شەقامیان پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای یارمەتی زیاتری کرد و وتی بەداخەوە بە تەنیا لەناو گۆرەپانی جەنگدا هاوڕێکانمان بەجێیان هێشتین .

   هەر بۆ ڕۆژی دواتر وردە وردە و بەئاشکرا زۆربەی وڵاتان پشتگیری سەربازی و مرۆیی و دارایی و سیاسی خۆیان بۆ ئۆکرانیا نیشاندا . درێغیان نەکرد لە ناردنی پێشکەوتوترین چەکەکانی بەرگریکردن و دژە تانک و دژە فڕۆکە و کردنەوەی سنورەکان و ئامادەییان بۆ وەرگرتنی پەنابەران و کار ئاسانی بۆیان .  هەرچەندە بە ڕەسمی ناتوانن هێزی سەربازی بنێرن ، بەڵام دەرگایان کردەوە بۆ خۆبەخش و گەنجەکانیان بۆ بەشداریکردن . هەر زو ئۆکرانیا مەرجی ڤیزەی هەڵگرت لەسەر خۆبەخشەکان .  روسیا دەنگی لێبەرزبوەو وتی بەکرێگیراو و مورتەزەقەیەکی زۆر ڕوی کردۆتە ئۆکرانیا و بە ناوی خۆبەخشیشەوە کەسانی پسپۆڕی سەربازی زۆریش  دەبینرێن .

   پۆتین لە شەوی داننان بە سەربەخۆیی دو هەرێمەکەدا  لە میانەی وتارە  دورودرێژەکەیدا و کە زیاد لە سەعاتێکی خایاند، پوختەکەی ئەوە بو :  باسی مافدان بو بە روسیا بۆ بەرگریکردن و فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتەکانی. خواست و خەوی  خۆیشی  بە روسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤیەتی جاران نەشاردەوە . تەنانەت گلەیی زۆریشی لە لینین و ستالین و خرۆشۆفیش کرد . کەلەسەر حسابی خاکی روسیا ، بە ئارەزوی خۆیان و بەناوی یەک سنوری ناو سۆڤیەت تەخشان و پەخشانیان کردوە  بە خاک و زەوی ڕوسیاوەو مجامەلەی زۆری ولایەتەکانی تریان کردوە  و زەویان پێداون و جەختیشی زیاتر لە سەر  ئۆکرانیا دەکردەوە ، کە زۆر نازی کێشراوەو زەوی زۆری دراوەتێ و ئێستاش دژایەتی ڕوسی نەژادەکان دەکات لە خاکەکەیداو دەیان چەوسێنێتەوە . کاتی ئەوە هاتوە ئەو زەویانە بگەڕێنرێنەوە . لەوەدەچێ پۆتین لە ڕوی هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیشەوە خۆی بە کەمتر نەزانێ لە  قەیسەرەکانی ڕوسیای کۆن ولە سەرۆکە دامەزرێنەر و دێرینەکانی  یەکێتی سۆڤیەتی جارانیش  ، بناغە وباکڕاوندێکی هەواڵگیری ٠ مخابەراتی و سیخوڕی و دەمارتوندیشی تیادایە ، گەر ئەو چیرۆکە تراژدیایەش ڕاست بێت کە لەسەرخێزانەکەی  هەیە ، ئەوە دەردەکەوێت کە هەر بەڕیکەوت لە دایکیش بوە و دایکی لە مردن گەڕاوەتەوە پێش ئەوەی ئەم لەدایک بێت .  بۆیە ئامادەی هەمو سەرکێشییەکیشە . لەڕوی لەش و لاریشەوە هەموکات خەریکی جۆرەها وەرزشە و زۆر لە خۆی ڕازییە . سەرەڕای ئەمانە تا ئێستا ئابوری ڕوسیا زۆر بەهێزە و ئەم ڕۆڵی زۆری هەبوە لە هەڵسانەوەی ڕوسیاو . ئێستاش هێزێکی سەربازی بێشومار و و پێشکەوتو و پڕچەک وخاوەن تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوی لەبەردەستایە .   لەوانەیەشە کە چەک و تەکنۆلۆجیای وای لە بەردەستا بێت کە تا ئێستا تاقینەکرابێتەوە ، سەرەڕای  ئەو هەمو کڵاوە ئەتۆمیە و ئەو ڕوبەرە گەورەیەی ڕوسیا کە گەورەترین ڕوبەری هەیە لە گۆی زەویدا . ئێستا ئەکتەرێکی کۆمیدی لەوڵاتێکی  ژێر دەستی کۆنی خۆیانەوە ( ئۆکرانیا ) لێی هەڵگەڕێتەوە . ئەم چۆن قبوڵی دەکات . ئەم هەستی خۆ بە زلزانینە و، بەرامبەر بەکەمزانییە ( کە لەوانەیە لە زۆر ڕوەوە واقع و ڕاستیشی تیابێت ) یەکێکە لە کێشەکانی دکتاتۆرەکان و سەرچاوەیە  بۆ سەرکێشیەکانیان و ماڵوێرانی و نانەوەی ئاشوب . لە کۆتایشدا بە لەناوچونی خۆیان دوایی بە چاوچنۆکی و سەرکێشیەکانیان دەهێنن . بەڵام پاش چی  ، پاش ئەوەی کە چەندەها وڵات بەخۆیانەوە وێران دەکەن و، ملیۆنان سەرگەردان دەبن . جیهانیش دەبێ  باجی سەرکێشی ئەمانە بدات .

  لە وەڵامی وتارەکەی پۆتین و داننان بەسەربەخۆیی دوهەرێمەکەو دواتریش هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ، ڕاستەوخۆ سەرۆکی ئەمریکاو  سەرانی ئەوروپاو ناتۆ هاتنە دەنگ و دژی روسیا وەستانەوە . باسی سزا و گەمارۆ ئابوریەکانیان دەکەن . هەرچەندە ئەمە ئاوی دڵی زۆر لە ئۆکرانیەکانی نەدەدا . ئۆکرانیا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی هێرشی سەربازی ڕوسیادایە و خاکی داگیردەکرێ و خەڵکی لێدەکوژری و شار چۆڵ دەبێ و دواتریش  وێران دەبێ  . خەڵکی پەرچە کرداری راستەوخۆی سەربازیان دەویست و دەیان وت چی لە گەمارۆی ئابوری بکەین کە ڕوسیا ئۆکرانیای گرت . تەنانەت ئەمە بوە پرسی ڕۆژنامە نوسێک و لەکاتی گوتاری سەرۆکی ئەمریکا ( جۆ بایدن ) لە کۆشکی سپی  پاش سێ ڕۆژی جەنگ ، بایدن  ڕویکردە ڕۆژنامەنوسەکە و پێی وت سزاو گەمارۆکانمان بۆ سەر ڕوسیا ، کاریگەری لە هێرشەکەی زیاتر دەبێ بۆ سەر ئۆکرانیا  و دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەرەنجامەکانی بەچاوی خۆتان دەیبینن . بەڵام لە ئێستادا نا ، بەڵکو لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا .

 بۆیە دەبینین ئەمریکا لە ئێستاداو و لە هەندێ لە کێشەکانی ناوچەکەدا بە ڕاستەوخو و بە زەقی بەشداری جەنگەکان ناکات هەر وەک لە ئێراقدا کردی و نایەوێ بەسەرباز بەشدار بێت وتەرمی کوژراوەکانی بۆ بگەڕێتەوە ناو وڵات و ناڕەزایی ناوخۆ ڕو لەهەڵکشان بکات . بەڵام لە ڕێگای یارمەتی سەربازی و سزا ئابورییەکان درێغی ناکات ، چونکە خاوەنی ئابورییەکی بەهێزە . گەر لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا هاوتەریب بێت . هەروەک ئەوەی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا کردی و تا ئێستاش بەردەوامە و ئابوری داتەپاندن  و نرخی گۆڕینەوەی دراوەکانیان بەرامبەر بە دۆلار هێند دابەزیوە ، گەیشتۆتە ڕادەی داتەپین و دوژمنیش بە غیلیان پێنابات . نە زەوی گرتن نە سەربازێکی لێکوشتن ،ئاستی بژێوی دو وڵاتەکەی هێناوەتە سەر بارێک کە ئێستا لە قۆناغی  مەمرەو مەژیدا  ژیان دەگوزەرێنن و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی بۆ دروست کردون ، لە کۆتاییدا یان  ئەو دەوڵەتانە  بەرەو ڕمان دەچن ،  یان سەرانی سیاسیان  وەلادەنرێن ، یان لە هەڵبژاردنەکاندا دەرناچن وەیا دەبێ سیاسەتیان بگۆڕن و بێنە ژیر بار .

 هەرچەندە ڕوسیا جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئێران و تورکیا لە هەمو ڕوەیەکەوە ، بەڵام ڕوسیاش لە ئایندەیەکی دورتردا بە دەردی ئەوان دەچێت و ئابوریەکەی بەجۆرێ دادەڕمێنن کە توانای فراوانخوازی و داگیرکردنی نەمێنی . نەتوانێ کێبڕکێی ئەمریکاو ئەوروپا بکات . وەک چۆن پێشتر لە جەنگی ساردا یەکێتی سۆڤیەتیان خزانە ناو پێشبڕکێ سەربازی و جەنگی ئەستێرەکان و تاوایان لێکرد توانای یەکپارچەیی خۆیشی نەمێنێ و دەیەها وڵات لێی جیابونەوەو سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند .

  هەر لە دوەم ڕۆژی جەنگەکەدا  ( ١٠٠ ) دۆلار گەیشتە ( ٨٥ ) ڕۆبڵی ڕوسی کە پێشتر  بەرامبەر ( ٦٠ ) ڕۆبڵ بو واتە ( ٤٠ ٪ ) زیاتر لە نرخەکەی دابەزی .لەو بڕوایەدام ئێستا لە ١٠٠ ٪ دابەزیوە . وە سزاکانی سەر ڕوسیا هەر لە ئەمریکاوە نییە بەڵکە لە هەمو ئەووپاوەیە . ئەڵمانیا بەدەسپێشخەری ئەمریکا کارپێکردنی  بۆری غازی ڕوسیا – ئەروپا لەڕێگەی ئەڵمانیاو بەژێر دەریادا وەستاند( نۆرد ستریم ٢ ).  کە تا ئێستا  زیاد لە ١٣ ملیار دۆلار  کاری تیاکراوە . ڕاگرتنی حسابی بانکی زۆربەی بانکەکانی ڕوسیا و دەرکردنی لە پەیڕەوی بانکیی( سۆیفت ) و دەسبەسەراگرتنی پارەی سەرمایەدارو دەوڵەمەندەکان و سیاسی و سەرکردە سەربازیەکانی ڕوسیا بە پۆتن خۆشیەوە . قەدەغەکردنی هاتوچۆی فڕۆکەوانی ڕوسیا بەسەر هەمو ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدادا . کار گەیشتە چالاکی وەرزشی  و فیفا نایەڵێ لە جامی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ بەشدار بێت و هیچ یانەک و یاریزانیکی بۆی نییە  بەشداری خولەکانی ئەوروپا بکات .  لەولایشەوە دادگای نێودەوڵەتی هاتۆتە ناوەو  تەنگیان پێهەڵچنیوە و دەیانەوێ ڕوسیا بکەن  بە تاوانباری جەنگ .

  بۆیە لەوە دەچێت گەر جەنگیش بوەستێ یان ئاگربڕێکیش ڕابگەیەنرێت ، واز لە ڕوسیا نەهێنن و گەمارۆکانی لەسەر توندتر بکەن . بۆیە ڕوسیا جارجارێک پەنادەباتە بەر دانوستان ، هەر چۆنێک بێت هەندێ لە ئامانجەکانی بپێکێ و بە کەمترین زیان لێی دەرچێت . خۆی لەو گەمارۆیانە قوتار بکات  سەرەڕای تێچونی جەنگەکەش  .

 ڕوسیا دەیەوێ ئەمریکا پەلکێش بکات بۆ خستنە ناو گومانێکەوە کە ڕوسیا دەیەوێ چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت وشەڕ ببێ بەشەڕی ئەتۆمی و لە ڕوانگەی ئەو ترسەوە گوشار لە ئەمریکابکات بەکشانەوەو یارمەتی نەدانی ئۆکرانیا وتەنانەت پۆتین وتی گەر جەنگی سێهەمی جیهانی بەرپا بێت ئەوا بیگومان جەنگی  ئەتۆمی دەبێ . هەر بۆیە ڕوسیا گەورەترین سەرکێشی کردو پەلاماری گەورەترین بنکەی ئەتۆمی ئوکرانیای دالە باشوری ئەو وڵاتە بەناوی ( بنکەی زابۆرۆچیای ئەتۆمی ) ، لەوە دەچێت یەکێکیش بێ لەبنکە گەورەکان  لە ئاستی  ئەوروپادا  بۆ سەچاوەی دەسکەوتنی کارەباش  سودی لێدەبینن و( ٤٠ ٪ی توانای ناوەکی هەمو ئۆکرنیا پێکدەهێنێ )  . ڕوسیا بۆردومانی کرد و دەستی بەسەردا گرت و دڵنیایی دا کە هیچ دزەکردنێکی تیشکی ناوکیش ڕوی نەداوە . بۆ یە هەر شەوەکەی جارێکی تر ئەنجومەنی ئاسایش کۆبونەوە . ئۆکرانیا لە زمانی زلینسکی سەرۆکیەوە ئەم کارەی بە تیرۆری ناوکی ناوبرد . سەرەرای دەستبەسەراگرتنی  بنکەی ئەتۆمی چەڕنۆبڵیش .

  ئەمریکایش دەیەوێ بێ ئەوەی خۆی بەشداری بکات ڕوسیا ڕاکێشێتە ناو جەنگێکی دریژ خایەن وبە گەمارۆی ئابوری تێکی بشکێنیت .  هەرچەندە ڕوسیا هەوڵدەدات گەمارۆکان سوکتر بکات و کەمترین کاریگەریان هەبێ لەسەری ،  بۆیە هەوڵدەدات کەمتر کار بە دۆلار  و دراوی ئەوروپی بکات  و هاوپەیمان بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە ئەویش وڵاتی چینە . هەرچەندە لەگەڵ  چیندا هاوپەیمانێتییەکیان بەیەکەوە هەیە ، بەڵام هەرگیز چین ناچێتە ڕکابەرییەکی ڕاستەوخۆ  و ئامادە نیە ڕێکەوتنێک بکات زیان بە ئابورییەکەی خۆی بگەیەنێت . سەرکێشی ناکات . زۆر لەسەر خۆو بە نیانی هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دەدات  . لە کۆنیشدا چەندان ساڵ لەگەڵ بەریتانیا ڕایکێشاو داواکانی بەریتانیای  جێبەجێدەکرد و سەدساڵی ویست تا ( هوانگکۆکی) دەستکەوتەوە .  ئێستاش بۆ بەدەستهێنانەوەی تایوان هیچ پەلەیەکی نییە ، هەرچەندە لە هەوڵی بەردوامیشدایە .

 هەرچەندە جەنگەکە زۆر نا بەرامبەرەو تواناکان بەراورد ناکرێن و ئۆکرانیا زەرەر مەندی سەرەکی و هەنوکەیی دەبێت لە هەمو ڕوەکانەوە . وە کات و بودجەیەکی زۆریان دەوێ بۆ دوبارە بونیات نانەوە  .  بەڵام لە ناو قوڵایی کاتیشدا ڕوسیا بێ مەڵامەت نابێ و لە کۆتاییەکەیداوەک تەیرەکەی مەلای مەشوری لێدەکەن پاش ئەوەی کلک و باڵی دەکەن و دەنوکی دەقرتێنن  دای دەنێن دەڵێن دەدانیشە ئێستا لە مەل دەچی .

 جەنگ و ئەنجامەکانی لەسودی هیچ میلەتێک و حکومەتێک نیەو جەنگ سەرچاوەی ماڵوێرانی و کاولکارییە و دوای هەمو جەنگێکی گەورەیش کۆمەڵێ  دابەشبونی نوێ  و هاوپەیمانی  سەربازی و سیاسی نوێ  دروست دەبێ .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×