هه‌ڵه‌بجه‌ له‌نێوان بێهيوايى‌و بڕيارى به‌پارێزگابوونى له‌دواى 35 ساڵ

یاسین نادر ڕەحمان
  2023-03-16     177

لەمکات و ساتەدا من ئەم وتارە دەنوسم لە هەڵەبجەدا خەڵکێک بێهیوا لە دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و کاربەدەست و سەرۆکەکانی دەبینم، خەڵکی شارەکە ئەگەر لە سەردەمی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر تاوانیان کوردبوون بوو، له‌ ئێستادا بە چ تاوانێک خەریکە لە بێ خزمەتیدا دەچەوسێنرێنەوە، خۆ سات و کاتێکی نزیک نییە، وا چیدی35ساڵە کە کارەسات و ڕووداوێک ناخۆشی وەک کیمیابارانکردن لە حەقی دانیشتوانیدا بەدڕندانەترین شێوە جێبەجێ کراوە و هەزاران شەهید و بریندار و کۆچکردن بە وڵاتانی بەدوادا هاتووەو لەئێستادا زیندوانیشی کە بەرهەم و بەجێماوەی ئەوانن ئاسەوارەکانی مەینەتیی نەک خزمەتکردنی خۆ وا دەبینینەوە و ئەوانیش لەبێ خزمتی و نەبونی هەلی کار و ژینگەی ژیانی شارەکەیان نەک ناڕازین ئاواتی ئەوە دەخوازن خۆزگا لەمشارە نەدەبوون و تاكێكى بەشمەینەتى بەدرێژایی مێژووی ئەم چەند ساڵەیە نەدەمانه‌وه‌.

   نامەوێ هەمدیس منیش بەم نوسینە بکروزێمەوە و دڵەکان بێنمەجۆش و گریان و فرمێسک ڕژانەوە، چونکە ئیتر چەندساڵە خەڵکی شارەکە بەڵێنی ئەوەیان بەخوداو خۆیان داوە ئەوەی خزمەت و پڕۆژەیەک و تروسکە هیوایەکی بۆ ئەمشارە له‌ ڕوانگه‌ى خزمه‌تكرنيه‌وه‌ پێ نەبێت با سەردانی مەزارگەو کەسوکاری شەهیدان و برینداران و هاوڵاتیانی نەکات، چونکە ئەو دروشمە کە خزمەت و خزمەتکاری بۆ شارەکه بوو زوو لەبیر کراوە و بەناوی خەڵکی شارەکەوە زۆر دەرفەتی پڕۆژە و دەسکەوتی سامان بۆ دەسەڵاتداران بەدیهات بەڵام شارەکە بە بیانووی جۆراوجۆر لێی بێبەش کراو و بەس لە دروشمەکاندا خزمەتکردن زیاتر هیچیان بۆ خەڵکی بەشمەینەتی شارەکە نەهێشتەوە.

    وە خەڵکی شار ئەگەر ساڵی1988 لەبەر کارەسات و ئاسەوارەکانی ڕووداوى گازبارانكردنى شاره‌كه‌ى هەڵهاتبێت له‌ ئێستادا لە بێخزمەتی و نەبوونی هەلی کار و بژێوی ژیانی بۆ جارێکیتر دیسانەوە دەیەوێ شارەکە بەجێبهێڵێتەوە، کە لەماوەی ئەم دوو سێ ساڵەی کۆتاییدا بەپێی ئامارێکی متمانە پێکراوی ڕێکخراوەکانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى نزیکەی 1407خێزان شارەکەیان بەجێهێشتووە کە دۆخی سەختی ئابووری ماڵ و ژیانیان و پەیدانەکردنی هەلی کار بۆ منداڵەکانیان هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنەکەیان بووه‌,

    لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا لەمساڵانەدا گەر هەنگاوێک بتوانێت سێبەری خزمەتگوزاری بۆ شارەکە هێنابێته‌ كايه‌وه‌ دەرکردنی دۆخی هەڵەبجە لە قەزابوونی بوو کە لە ساڵی 1889 کرایە قەزا و پاشان لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و هەر ئەوکات یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، پاشان بۆ زیاتر بەفەرمی ناساندنی لە دۆخی چەقبەستوویی پاش هەوڵدانی زۆرکەس و خەمخۆرانی لە رێکەوتی 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى زياترى دەرچوو و كه‌ پاش ئەمانەش لە ڕێکەوتی 31ی کانوونی یەکەمی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند، بەڵام ئەمەش کە ئاماژەی پێدرا مرەکەبی سەرکاغەز زیاتر نەبوو، چونکە نوێنەرانی کورد لەبەغدا هه‌ر زوو لەبیریان چوو ئەوانیش بەهەڵەبجەوئەنفالەوە ناسراون و بەڵێنەکانیان جگە لە بۆ بەرژەوەندییە شەخسیی و حیزبییەکانیان بۆ هەڵەبجەییەکان زیاتر بڕی نەکرد.و بڕياره‌كه‌يان وه‌ك بڕيارێكى شكڵى و ڕۆتينى زياتر هيچ نه‌بوو.

   ئەوەی ڕاستییە دەرفەتەکان لەئێستادا بەگووتەی شارەزایان لە پێکهاتەی تەشکیلەی  كابينه‌ى نوێى حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی نوێوە جیاوازەو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئه‌مساڵى ئەو کە لە13- 3- 2023ى ئەمساڵ بۆ ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق ده‌رچووه‌ گەڕانەوەی له‌ په‌رله‌مان هاوشێوه‌ى ياساكاني تر نییە و کاتی ئەوەیە پاش پەسەندکردنی بڕیاری بە پاریزگابوونی لەم خولەی پەرلەمانی عێراق و هه‌وڵدان بۆ  دەرکردنی مەرسومی کۆماری بۆی بەهۆی دڵسۆزان و نوێنەرانی کوردەوە؛ بتوانرێت هەنگاوەکانی خزمەت و خزمەتکاری و قەرەبوکردنەوەی شارەکە و خستنەگەڕی پڕۆژەکانی شارەکەو کردنەوە دەروازە سنورێکان و ڕزگارکردنی لە چەقبەستوویی و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری فراوان بۆ چين و توێژه‌كانى هاوشێوەی پارێزگاکانی تر؛ بتوانرێت پارێزگایەکی عێراقی کوردستانی کە ڕەمزی مەینەتێکانی گەلی کورد وعێراقە بونیاد بنرێتەوە کە ئاسەواری لە هزر و بیرەکاندا بمێنێتەوە.

   ئەمانە بەرکوڵێکی بچووک نین چونکە هەنگاوی کرداریی و درێژمەودای دەوێت و هەرئێستاش درەنگە کە کاری لەسەر بکرێت و نایشارمەوە لەهیچ نوێنەرێکی پەرلەمانی خەڵکی شارەکەو كوردستان له‌ عێراقدا منی خاوەن ئەم کورتە نوسینە ڕازیی نیم چونکە لەکاتێکدا دەبێ هەنگاو بنرێت هەوڵەکانيان بەپێی پێوستى بۆ ناخەنە گەڕ و گلەییەکان و خەمەکان کە هەوڵی بێوچان دەوێتی بۆ نادەن. بۆیەشە گلەیی خەڵکی شارەکە هەمیشە لە ئان و ساتدایە کە پەنا بۆ زۆر ڕێگای ناڕەزایی ببەن تا پەیامەکانیان بە دەسەڵاتدارانى هەرێم و عێراق بگەیەنن.

   لەیادی 35ساڵەی کیمیابارانکردنی کارەساتی کیمیابارانکردنی ئەمساڵیشدا ناتوانین بڵێین میواندۆستی ئازیزانی هاوخەممان بۆ شارەکە ناکەین بەڵام بە چ ڕوویەکەوە کەسانێک سەردانی شارەکە دەکەن کە جگە لە قسەی باق و بریق هیچیان بۆ کەسوکاری شەهیدان و برینداران و هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ پێ نەبووە و بۆ ڕۆژانێکیش نەیانتوانیوە لە نزیکەوە خەمەکانی خەڵک شار گوێ لێبگرن و ئاوڕ لە ئاوەدانی شارێکی لێقەوماو و کاوڵکراوی هاوشێوە ڕووخاوی وەک هێرۆشیماو ناکازاکی بدەنەوە کە بوونەتە شارێکی ڕەمزی گەل و نەتەوەی یابانێکان و هەموو سات وکاتێکی ژیانیان پەیوەست بە قوربانێکانی ئەمشارە ڕه‌مزى قوربانه‌يان دەزانن و هەموو خزمەتێکی پێشکەوتووی ژیانیان لەو شارە قوربانیدراوانە دەکەنە دەستپێک تا خزمەتێکیان لە مافی قوربانێکانیاندا کردبێت

 . بەڵام پێچەوانەکەی لێرەو لەژێر سایەی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراقد وا دەبینین و شارێکی ڕەمزی نەتەوەیەک بووەتە ڕەمزی بێخزمەتی و بێتاقەتی و هەڵاتنی دانیشتوان و سەرگەردان بوونی گەنجانی بەوڵاتاندا، کە ئەمانە لەدوای 35ساڵ جگە لە مۆرکی نائەخلاقیانەی سیاسی چیی ناو لێدەنرێت، بۆیە گەر هەڵەبجە چیتر ناکەنەوە ڕەمزی ئاوەدانی و خزمەتکردنی تکایە مەبنە هۆی کولانەوەی برینە ساڕێژ نەبووەکانی و ئيوه‌ش به‌ ته‌نيايى بهێڵنه‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×