جمال عبدالناسر بۆچی لەئیخوانی هەڵگەڕایەوە ..!

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
  2019-07-07     999
لەمیسر مێژووی سەر هەڵدانی گروپە چەكداریە ئیسلامیەكان هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندنی ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمیندا لە ساڵی ١٩٢٧، كە ئەو ڕێكخراوە ساڵی ١٩٣٤-١٩٣٦ گروپی چەكداری نهێنی دروستكرد كە ئەركیان كردنە ئامانجی هێزەكانی بەریتانیا و هێزە ئەمنیەكان و سوپای پادشای میسر بوو، سەركردەی ئەوباڵە سەربازیەی ئیخوان جەمال عبدالناسر بوو كە دواتر بوو بە سەرۆك كۆماری میسر

عقیل دەمرداش یەكێك لە سەركردەكانی نزیك لە ئیخوان لە كتێبی( الان اتكلم) دەڵێ( عبدالناسر گەنجێكی چالاكی ئیخوانی بوو و یەكێك لەدیارترین ئەوكەسانە بوو حەسەن بەننا پشتی پێدەبەست، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی ١٩٣٨ لە فەرماندەی باڵی سەربازی ئیخوان لادراو وعبد الرحمان سندی خرایە جێگەی، جمال عبدالناسر زۆر گوێی بە بڕیارەكانی ئیمام حەسەن بەننا نەدەدا پێی وابوو خیانەتی لێكراوە، بەڵام بەردەوامبوو وەك سەركردەیەكی چالاكی ئیخوان لەناو سوپادا مایەوە)

ئەو گرروپە چەكداریەی ئیخوان ساڵی ١٩٤٨ پلانی تیرۆر كردنی محمود نەقراشی سەرۆك وەزیرانی میسریان داڕشت و بە هۆی ئەوەی نەقراشی باشا لە ١٩٤٨/٩/٨ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەنو قەدەغەكردە كردنی ڕێكخراوی ئیخوانی دەركرد، دوای ٢٠ ڕۆژ لەو بڕیارە لە ١٩٤٨/٩/٢٨ یەكێك لەئەندامانی ئەو گروپە بەناوی عبدالمجید ئەحمەد حسن لە ناو بارەگای ئەنجومەنی وەزیراندا مەحمود نەقراشی تیرۆركرد، لە بەرامبەردا بەریتانیەكان و دەسەڵاتی مەلەكی میسر وەك تۆڵە كردنەوە لەدوای چوارمانگ لە تیرۆر كردنی نەقراشی باشا شەوی ١٩٤٩/٢/١٢ حسن بەنای ڕابەر و دامەزرێنەری ئیخوانیان تیرۆر كرد

بەڵام لە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی مەلەكی لە میسر لەسەر دەستی جەمال عبدالناسر و هاوڕێكانی ، جەمال عبدالناسر لە ئیخوان هەلگەڕایەوە و بڕیاری قەدەغەكردنی كۆمەڵەكەی دەركرد، بەو هۆیەوە ئیخوان پشت بەست بە فەتواكانی سەید قوتب دەستكی كردوە بە چالاكی چەكداری دژی سوپا و دەسەڵاتی عبدالناسر

دواتر لە ساڵی ١٩٦٦ لە دوای لە سێدارەدانی سەید قوتب ئیخوان باڵی چەكداری ڕێكخراوەكەی هەڵوەشاندەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك لە سەركردە كانی ئەو گروپە چەكداریە كە دیارترینیان ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی ئێستای قاعیدە بوو ڕێكخراوی جیهادی ( الجماعە الاسلامیە) دامەزراند و چەندین كردەوەی چەكداری تیرۆرستیان ئەنجامدا كە دیارترینیان تیرۆر كردنی ئەنوەر ساداتی سەرۆك كۆماری میسر و تەقینەوە خۆكوژەیەكانی ساڵانی نەوەدەكان بوو كە بەهۆیە سەدان هاوڵاتی میسر و گەشتیاری بیانی كوژران، كە دواتر ئەو كۆمەڵەیە بەیعەتیان بە ڕێكخراوی قاعیدەدا

قۆناغی فراوانبوونی گروپ و ڕێكخراوە جیهادی و تیرۆرستی و جیهادیەكان لە میسر دەگەڕێتەوە بۆ دوای بەهاری عەرەبی بە تایبەتر دوایژادانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لەدەسەڵات، لەساڵی ٢٠١٣ ڕێكخراوی بیت المقدس كە دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ بەیعەتی بەداعشدا و ولایەتی سینای داعشیان لە میسر ڕاگەیاند، كە ئێستا بەهێزترین ڕێكخراوی تیرۆرستیە لە میسر لە ٥ ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ٦٤٣ هێرشی چەكداری و خۆكوژی و تەقینەوەیان لە تەواوی شارەكانی میسر ئەنجامداوە و ١٢٠٠ ئەفسەر و سەرباز و ئەندامانی هێزە ئەمنیەكانی میسریان كوشتوە

جگە لە داعش زیاتر لە ١٩ گروپ و ڕێكخراوی جیهادی لە میسر خۆیان ڕاگەیاندوە كە دیارترینیان( قاعیدە- حركە الحسم- اجناد مصر- ارابطون-طلائع الحسم- توحید والجهاد - أنصار الجهاد- خلایا الاخوان-أنصار الشریعه‌ فی‌ ارضش الكنانه‌) كە ئەم ڕێكخراوانە هاوشێوەی داعش سەدان هێرشیان بۆسەر سوپاو دەزگا ئەمنیەكانی میسر و باڵوێزخانە و هاوڵاتی و گەشتیارانی ئەنجامداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×