هەڵەبجە لە ئاراستەى یادکردنەوەیەکى جیاوازی جەماوەرى ئەمساڵدا چیی بە هەموان دەڵیتەوە ؟

یاسین نادر ڕەحمان
  2025-03-16     130

نامەوێت بە گووتنێک یادی هەڵەبجە هەمدیسانەوە بە وتارێکی خەماوییەوە دەست بەنوسینی بکەم، چونکە هەڵەبجەیی بوون خۆی پێناسی خۆی دەکات و حەکیمان گوتەنی هیچکەس وەک کەسی دەردەدار ناتوانێت گوزارشت لە دەرد و ژانەکانی خۆی بکات،

کەواتە لە37ەمین ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی شاری هەڵەبجەدا هەمووکەس دەزانێت هەڵەبجەو خەمەکانی لەدوای 37ساڵ چین..؟ و دەبێ چیی لەپێناو شارێکی جینۆسایدکراودا بۆ دانیشتوانەکەی بکرێت، ساڵانێکی زۆرە خۆنواندن وخۆدەرخستنی بەرپرسان لەملاولاوە بۆ شارەکەو بەڵێنە بریقەدارەکانیان خەڵکی شارەکەو خەمخۆرانی هەڵەبجەی لەهەموو کوردستان بێزار کردبوو، چونکە ئەگەر بە جێبەجێکردنی بەڵێن وپەیامەکانی ئەوان لەساڵیادی ئەو شارە بوایا ئێستا نمونەی شارێکی پێشکەوتوی عێراق وکوردستان دەهاتە بەرچاو.

 بەڵام لەمکات و ساتەدا کە من ئەم وتارە دەنوسم لە هەڵەبجەدا خەڵکێک بێهیوا لە دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و کاربەدەست و سەرۆکەکانی بەگشتی دەبینم، وایلێهاتبوو هەموو شانزەی سێیەک بەم جۆرە پەیامە نامۆیانە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە لەبیر بکرێت و هەمووی لە چوارچێوەی داواکاریی و بەڵێن و قسەکردنی بێمانای بەرپرساندا کۆببێتەوە و  یادی ئەم جینۆسایدە هێدی هێدی لەهزری هەمواندا کاڵ وکرچتر ببێتەوە و توێژێک کە دوای  چەندەها ساڵ ئەو کارەساتەی لەزاری دایباب و خزمان و کەسوکاری بیستووە لە هزریدا ناوچە کارەساتبارەکەی کەسوکارەکەی پاش ئەم ساڵانە بەیەکجاری لەهزرو مێژووی شارەکەیدا بەتەواوی لەبیر بچێتەوە،      

   لەمساڵدا ئەگەرچی خەمخۆرانی هەڵەبجە دروشم و پەیامیی نیشتیمانیانەیان بۆ ساڵیادی شەهیدانى شارەکەیان بۆ هەموو دونیا بەرزکردووەتەوەو دەیانەوێت یادی شەهیدانیان بەڕێپێوانی جەماوەریی و جۆش وخرۆشی سەرجەم چین وتوێژەکان بۆ سەر یادکاری شەهیدان و ئازیزانیان بێت و بۆنەکە لە ئاستی داواکارییە یەکگرتووەکان کە پەیامیی هیچ لایەنێکی سیاسی و حیزبی و شەخسی تیادا بەرجەستە نەبێت؛ بەڕێوە ببرێت و بخرێتەڕوو،

    بەڵام دیسانەوە لەمکات و سەروبەندەدا پەیامی حکومەتی هەرێم ((کردنەوەی پڕۆژەی پردێک و پڕۆژەی ڕووناکی کارەباو بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەئاستی عێراق و جادەقیرکردنی گوندێک و......هتد، بەگوێی خەڵکی ئەمشارەدا دەزرنگێننەوە، لەکاتێکدا دەکرا ئەمڕۆژە خەڵکی شارەکە سەدان پڕۆژەی ئاوەدانی شارەکەیان بەجێبەجێکراوی ببینیاتەوە و یادی شەهیدەکانیان بەم بەڵێن و پڕۆژە کەموکورتانەوە لێ تێک نەدانایەتەوە، وا پشووی ڕۆژى١٦-٣یان ئەوەندەی تەیاری شیعەو سوننەکانی عێراق بەهەڵەبجە ڕەوا نەبینی، باچیدی لەمڕۆژەش بەقسەی باقوبریق و هاتنی بەرپرسان ولێشاوی پاسەوان وسەیارەکانیان وتەپ و تۆزکردن بەسەر خەڵکی ژیانکەری ئەمشارەدا  لێ تێک مەدەن و بێزاریان لە هاتنی میوانانەتان مەکەن.

    ئەگەر ڕۆژگارێک ئەوەتان پێکرا لە دادگا نێودەوڵەتیێەکانی دونیاوخۆتان گوتەنی دۆستەکانتان؛ وڵاتانی هاوکاری ڕژێمی پێشووی عێراق و کۆمپانیا فرۆشیارەکانی چەکى کیمیاویتان هێنایە سەر مێزی دادگاییکردن و دواجار وەرگرتنی ماف و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم دانیشتوانی زیانمەندی ئەمشارە لە ئەنجامی ئەو دادگایی کردنانەتان بە ئەنجام گەیاند، ئاهێکی ڕەزامەندی بەبەری دڵەی سوتاوو هەژاوی خەڵکی ئەمشارەدا دێتەوە؛ ئیدی ئەوکاتەیە دەتوانن بێن و بە سەرێکی بەرزەوە لە ئاستی دانیشتوانی بەجێماو و ماوەی هەڵەبجەدا خۆتان سەربەرزانە بنوێنن و هەڵەبجەیەکان ئەوساکە دەزانن خەمخۆرانی بەڵێ توانیویانە مافی پێشێلکراوی ئەوان لە ئاستی جیهانیش وەربگرنەوە، نەک ئەوەی کە بەبیانووی بەرژەوەندی دۆستانەوخزمایەتی ئابووری هەرگیز باسو خواستی ئەم دۆسیانە هیچ کات و ساتێک بەڕووی دونیادا نەکەنەوە و هەمیشە وەک بابەتگەلی هەڵواسراو لەنێو دەق و نوسراوەکاندا بێ هیچ ئەنجامێک و دەست بۆ بردنێک بمێنێتەوە .

 ماوەتەوە بڵێین دەکرێت حکومەتیی خۆجێی کوردستان لەپاڵ هەموو ئەمانەدا بتوانێت هەڵەبجە لەئاستی خۆیەوە بەم خزمەتە ئاماژە پێکراوانەی خوارەوە کە بەرکوڵێکی بچووک لەخواستەکانی خەڵکی ئەمشارەن؛ هەڵەبجە بە ئاراستەی بەپارێزگابوونێکی نمونەی لە هەرێمی کوردستان خزمت بکات.

1-کارکردن بۆ کردنەوەی سەرجەم سنورە فەرمیەکانی شارەکە بەهۆی سەرمایەدارانەوە بێ دەستێوەردانی حیزب و بەرپرسە خۆجێیە بەرژەوندخوازەکانی سنورەکە کە لەڕابردوودا بەگوتنێک هەستی پێکراوە.

2-پێشخستنی ڕۆڵی زانکۆی شارەکە بەکردنەوەی کۆلێژە پزیشکی و ئەندازەییەکان وناردنی خوێندکارانی ئەمشارە بۆ دونیای دەرەوە بەمەبەستی برەودان بە کەرتەجۆراوجۆرەکان و پسپۆڕییە شازەکان بۆ خزمەتی شارەکە

3-زۆرباسی پلانسازی شار دەکرێت بەڵام لەئاستی نوسین ونیقاش دایەو هەوڵی دابینکردنی داهات بۆ ئەم مەبەستانە بوونی نییە.

4- پێشخستنی وەبەرهێنان لەشارەکە و ئیجبارکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کوردستان بۆ کردنەوەی لقو وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە سنورەکانی شارەکەو دانانی کارگەو شارە پیشەسازییەکان بۆ خزمەتی زیاتری شارەکەوخستنەسەر ئیشوکاری گەنجان وچین وتوێژە بەتاڵەکانی ئەمشارەیە.

5-سنورێکی بەرفراوانی ئاوەدانی لەدەوروبەری ئەمشارەدا دەبینرێت و تا ئێستا سوودی لێ نەبینراوە و دەکرێت کاری باشتری تێدا بکرێت و کارگەجۆراوجۆرەکانی بەپێی دۆخی کشتوکاڵی سنوورەکە بۆ دامەزرێندرێت.

6-هەڵەبجە خاوەن پسپۆڕ و شارەزای زۆر لەئاستی هەرێمی کوردستانە، دەکرێ ئەرکی ‌ئەخلاقی هاوڵاتیبونی شارەکەیان بخرێتە ئەستۆو بتوانن هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ خزمەتی شارەکە وەگەڕ بخەن.

7-هەموو پڕۆژە گەشتیاریەکانی کوردستان هەلومەرجی سنوری گەشتیاری هەڵەبجەی نییە، بەڵام ئیهمالکردنی بەڕوونی دیارەو بەرچاوەو بەگوتنێک هەندێک ناوچەی گەشتوگوزاری  ئیهمالکراوە و هەندێکی تریش بەهۆی هەندێک بەرپرسەوە گەشەی پێدراوەو جیاوازی ناوچەیی تێدا کراوە.

8-هەڵەبجە ناکرێت لەم دۆخە موعانات فراوانەیدا بەرپرسانێکی بۆ دابنرێت بەس وەک دەسکەلایی کایەی سیاسی کۆمەڵێک بەرژەوەندیخواز بن و نەتوانن لەناو شارەکەو خەڵکەکەیدا هەمیشە بەدەم خەڵکە بن و خەڵک هەمیشە بیهیوا لە بوونیان ئەوا لێبڕوانن

9-قەرەبووکردنەوەی هەموو خەڵکی شارەکە بێ جیاوازیی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە، هەر ئاراستەیەکی حیزبی ناتوانێت هەنگاوی بۆ بهاوێت دەبێ خەڵکی هەڵەبجە ئەوان ئیهمالکراو لێ بڕوانن و ئەوان هەمیشە سەرزەنشت بکەن.

 

10-بەڕوونی دیارەو هەستی پێدەکرێت کەسانێک بەناوی جۆراوجۆرەوە هەوڵی پاشخستنی سنوور و خەڵکی ئەمشارە و لەئاستی باڵای بەرپرسیارێتیدا دەدەن، دەبێ هەڵوێستی توند دژی ئاوا کەسانێک هەمیشە لە هزری هەموان بۆ ئەواندا ببێت.

11-کارەساتی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە لەئاستی عێراق و دونیا بەجینۆساید نەناسێنراوە، چونکە پاش ئەم بڕیارە کۆمەڵێک فاکتەری باش وەک قەرەبوکردنەوەی خەڵکی شارەکە دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت و لەقازانجی شارەکەدا بشکێتەوە،  دەبێ ئەم پرسە هەموو فراکسیۆنە کوردیەکان کاری لەسەر بکەن وکەمتەرخەمی تیادا نەنوێنن ئەگەر لەبیرکەی ئەواندا هەڵەبجە بەزیندوویی ماوەتەوە.

12-ناکرێت زۆربەی پڕۆژەکانی حکومەت لەپاش هەموو پارێزگاکانی تر بۆ ئەمشارە جێبەجێ بکرێت و دەبێ تایبەتمەندی شارەکە ڕەچاو بکرێت وهەڵەبجە وەک سیمبولێکی ئاوەدانی دەستپێکی هەر پڕۆژەیەکی گرنگ لەمشارەوە دەستپێبکات.

١٣- پرسی هەلواسراوى هەڵەبجە بە جیبەجێکردنى وەک پارێزگایەکى عێراق بووەتە بەستەڵەکێک کە هەست بە ئیهمالکردنى لە ئاستى عێراقدا دەکرێت، دەکڕیت هەنگاوى یەکدەنگى و لۆبییەکى بەهێزى لە ئاستی عیراق و هەرێم و شارەکەشەوە بۆ جیبەجێکردنى بکرێت.

١٤- لە پاڵ ئەمانەشدا بۆ ئەوەى ئەم یادە هەمیشە لە یادى هەمواندا بیت دەبێت لەسەرجەم قۆناغەکانى سیستەمى پەروەردە بەتایبەت وانەى مێژوو و ئەدەبیاتى کوردى، ئاماژەکانى کارەساتى جینۆسایدى ئەمشارە ئاماژەى ڕوونى لەوانەکاندا پێبدرێت تا لە هزرى هەمواندا بمێنێتەوە. 

ئەمانە بەرکوڵێکی بچووک و کەم بوون بەسەدان خاڵ لەمێشکمدا ئاوەژوو دەکات، بەڵام ئەگەر ئەمانەتان لە حەقی خەڵکی ئەشارەدا کرد ئەوە ئەوکاتەیە دەڵێین(بەتەنیا نین و بەتەنیا جێنەماوین)و وا کەسانێک لە کاروانی خزمەتکردنمان نایانەوێ بەجێمانبهێڵن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×