هێرشەکانی تورکیاو بێهەڵوێستی ئێمەی کورد
فوئاد زیندانی
2019-06-04   1012
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەهەمو ڕویەکەوە پەرە بەهێرشەکانی دەدا بۆ سەر گەلی کورد.
تورکیا وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر لەباکوری کوردستان بەردەوامە لەهێرشەکانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بەشێوەیەک باکوری کوردستانی کردووە بەسەربازگەیەکی مەزن، هاوکات بەشێوەیەکی هاوتەریب تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، ناوچەکانی برادۆست و قەندیل و خواکوڕک و شیلادزێ و ناوچەکانی تر بەئارەزوی خۆی بۆمباران و هەندێک شوێن داگیر دەکات.
ڕژێمی تورکیا بەبیانوی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) تەواوی کورد و باشوری کوردستان دەکاتە ئامانج، هاوکات تورکیا دڵنیایە لەوەی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان ئەو هێرشانەیان قەبووڵە، چونکە بە پڕاکتیک زیاتر لە پازدە بنکەی سەربازی و هەواڵگری دەوڵەتی تورک بەفەرمی لەهەرێمی کوردستان هەیە. شەوی(٢٧) ئایار چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیڕاق بۆ تورکیا، هێزە زەمینی و ئاسمانییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێرشەکانیان بۆ سەر باشوری کوردستان چڕتر کردەوە، دەیان فڕۆکەی شەڕکەر بە بەشداری وەزیری بەرگری و بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر باشوری کوردستان، ئەوەی شایانی ئاماژەپێکردنە بۆ ڕازیکردنی ئەردۆغان چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا، لە شاری سلێمانی ڕێگریکرا لە سیمینارێک کە بڕیاربوو بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) بەڕێوەبچێت!
وەک دەزانین لە دەڤەری شیلادزێ لە هەرێمی کوردستان خەڵکی ناوچەکە لەدژی بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاپەڕینیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەدەڤەرەکە سەرکوتکران. دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە زۆنی کەسک و زەرد وەکو پیشەیی هەمیشەییان هاریکاری داگیرکەرانن، بەشێوەیەک لە پێناو بەرژەوەندی بنەماڵەیی بوونە بەشێک لەو داگیرکارییە.
باڵکێشە لە هەرێمێکدا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان زیاتر لە حەفت هەزار ڕۆژنامەنووس وەک ئەندام تۆمارکرابێت، بەدەیان دەزگای ئیعلامی حکومی، ئەهلی، بندیوار، بەناو سەربەخۆ....هتد هەبێت، بەسەدان بەناو ڕۆشنبیر، نووسەر هەبێت، لەدژی داگیرکاری کەسێک دەنگی لێوەنەیەت! ئەو بێدەنگیە خۆی لەخۆیدا قەبوڵکردن و هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی داگیرکەرانە، بەتایبەتی پشتیوانیکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر باشوری کوردستان. زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان ڕێکلام بۆ کاڵای تورکی دەکەن، بەڵام تا ئێستا یەک ڕێپۆرتاژ لەسەر کوالیتێتی بەرهەمە تورکیەکان نەکراوە! ئەوەندەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خواردن و دەرمانی ماوە بەسەرچوو(ئێکسپایەر) ی تورکی و ئێرانی نەخۆش دەبن یان دەمرن، ئەوەندە بە هێرشی گازی کیمیاوی هەڵەبجە شەهید نەبوون.
دیارە هەڵوێستی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ خاوەن هەڵوێستبێت لە دژی داگیرکەرانی کوردستان نەک تەنیا کاتێک هێرشی سەر باشوری کوردستان دەکەن، بەڵکو دژی داگیرکەرانبین کاتێک هێرش دەکەنە سەر هەربەشێک لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان. جێگایداخە خەریکە بێهەڵوێستی و بێدەنگی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشور و بەشەکانی تری کوردستان دەبێتە نەریت لەناو ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕاگەیاندکارانی باشور کوردستان. وایلێهاتووە هاوشێوەی دووژمن بیربکەینەوە بڵێین تەنیا هەولێر، سلێمانی، دهۆک کوردستانە، کەرکوک و خورماتوو، ناوچە داگیرکراوەکانی سنوری ماددەی(١٤٠) و بەشەکانی تری کوردستان داگیربکرێ، بسوتێندرێ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە کەس باسی ناکات!
ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان بەو یارییە بێ کۆتایەی نێوان یەکیەتی و پارتی میللەتیان سەرقاڵکردووە، تەواوی بابەتەکانی ڕاگەیاندنەکان لەو چارەگە سەدەی ڕابردوو بۆ کێشمەکێشی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، بەتایبەتی ئەو هەشت مانگەی دوایی باس باسی پلە و پۆستی کوڕی فڵان و برازای فڵانە لە بنەماڵەی فڵانە، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی بزانین شتیک نیە لە هەرێمی کوردستان پێی بگوترێ ڕاگەیاندنی پرۆفیشناڵ، ئەو بێ هەڵوێستیەی ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران و پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردۆتەوە سەر کۆمەڵگا، هاوکات ڕاستەوخۆ باشترین خزمەتی بە تورکیا و ئێرانی داگیرکەر کردووە.