هەڵۆكانی كۆشكی سپی كێن؟
د.سهنگهر سهید قادر
2019-05-15   1043
لەناو ئیدارەی ترەمپ دا پێنج كەسایەتی كە بەهەڵۆكانی كۆشكی سپی ناسراون پشتیوانی لێدانی ئێرانو بەكار هێنانی هێزی سەربازی دەكەن دژی ئێران كە ئەوانیش بریتین لە(مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەو جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیو گارید كۆشنەری زاواو ڕاوێژكاری ترەمپ بۆكاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو برایان هۆكی نوێنەری كۆشكی سپیە بۆ كاروباری ئێرانو جیسوت گرینپلانتی ڕاوێژكاری ترەمپە بۆ كاروی باری دانوستانە نێودەوڵەتییەكان).
هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی ئەم سێ بەر پرسەی كۆشكی سپیدا ڕێكخراوی ئایپاك (لۆبی یەهودی ئەمەریكی) فشارو هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی بەرفراوانیان دەستپێكردوە بۆ ڕازیكردنی شەقامی ئەمەریكی خودی دۆناڵد ترەمپ بەلێدانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بۆڵتن و پۆمپیۆ هەوڵێكی دیبلۆماسی چڕ وپڕیان دەستپێكردوە بۆ ڕازیكردنی وڵاتانی ئەوروپا و ڕێكخستنەوەی هاوپەیمانەكانیان لە كەنداو بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئێران، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی گاردیان لەناو ئیدارەی ترەمپدا ناكۆكیەكی قوڵ لەسەر ئەو پرسە هەیە و ترەمپ نەگەشتوتە بڕیاری كۆتای و دودڵە لە بڕیاردان.
لەناو ئەو پێنج بەرپرسەی كۆشكی سپیدا كە پشتیوانی لێدانی ئێران دەكەن ئەوەی زیاتر جێگای مشتومڕە جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكایە، چونكە بۆڵتن بەتەپڵ لیدەری جەنگ ناسراوەو ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە ڕازیكردنی جۆرج بۆش بۆ شەڕی عێراق و ڕوخاندنی سەدام حسین، هەروەها پشتیوانی بەكار هێنانی هێزبوو دژی بەشار ئەسەد و كۆریای باكور.
لەسەر پرسی ئێرانیش پێشتر بۆڵتن ڕایگەیاندبوو موشەك بارانكردن و بەكارهێنانی هێز تاكە ڕێگەیە بۆ ڕێگری لەبەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، بەڕووخانی ڕژیمی ئێرانو میلیشیا هاوپەیمانەكانی مەترسیەكانی سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم دەبێتەوە ئەوكات پێویست بە بونی ئەوهێزە زۆرەی ئەمریكا ناكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.