کۆڕۆنا.. لەنێوان پەتایەکی سروشتی‌و شەڕێکی بایۆلۆجیدا

فوئاد زیندانی
  2020-03-27     850
ململانێی نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان چینەکان تا جیاوازی چینایەتی زیاتر بێت ململانێکانیش زیاتر دەبن و شێوەو شێوازی بەربەرەکانێی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. سیستەمی سەرمایەداری هەردەم بەدوای بازاڕو قازانجدا دەگەرێ، هەتا ئەگەر لەسەر لاشەی مرۆڤەکانیش بێ بەلایەوە گرنگ نیە، بەڵکو ئاستی قازانجەکە بەلایەوە گرنگترینە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا(کۆڤید 19) وەک دەزانین سەرەتا لە ووڵاتی چین بڵاوبۆوە دواتر چەندین ووڵاتی تری گرتەوە ئێستا لەزۆربەی ووڵاتانی گۆی زەوی بڵاو بۆتەوە، ئەوەی کە تێبینی دەکرێ بڵاوبوونەوەیەکی زۆر خێرایەو زیانەکانیشی زۆر مەترسیدارە، بەڵام لەڕوی سیاسیەوە هێشتا جێگای گوومانە.

پزیشکان بەگشتی و پسپۆڕانی تایبەت بەڤایرۆسەکان واتە(ڤیرۆلۆگی) لەڕوی پیشەییەوە دەڕواننە بابەتەکەو لەو باوەڕەدانین کە مرۆڤ دەستی هەبێت لەدروستکردنی ئەو ڤایرۆسە یا وڵاتێکی وەک ئەمەریکا دەستی هەبێت لەبەرهەمهێنانی ئەو ڤایرۆسەو بڵاوکردنەوەیدا. 

بەدەر لە بابەتە پزیشکیەکە لە ڕووی سیاسیەوە دەبینین سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) بگۆڕێ و بیکاتە(ڤایرۆسی چینی) ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بەململانێی نێوان ئەو دوو ووڵاتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا پێداگری ئەمەریکا دژ بە چین لەم کاتەدا بەواتای لەدایکبونی جەمسەرێکی ترە بەرامبەر بەئەمەریکا کە ڕەنگە ئەو جەمسەرە تازەیە لە ڕوانگەی ئەمەریکا ووڵاتی چین بێت؟ یا ئەمەریکا هەست بە خۆی دەکات لەقۆناغی کۆتایی سەرکردایەتی کردنی سیستەمی سەرمایەداریدایە. 

دەرکەوتنی چین وەک زلهێزیکی ئابووری و چاوەڕێش دەکرێ لە داهاتوودا ووڵاتی هندستان بەهەمان ڕێچکەی چین ببێتە زلهێزێکی تری ئابووری لە جیهان تەرازووەکە لە ئاستی جیهان دەگۆڕێ و تاک جەمسەری کۆتایی پێدێ و فرە جەمسەری پێکدێت، ئەوەش بێگوومان پێگەی سیاسی و ئابووری ئەمەریکا لاواز دەکات. لەبەرئەوەی ئەمەریکا زوو هەستی بەو ڕاستیە کردووە، بۆیە دژایەتی چین دەکات. ئەو گریمانەیە وایکردووە مرۆڤ بە گومانەوە بڕوانێتە ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) کە تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنیووە.

پرسیارێکی تر کە لای مرۆڤ دروست دەبێت سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەویش ئەوەیە ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کە پیشەنگن لەدروستکردنی تەکنەلۆجیای تەندروستی و خاوەن سیستەمی تەندروستی زۆر پێشکەوتوون بەتایبەتی ئەڵمانیا دواتر بەریتانیا و فەڕەنسا و تا دەگاتە ئەمەریکا، هۆکار چیە سەرەتا زۆر بەسادەیی مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسی کڕۆنا کرد؟ لەتوانایاندایە بچنە سەر مانگ و مانگی دەستکرد دروستبکەن خاوەنی باشترین پیشەسازی ئەلیکتڕۆنی و پیشەسازی قورسن، لەکاتێکدا بەملیارەها دۆلار تەرخان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیانی ووڵاتەکانیان، چۆن دەبێ ژمارەیەکی کەم لەئامێری هەناسەدانی دەستکرد لەنەخۆشخانەکانیاندا هەبێت، یا ماسک و پێداویستی تر لەنەخۆشخانەکانیاندا نەبێت یا زۆر کەم بێت کە لەخودی ئەو ووڵاتانە دروست دەکرێت و بەرهەمدەهێندرێت و هەناردەی ووڵاتانی تریش دەکرا؟ لەوەش سەیرتر لەوڵاتی(سوید) حکومەت پێیوابوو ئەگەر گەنجەکان تووشی کۆڕۆنا ببن ئەوا بەرگری لەشیان بەهێز دەبێت، ئەو بۆچوونە وەکو ئەوە وایە ووڵاتێک پێشوازی لە ڤایرۆسەکە بکات!

ووڵاتی ئیتاڵیا بەتەنیا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نیە، یارمەتی پێوویستی لەوڵاتانی ئەندام لەیەکیەتی ئەوروپاو ناتۆ پێنەگەیشت، بەڵکو وڵاتی چین فریای کەوت ئەوەش پێگەی چین زیاتر بەهێز دەکات، چین یارمەتی گەیاندە ووڵاتانی تریش لەوانە فەڕەنساو بەلجیکاو ئێران و عیڕاق و هەرێمی کوردستان.

لێرەدا ئەوەی ڕوودەدا ئەگەر نەتوانین حوکمی لەسەر بدەین کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا شەڕێکی مایکڕۆبایۆلۆجیە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرپا کراوە لەپێناو داڕمانی ئابووری ووڵاتێکی وەک چین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاماژەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ لاوازبوونی ئەمەریکاو سیستەمی سەرمایەداری، بەرەو کۆتایی چوونی تاک جەمسەرییە لەجیهان، باجەکەش خەڵکی چەوساوە دەیدات و دەبێتە قوربانی. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×