نهێنیەكانی كوژرانی قەزافی؟
د.سهنگهر سهید قادر
2019-07-05   1920
دوای ٨ ساڵ لەكوژرانی قەزافی ئەمڕۆ ئەو خەونەی كە بەهۆیەوە كوژرا هاتەدی، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا كە ژمارەیان ١٥ دەوڵەتەو دانیشتوانەكەیان نزیكەی ٣٨٥ میلیۆن كەسە، دوێنێ لەكۆبونەوەی لوتكەی ئەبوجادا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا بڕیاریاندا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی (ئەفرو) لەسەرەتای ساڵی داهاتووە٢٠٢٠ بخەنە بواری جێ بەجێكردنەوەو بانكی ناوەندی ئەفەریقا دابمەزرێنن بۆ خۆ دەربازكردن لەهەیمەنەی فەرەنسا.
-قەزافی خەونی ئیمبراتۆریەتی ئەفەریقا!
پرۆژەی دراوی ئەفەریقی بۆ یەكەم جا لە لوتكەی وڵاتانی ئەفەریقی لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن قەزافیەوە پێشنیار كراو ساڵی ١٩٩١ ڕێكخراوی ئابوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا دامەزرا و بڕیار درا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی لە ساڵی ٢٠١٤ بخەنە بواری جی بەجیكردنەوە، بەڵام فەرەنسا هەڕەشەی كرد ئەگەر دراوی هاوبەشی ئەفریقا دروست بكرێت هێزی سەر بازی دژیان بە كاردێنێت.
قەزافی لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەیوست ئیمراتۆریەتی ئەفەریقا دامەزرێنێت نازناوی (ملك الملوك) ئەفەریقای لە خۆی نابوو، تاكە ڕێگەش لە بەردەم قەزافی دا ئابوری بوو كە پێویستیەكی گرنگی ئەفریقیەكان. بوو كە بەهۆی هەیمەنەی فەرەنساوە كەوتبونە دۆخی هەژاری و شەڕی ناوخۆوە بۆ قەزافیش كە خاوەنی گەنجینەیەكی گەورەی سامان و نەوت بوو ئەوە دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ فراواندنی دەسەڵات و پێگەی لە ئەفەریقادا.
-بۆچی فەرەنسا دژی پرۆژەكەی قەزافی بو؟
بەپێی ڕێكەوتنامەی ساڵی ١٩٦٠ باریس بۆ كۆتایهێنان بە ئیستعماری بەفەرەنسی لە نێوان وڵاتانی داگیركراوی ئەفەریقا و فەڕەنسادا مۆركرا بەپێی ڕێكەوتنەكە فەرەنسا وەك مەرجی ڕێگە پێدان بەسەر بەخۆییان كۆمەڵیك مەرجی بەسەردا سەپاندن.
لە گرنگترین ئەو مەرجانە مەرجە ئابورییەكان بون:
١- بەپێی ڕێكەوتنامەكە پێویستە وڵاتانی ئەفەریقی دوای سەربەخۆ بونیان هەر مامەڵە بە فرەنكی فەڕەنسیەوە بكەن.
٢- پێویستە لەسەریان لەسەدا ٥٠% پارە و ئاڵتونی یەدەكی بانكی ناوەندیان لە بانكی ناوەندی فەرەنسا دابنێن بەوەش فەرەنسا باجی لەسەدا ٠.٠٧% لەسەر ئەو یەدەكە لە وڵاتانە وەردەگرێت كە ساڵانە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلارە و فەرەنسا بۆ فراوانكردنی هەیمەنەی لە ئەفەریقا بەكاری دێنێت.
٣- هەروەها پێویستە ئەو وڵاتانە ساڵانە بە ڕێژەی سەدا ٨% بودجەی ساڵانەیان لە بانكی ئەفەریقی قەرزبكەن كە بانكێكی فەرەنسیە و مامەڵە فرەنكی فەرەنسیەوە دەكەن.
لە دوای ڕێكەوتنامەی ساڵی ١٩٦٠ وڵاتانی ئەفەریقی كەوتنە ژێر قەرزێكی زۆری فەرەنسیەوە و ئەگەڕ چی سەربەخۆیان لەفەرەنسا ڕاگەیاند بوو بەڵام بەهۆی ئەو كۆت و مەرجانەوە كە ڕێكەوتنەكە بەسەریدا سەپاندبوون خاوەن سەربەخۆی ئابوری و سیاسیش نەبوون، بەوەش ئەفەریقا كەوتە شەری ناوخۆ و ئاڵۆزیەوە و فەرەنساش چەند سیستەم و دیكتاتۆرێكی بەسەریاندا سەپاند.
هەروەها ئەم ڕێكەوتنە ڕێگر بوو لە پیشكەوتنی وڵاتانی ئەفەریقا، چونكە فەرەنسا ئابوری و سامانی سروشتی ئەم وڵاتانەی ئەفەریقای بەكار هێنا بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی فەرەنسا كەبەهۆی جەنگانی دووەمەوە وێران بوو، بۆیە لە كۆتای ساڵی هەشتاكاندا كاتێك موعەمەر قەزافی لەوپەری ناكۆكیدا بوو لەگەڵ ڕۆژئاوا بۆ خۆسەپاندنی وەك خاوەن هیز و ڕزگاركەی ئەفەریقا پێشنیاری ئەو دراوە هاوبەشەی كرد، وڵاتانی ئەفەریقاش بۆ دەرچوون لە ژێر كۆت و بەندی فەرەنسا بە پێشنیارەكە ڕازیبوون.
بەڵام لە ژێر فشاری فەرەنسادا پرۆژەكە ٤ جار دواخرا چونكە فەرەنسا جگە لە هەڕەشەی سەربازی هەڕەشی ئەوەیكرد كە دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەدا٥٠% یەدەكی بانكیەی وڵاتانی ئەفەریقا لە بانكی ناوەندی فەرنسا دانراوە.
ساڵی ٢٠١٧ ئیمانوێل ماكرۆن لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ئەفەریقا ڕایگەیاند پرسی پێهێنانی دراوی هاوبەشی ئەفەریقی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی فەرەنساوە، بۆیە ئەو وڵاتانە وهێمنی و ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیانەوە دەبینن كە فرەنكی فەرەنسیان هەیە، ئەم وتەیەی ماكرۆن هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دەستبەرداری فرەنكی فەرەنسی بن و دەراوی هاوبەشی ئەفەریقی بەكاربهینن.
هەرچەندە ماوەی ٢٠ ساڵە لە دوای ڕێكەوتنی یۆرۆی ساڵی ١٩٩٩ فرەنكی فەرەنسی لەكار كەوتوە و لە ساڵی ٢٠٠١ بەتەواوی وستێنراوەو كاری پێناكرێت، بەڵام تائێستا دەراوی فەرمی ٨ وڵاتی ئەفەریقیە و هەندیكیشیان ناچار بوون مامەڵە بە یۆرۆوە بكەن وەك دراوی جێگرەوەی فرەنك.
-موعەمەر محمد عبدالسلام قەزافی لە ساڵی ١٩٤٢ لەشاری سرت لە ژێر داگیركاری دەسەڵاتی ئیتاڵیادا لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٦٩ لە كودەتایەكدا مەلیك ئیدریسی لە دەسەڵات دورخستەوە، دوو هاوسەری هەبوە( فەتحیە نوری- سەفیە فرگاش) خاوەنی ٨ كوڕ و كچێك بوە، لە دوای ٤٢ ساڵ حوكمڕانی ساڵی ٢٠١١ بەدەستی شۆڕشگێڕانی لیبیا كوژرا.