هه‌ڵه‌بجه‌ شارێك بێ ئاوه‌دانى و ده‌رونێك له‌ په‌ستى

یاسین نادر ڕەحمان
  2021-03-16     350
     هه‌موو ساڵێك كه‌ له‌16/3‌ ساڵيادى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌كه‌م نزيك ده‌بمه‌وه‌، دڵه‌خورپه‌ى ئه‌و سات و كاته‌م‌ ديسانه‌وه‌‌ بۆ زيندوو ده‌بێته‌وه‌؛ به‌ڵێ له‌دواى 33ساڵ له‌ ڕوودانى ئاوا كۆمه‌ڵكوژييه‌ك دڵه‌ خورپه‌ى من؛ ئه‌گه‌ر به‌شێكى گريان و خه‌فه‌ت بۆ شه‌هيدبوونى ئازيزانى هاوشاريم له‌ منداڵ و گه‌نج و به‌ساڵاچوانى بێت، كه‌ به‌ده‌ست دڕنده‌ترين ڕژێمى سه‌رزه‌وى شه‌هيد كران، به‌شێكى بۆ دونياى بێ ئاوه‌دانى شار و ژينگه‌ى ده‌وروبه‌رى ئه‌مشاره كاره‌ساتباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ڕووى ئاوه‌دانى و خزمه‌تييه‌وه‌ هێشتاكه‌ پاش33 ساڵ‌؛ بۆن و به‌رامه‌ى16/3/ 1988ى لێدێت و ڕۆژبه‌رۆژ له‌ جێى پێشكه‌فتنى؛ وا به‌ره‌و پاشكه‌فتن ده‌ڕوات و "هێرۆشيماوناكازاكى" ده‌سته‌خوشكى كه‌ هاوشێوه‌ ئه‌و كاره‌ساتى قورسيان له‌ ئاستى جيهاندا ته‌جروبه‌ كرد له‌ ڕيزى شاره‌ يه‌كه‌مينه‌كانى جيهان له‌ڕووى ئابوورى و خزمه‌ت و گه‌شتوگوزاريه‌وه‌ن.
     ئه‌وه‌ى ديار و ڕوون بوو تاقه‌ ڕيگه‌ى خزمه‌تكردنى ئه‌مشاره‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا پێى هه‌ستاو ويستى له‌ڕيگه‌يه‌وه‌ خزمه‌تى شاره‌كه‌ بكات؛ كردنى شاره‌كه له‌ شاره‌وه‌ بۆ ‌پارێزگايه‌كى نمونه‌يى ڕه‌مزى شه‌هيدان له‌ ئاستى هه‌رێمى كوردستان بوو؛ به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ش كه‌ 33ساڵ پاش ڕووداوه‌كه‌يه‌و  ئه‌م وتاره‌ى تيادا ده‌نووسم، نازانم ناوى شاركه‌‌ پارێزگا بنێم یان هه‌ر به‌ناوه‌كه‌ى جارانى شارۆچكه‌ و گوند و شاره‌دێ له‌ سه‌رنجدانى نووسینه‌كه‌مدا ئاماژه‌ى پێ بكه‌م،  له‌ وڵاتان سیسته‌مى ویلایه‌ت و Provincefبۆ ئه‌م جیاكارییه‌ى شوێنێك له‌ شوێنه‌كانی تر كراوه‌ و به‌پێى دۆخه‌ ئابووری و سیاسی و هه‌رێمى و ڕه‌مزبوونى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی تر؛ خزمه‌تى بێوێنه‌ى هه‌مه‌ بواره‌ى ئابورى و ژينگه‌يى و هه‌ميشه‌يى بۆ ده‌كرێت.
     به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ى ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ نمونه‌ى پارێزگايه‌كى سته‌ملێكراو وسته‌مديده‌ ‌ بۆ عێراق و گه‌لى كوردستان و جيهانيشه؛ له‌ ئێستادا كێ ده‌يه‌وێت خزمه‌ت و خزمه‌تكارى بكات، شارێك كه‌ هه‌موو به‌رپرسێكى ئه‌م هه‌رێمه‌ نييه‌ ڕۆژێك سه‌ردانى نه‌كردبێت، ئه‌مڕۆكه‌ هه‌ر به‌هۆى پشتگوێخستنى پلان و كاره‌كانييه‌وه‌ ڕيگريى ڕه‌نگه‌ له‌ خزمه‌تكردنى زياترى‌ بكه‌ن و نه‌يانه‌وێت له‌مه‌ زياتر هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌ڤه‌ بهاوێت، چونكه‌ هاوارى بێ خزمه‌تى خه‌ڵكى شاره‌كه‌ به‌ڵگه‌ له‌ زۆر قسه‌ى ديكه‌ بۆ ئه‌م گوتانه‌يه‌. ئه‌گه‌ر ئاوا نييه‌و وا نايه‌ته‌ به‌رچاو؛ خه‌ڵكى ئه‌مشاره‌ بۆ له‌ دواى 33ساڵ له‌ ڕوودانى كاره‌ساتى كيميابارانكردنى شاره‌كه‌ياندا؛ هێشتاكه‌ هه‌ر ده‌يانه‌وێت له‌ ڕۆژى 16/ 3/ 2021 پاش 33ساڵ له‌ ڕوودانى كيميابارانى ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كه‌يان به‌ ڕێپێوان و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانيى به‌ مافه‌كانيان بگه‌ن. كه‌ داخوازى و داواكارى بنه‌ڕه‌تييان خزمه‌تكردنى زياترى ئاوه‌دانى شار ‌و هاوڵاتيان و گه‌نج و لاو و چين وتوێژه‌كانى ديكه‌يه‌تى‌.
     له‌ كوێى دونيا بووه‌ و ده‌بێت؛ شارێكى ڕه‌مزى و كاره‌ستبارى مێژووى گه‌له‌كه‌ت له‌ڕووى خزمه‌ت و خزمه‌تكارييه‌وه‌‌‌ بخه‌يته‌ ڕيزى دوايه‌مين شاره‌كان له‌ڕووى خزمه‌تكردن و ئاوه‌دانييه‌وه‌. كێ هه‌يه‌و كامه‌ كه‌س له‌ ئاستى به‌رپرسيارێتى ده‌توانێت به‌ ڕاشكاوى له‌لى ئه‌وه‌ بكات ئه‌مشاره‌ خزمه‌تكردنى مافى خۆى نييه‌ و ده‌بێ هه‌روا بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاوا وێناكردنێك له‌ناخ و هه‌ناوى هه‌ركه‌سێك له‌ئاستى به‌رپرسياريدا په‌نگى نه‌خواردووته‌وه‌، ئيتر له‌ڕاستيدا كاتى ئه‌وه‌ نييه‌ ئه‌مشاره‌ له‌هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ببڕ‌ێت و بێ خزمه‌ت و خزمه‌تكارى بيهێڵرێته‌وه
‌     ئه‌وه‌شى به‌ڕوونى دياره‌ و به‌رچاوه‌؛ ڕۆژێك ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ى سنووره‌كانى، ڕۆژێكى دى ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ى شياونه‌بوونى به‌پارێزگابوونى، ڕۆژێك وه‌گه‌ڕنه‌خستنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌كه‌، رۆژێك بڕوبيانووى جيوپۆله‌تيكى شاره‌كه‌، ڕۆژێك ڕيكنه‌كه‌تنى لايه‌نه ‌سياسييه‌حيزبييه‌كانى، ڕۆژێك بيانووهێنانه‌وه‌ى بودجه‌ ته‌رخان نه‌كردن له‌لايه‌ن حكومه‌تى عێراق‌ و هه‌زاران بيانوو دۆزينه‌وه‌ى تر ده‌ست به‌ده‌ستى يه‌كدى داوه‌ كه‌ خزمه‌تى ئه‌مشاره‌ نه‌ك له‌33ساڵه‌مين ساڵوه‌گه‌ڕى له‌ په‌نجايه‌مين ساڵوه‌گه‌ريشيدا ڕنگه‌ نه‌بينينه‌وه‌.
     ئه‌مڕۆ منى هه‌ڵه‌بجه‌يى؛ خاوه‌ن ئه‌م وتاره‌ به‌خێرهاتنى كه‌سانێك بۆ شاره‌كه‌م له‌ يادى شه‌هيدانم له‌ ئاستى به‌رپرسيارێتيدا ده‌كه‌م؛ كه‌ شتێكيان له‌ هه‌گبه‌ بۆ خزمه‌تى شاره‌كه‌ و هاونيشتيمانيانى بوو بێت، هه‌بوون ئازيزانێك كه‌ له‌شاره‌كه‌ شه‌قام به‌ناوى ئه‌وانه‌وه‌ كراوه‌ و هه‌وڵى بێوچانيان بۆ خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌ كردووه‌ و خه‌ڵك هه‌ڵوێست و كار و هه‌نگاوه‌كانيان هه‌ميشه‌ به‌رز ده‌نرخێنێت‌.
 به‌ڵام هه‌رده‌م ده‌شتوانين ئه‌وه‌ بڵێين دياره‌ له‌ئاستى به‌رپرسيارێتى بۆ خزمه‌تى شاره‌كه‌مان كه‌مته‌رخه‌مييه‌كى ئيجگار له‌لايه‌ن هه‌ندێك كاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ چ له‌ ناوخۆى شار و ده‌ره‌وه‌ش هه‌بووه؛ ئه‌گينا شار به‌م ئاسته‌ له‌ بێ خزمه‌تى نه‌ده‌گه‌شت، كه‌ ئاوا هه‌ڵوێستانێكى نه‌رێنى؛ به‌دڵنياييه‌وه‌ ڕۆژگارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ خه‌ڵكى ئه‌مشاره‌ نه‌فى يه‌كجارييان بكات و ڕيگه‌ى هاتنه‌ ژووره‌وه‌ ته‌نانه‌ت بۆ شاره‌كه‌شيان به‌هۆى هيچ له‌هه‌گبه‌ نه‌بونياندا بدات.
     بۆيه‌ په‌يامى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌روه‌ك دروشمه‌كانى هه‌ڵواسراوى شار له‌33يه‌مين ساڵياديدا؛ په‌يامى ئاوه‌دانى و خزمه‌ت و خزمه‌تكارى بۆ هه‌موو چين وتوێژه‌كانى(لاو وگه‌نج و پير) وكه‌سوكارى قوربانيانێتى، چونكه‌ به‌پێويست نازانرێت هيچ كاتێك يادێك بكرێته‌وه‌ فه‌رشى سوور بۆ كه‌سانێك دابخرێت كه‌ له‌ په‌ساى ئه‌ودا هيچ له‌ هه‌گبه‌ياندا بۆ خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌ نييه‌و هه‌ڵويستيان هيچكات له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مشاره‌ كاره‌ساتباره‌يه‌‌دا نه‌بووه‌. بۆيه‌ هه‌ڵه‌بجه‌يه‌كان له‌ ئه‌گه‌رى ئاوا هه‌ڵوێستانێك كه‌ خزمه‌تيان ناكات، خۆيان يادێك له‌ ماڵ و گوڕستانه‌كان بۆ شه‌هيدانيان ده‌كه‌نه‌وه‌ و نايانه‌وێت كه‌سانێك بۆ خۆنواندن خۆيان به‌خاوه‌ن قه‌زيه‌ى كۆمه‌ڵكوژيه‌كه‌يان بزانن و له‌په‌ساى ئه‌ودا بير له‌ خزمه‌تكردنيان نه‌كه‌نه‌وه‌.
‌  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×