ڕێككەوتنی سەدەو خەونی ئیسرائیل...!
د.سهنگهر سهید قادر
2019-06-21   1473
ڕێككەوتنی سەدە (پڕۆژەیەكی ئەمەریكی-ئیسرائیلی بۆ گۆڕین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو كۆتایهێنان بەكێشەكان)، بڕیارە ڕۆژی 25-26 ئەم مانگە لەمەنامەی پایتەختی بەحرەین کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستو ئیسرائیل ببەسترێت لەکۆبونەوەکەدا پرۆژەی ڕێکەوتنی سەدە ئاشکرا بکرێت کە پرۆژەیەکی ستراتیژی ئەمەریکیە بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ماوەی 3 ساڵە ئەمەریکاو ئیسرائیل بەنهێنی کار بۆ ئامادەکردنی دەکەن.
ڕێکكەوتنی سەدە چیه؟
ڕیكەوتنی سەدە پرۆژەیەكی ئەمەریكیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مێژووی ئیسرائیل فەلەستین و ئیسرائیل-عەرەب ، كەماوەی زیاتر لەدو ساڵە لەلایەن. گروپی یەهودی ناو كابینەكەی ترەمپەوە كاری لەسەر دەكرێت و لە لایەن گارید كۆشنەری زاوای ترەمپو جیسون گرین پلانتی ڕاوێژكاری ترەمپ بۆكاروباری نیودەولەتی و دەیڤد فریدمانی باڵوێزی ئەمەریكا لەئیسرائیل ئامادەكراوە.
ناوەڕۆكی پرۆژەكە:
پرۆژەكە بەشێكە لەستراتیژی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) كەلەلایەن ترەمپەوە داڕێژرواوە بۆ ڕێكخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارە سەركردنی كێشەكان.
پرۆژەكە كە بەسێ قۆناغ و لەماوەی پێنج ساڵدا جێ بەجێ دەكرێت، سەرەتای پرۆژەكە بریتیە لە دەسنیشانكردنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و بەشی ڕۆژهەڵاتیشی وەك پایتەختی فەلەستین بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئیداری ئیسرائیل دا دەبێت.
بۆ فەلەستینیەكانیش دەوڵەتێك دروست دەكرێت بەناوی دەولەت (فەلەستین نوێ) كە كەرتی غەزە و كەرتی ڕۆژئاوا لە خۆ دەگرێت و دەوڵەتە نوێیەكەی فەلەستین سوپای نیە بەڵكو ئیسرائیل ئەركی پاراستنی ئەو دەوڵەتە دەگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەر پێدانی پارەدا لەلایەن فەلەستینەوە.
لە ڕووی ئابوریەوە كەرتی غەزە و كەرتی ڕۆژ ئاوا ئاوەدان دەكرێتەوە بۆ ئاوەدان كردنەوەی ٣٠ ملیار دۆلار تەڕخان دەكرێت و وڵاتانی كەنداو سەدا٧٠% ئەو پارەیە دەدەن و ئەمەریكاش سەدا٢٠% لە ئەستۆ دەكرێت و یەكێتێ ئەوروپاش سەدا ١٠% تێچوەكەی دەگرێتە ئەستۆ.
بەپێی پرۆژەكە كەرتی غەزە لە چەك دادەماڵرێت و تەنها بۆلیسی ناوخۆی دەبێت كەلەژێر دەستی حكومەتی فەلەستیندا دا دەبێت، ناوچەیەكی ئابوری و پیشە سازی لەناو خاكی میسردا لە نیمچە دورگەی سینا و لەنزیك شاری ڕەفەح دروست دەكرێت وەك ناوچەیەكی پیشە سازی و بازرگانی بۆ دەوڵەتە نوێیە فەلەستینیەكە.
بەو پێیەی كەرتی غەزە بەشێكی دابڕاوی دەوڵەتە نوێیەكە دەبێت بۆ گرێدانی بەكەرتی ڕۆژئاواوە وڵاتی چین بەرزە پردێك بە بەرزی ٢٣ مەتر و بە درێژای ١١٠ كیلۆمەتر بەناو خاكی ئیسرائیلدا دروست دەكات بۆ پێكەوە بەستنی كەرتی غەزە و كەرتی ڕۆژئاوای فەلەستین وئیدارەكەی لەژیردەستی ئیسرائیلیەكاندا دەبێت.
لە سەر ئاستی ناوچەكەش ڕووبەری جوگرافی ئیسرائل بۆ دوو هێندە فراوان دەكرێت و بەشێك لە خاكی ئوردن كە ناوچەی وادی عەرەبەیە دەخرێتە سەر ئیسرائیل و هەروەها ناوچەی جۆلان دەخرێتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش دان بە و گۆڕانكارییە جوگرافییە نوێیەی ئیسرائیلدا دەنێن ، هەر بەپێی پڕۆژەكە لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەكەنەوە وهێزێكی هاوبەشی عەڕەبی ئیسرائیلی پێكدەهێنرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی هێزی ناتۆ دەبێت.
هاوكات پرۆژەی نیومی (Neom) ی سعودی كە گەورەترین پرۆژەی ئابوریە لە مێژوی ناوچەكەدا بە شێوەیەكی بەڕفراوان دەخرێتە بواری جێ بەجێكردنەوە كە ١٤ وڵات لە نێویاندا ئیسرائیل دەگرێتەوە، پرۆژەكە بوارەكانی كەرتی وزە و بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵ لە خۆ دەگرێت و تێچوی پرۆژەكە نزیكەی ٦٠٠ ملیار دۆلارە.
پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە بڕیارە بۆری نەوتی كەركوك -حەیفا بخرێتەوە كار كە ئەو بۆریە لەساڵی ١٩٣٤ تەواو كراوە و درێژیەكەی نزیكەی ٩٤٥ كیلۆمەترە و تاساڵی ١٩٤٨ نەوتی ڕەوانەی ئیسرائیل دەكرد بەڵام دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەشێوەیەكی فەرمی عێراق پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند و هەناردەكردنی نەوتی لە ڕێگەی ئەو بۆریەوە بۆ ئیسرائیل ڕاگرت.
تێبینی/ ئەمە كورتەیەكی پرۆژەی ڕێكەوتنی سەدەیە لە داهاتوو دا ئەگەر دەرفەت ڕەخسا وردتر چوارچێوە و ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم پرۆژەیە باس دەكەین