چالاکوانانی هەرێم لەقۆناغی گرتنە دەستی کاغەزی ئەیفۆرن
فوئاد زیندانی
2019-12-20   866
لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە گەلی عیڕاق سەرقاڵی شۆڕشێکی ئاشتیانەی سەرسوڕهێنەرە لەدژی گەندەڵکارانی دەسەڵاتی مەزهەبی عیڕاقی، توانیان یەکێک لەداواکارییەکانیان بەدیبێنن کە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عیڕاق بوو، سەرباری توندوتیژیو تیرۆرکردنو تۆقاندنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتو حزبو میلیشیا و گرووپە مەزهەبیە شیعیەکانی عیڕاقی گرێدراوی ئێران بەشێوازی جیاواز، بەڵام خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەربەردەوامن لەگردبوونەوەو خۆپیشاندان لەگۆڕەپانی "تەحریر"ی شاری بەغدادو شارەکانی تری عیڕاق.
ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان چالاکوانانی هەرێمی کوردستانو بەشەکەی تری عیڕاق، بۆمان دەردەکەوێ کە دوو شتی زۆر لێک جیاوازن، کەسایەتی خۆپیشاندەر لەگۆڕەپانی تەحریر زۆر جیاوازە لەکەسایەتی چالاکوان لەشارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی عیراق بریتین لە کرێکار، فەرمانبەر، قوتابی و مامۆستا، خوێندکار و مامۆستای زانکۆ، شاعیر و نووسەر و هونەرمەند ...هتد، لە گۆڕەپانی تەحریر و شوێنەکانی تر وەکو یەک تیم لە چالاکیدان. زۆر دەگمەنە خۆپیشاندەرێک بدۆزییەوە کەرەڤاتی لە مل بێت یا کچێک، ژنێک مکیاژی کردبێت، هەموویان بە ڕووحیەتی شۆڕشگێڕی هاتووەنە مەیدانەکە، کەس نایەوێ ببێتە گسک لێدەری فەیسبووک شەوان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زیاترین ژمارەی(لایک) یا کۆمێنت نووسینبێ، بەڵکو وێنەی سیڵڤی ناگرن و وێنەی کەسەکانی بەشداربوو زۆر کەم بڵاو دەکرێتەوە، چونکە ئامانجیان خۆ هەڵکێشان نیە، ئەوان دەزانن فەیسبووک و لایک بۆ فێڵ لە خۆکردن باشە، هەڵویست بەلایک و کۆمێنت نیە، بەڵکو بە هاتنە سەرشەقامە بە ڕوحیەتی شۆڕشگێڕی لە دژی تاقمی گەندەڵی دەسەڵاتدار.
لە هەرێمی کوردستان ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو بووە بە نەریت چالاکوانان بە گرووپی بچووک بچووک چالاکی و گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، هەندێکیان بەگرنگی دەزانن لە میدیاکان دەربکەون و لێدوان بدەن، لە زۆربەی چالاکیەکانیش بەشداربووان کە ژمارەیان زۆربەی جار لە(سی) بەشداربوو تێپەڕ ناکات کاغەزی(ئەی فۆڕ) بە دەستیانەوە دەگرن، هەر لەسەرەتای چالاکیەکە هەندێکیان زوو بە مۆبایل وێنەی خۆیان دەگرن، دوای نانخواردنی ئێوارە لە فەیسبووک بڵاوی دەکەنەوە خۆیان وەکو جیڤارای شۆڕشگیڕ نمایش دەکەن، سەرقاڵی لایک کۆکردنەوەدەبن، بەو شێوەیە دەیانەوێ تەختی گەندەڵکاران و کورسیەکانیان بهەژێنن.
تا ئێستا چالاکیەک لە هەرێمی کوردستان نەکراوە جەماوەری و سەرتاسەری بێت و سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانی ناچاری دەستلەکارکێشانەوە کردبێت، بە پێچەوانەوە هەندێک بەناو چالاکوان سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن، وەک بۆنەیەک بەشداری چالاکیەکان دەکەن.
دیارە گرووپێک لە چالاکوانانی مەدەنی ڕاستەقینە کە چالاکیەک ئەنجام دەدەن نیشانەی هەستکردنە بە دڵسۆزی، بەڵام بەو شێوەیە پەیامەکان ناگات، هاوکات کاریگەری لەسەر بڕیاری حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی سیاسی نابێت، چوونکە خودی چالاکیەکان زۆر جار کەمترە لە کاتژمێرێک کە هیچ کاریگەری نیە، جگە لەوەش زۆر جار بە چاو سورکردنەوەی هێزە چەکدارەکان ناهێڵن چالاکیەکەش ئەنجام بدرێت. جاری وا هەبووە ژمارەی کامیرەمان و پەیامنێرەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بۆ ڕۆماڵکردنی چالاکیەکان ئاماددە دەبن لە ژمارەی خودی چالاکوانانی ئاماددەبوو زیاتربووە.
ناتوانین بەراورد لە نێوان چالاکوان و خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەک چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی تری عیڕاق لەلایەکی تر بکەین، نەک تەنیا لەبەر ئەو خاڵانانەی ئاماژەم پێکرد، بەڵکو ڕوحی ئەو گۆڕانکارییەی لە هزری خۆپیشاندەرانی بەغداد و شارەکانی تری عیڕاق بەرجەستە بووە، گیان لەسەردەست دێنە سەرشەقام سەربەرزانە ڕێبواری ڕێگایەکن ئاماددەن شەهیدبن لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر، هێشتا ئەو ڕۆحیەتە خۆنەوویستە لەلایەن چالاکوانانی هەرێمی کوردستان دروستنەبووە، بۆیە چالاکیە مەدەنییەکان زۆر جار وەک چالاکیەکی سادە خۆی نمایش دەکات، بەشێوەیەک لە شێوەکان خزمەت بەسەدەڵات دەکات تا ئاستێک دەیسەلمێنێ کە دیموکراتیەت و ئازادیەکی ڕووکەش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ئاستێکی زۆر نزمیشدا بێت بەڵام بوونی هەیە!
کاتی ئەوە هاتووە خەڵک بوێرانە داوای مافە سروشتیەکانی خۆی بکات کە بریتیە لە کەمکردنەوەی مووچە و خانەنشینی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و مووچەی و وەزیران و پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان بۆ کەمتر لە نیوەی مووچەی ئێستایان، نەهێشتنی مووچە و خانەنشینی حزبی و بندیوار، هەروەها دابینکردنی هەلی کار، خزمەتگوزاری کارەبا و ئاوی پاک و نەهێشتنی خواردن و دەرمانی ئێکسپایەر و مسۆگەرکردنی خزمەتگوزاری گشتی و دادپەروەری و ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا، گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک و سەروەری یاسا و دەرکردنی سوپای بێگانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و هتد...
کاتی ئەوە هاتووە دەستبەرداری گرتنە دەستی کاغەزی(ئەی فۆڕبین) پێوویستە شێوازی تری خەباتی مەدەنی ئاشتیانە هەڵبژێرین، خەریکی لایک کۆکردنەوە لە فەیسبووک و خۆ نمایشکردن و خۆدەرخستن لە شاشەکان نەبین. ئەگەر هاووڵاتی داواکاری هەیە با داوایبکات،سەرباری ئەوەی ژیانی هاووڵاتیان ناخۆشە، نەوت لە ماڵەکاندا نیە بۆ خۆ گەرمکردنەوە و خۆپاراستن لە سەرمای زستان، مووچەی پاشەکەوتکراوی هاووڵاتیان زەوتکراوە، باج و ڕسومات زیاتر بووە و بەردەوام باج لە هاووڵاتی وەردەگیرێ بێ ئەوەی حکومەت هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی لە ڕووی بیمەی تەندروستی و ژیانی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتی دابین بکات.
گرنگە چالاکوانان و جەماوەر بە گشتی دەستبەرداری هەڵوێستی شەرمنانەبن، بەدەنگی بەرز داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو، لە پێناو کۆتاییهێنان بە سیاسەتی کۆیلایەتی حزب و خێڵ و بنەماڵە و مەحسوبیەتی حزبی، پێوویستە میللەت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان مەرجەکانی بۆ کاندیدانی پۆستی سەرۆکایەتییەکان بە ڕاشکاوانە دەستنیشانبکات، میللەت ببێتە بڕیاردەر یا بەشداری کارای هەبێت لە بڕیاردانی سیاسی و چاکسازی و تەنانەت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر هەموارکردن و دانانی یاساکانی پەرلەمان.