سەروەری وڵات بەندە بە سەربەخۆیی ووڵات، ووڵات مەبەست لێی سنورێکی جوگرافی دیاریکراوە کە دانیشتوانەکەی بە بەردەوامی لەوێ دەژین، سەربەخۆی خۆی بەدەستهێناوە، حکومەت لە پاراستنی ئەو سنورە دیاریکراوەی کە هاوسنورە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێی بەرپرسیارە، ئەگەر لەو ووڵاتە سیستەمی فیدرالی پەیڕەو بکرێ، پاراستنی سنور لەئەستۆی حکومەتی ناوەندییە، ئەوەش لە ووڵاتێک جێبەجێدەکرێت کە سەربەخۆیی تەواوی هەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە ووڵاتی خاوەن سەروەری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و سیاسەتی دەرەوەی دادەڕێژێ و پەیڕەوی دەکات، هاوکات لە بڕیاردانی ناوخۆی ووڵاتیش پێوویستە خاوەن سەروەری بێت، نابێت ووڵاتانی داگیرکەر کاریگەریان لەسەر سیاسەت و بڕیاردانی ناوخۆی ووڵات هەبێت یا دەستوەردانی کاروباری ناوخۆ بکەن. یاسای نێودەوڵەتیش بەدەر لە گەورەیی و بچوکی قەبارەی ووڵاتەکان، داوا دەکات ڕێز لەسەروەری سنوری ووڵاتان بگیرێت.
ئەوەی ئێستا سوپای داگیرکەری تورکیا بەرامبەر بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان وعیڕاق دەیکات، داگیرکاریەکی کەم وێنەیە کە ساڵەهای ساڵە بە فڕۆکەی جەنگی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆمباران دەکا، ڕۆژانە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات بە تایبەتی چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕ، ئەتۆمی تاکتیکی، تۆپ و تانک لەدژی خەڵکی سڤیل بەکار دەهێنێت، هەروەها خەڵکی ووڵاتپارێز لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان تیرۆر دەکات. سیاسەتی خاکی سوتاو بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.
تورکیا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار کاتێک بە ئاشکرا بەسەدان کیلۆمەتر قوڵای خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە، ڕێگا وبان و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی دروستکردووە، ئامانجی داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان و لکاندنی بە ئەنقەرەیە، ئەگەر بە پێوەری سەربازی پێوانەی بکەین لە(هەوایی) واتە ئاسمانی لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم بە قوڵایی زیاتر لە(٢٢)کم،لە زەمینی دەکاتە دەیان کیلۆمەتر سوپای تورکیا خاکی هەرێمی داگیرکردووە، هەرە دوایش بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر زریپۆش و تانک و چەکی قورس و سەدان سەربازی هێنا دەڤەری بادینان. ئەوەش پێمان دەڵێ کە لە ڕووی سەربازیەوە سەرجەم شارەکانی هەرێم بە(کەوتوو) هەژمار دەکرێت.
تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)ی کردووە بە بیانووی هێرش و داگیرکارییەکانی، بەڵام لە ڕاستیدا بابەتەکە ئەوە نیە، بەڵکو ئامانجی لەناوبردنی هەرێمی کوردستانە و داگیرکردنی یەکجارەکی خاکی کوردستانە.
بێدەنگیەکی تەواو باڵیکێشاوە بەسەر داگیرکارییەکانی تورکیا، حکومەت و پەرلەمانی عیراق و هەرێم بە ئەرکی ئەخلاقی خۆیان هەڵنەستاون، بە تایبەتی عیڕاق کە دەوڵەتە دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکات، هەروەها خاوەن سوپایە، هێزی سەربازی هەیە دەتوانێ بەرگری بکات، هەروەها خاوەن ئابوورییەکی بەهێزە، دەبوایە بەلایەنی کەم لە ڕووی ئابووری و بازرگانی هەڵوێستێکی هەبوایە، بەڵام بێدەنگی عیڕاق مەترسیدارە،بێهەڵوێستە وادیارە داگیرکارییەکەی قەبوڵە، کەواتە هاریکارە.
نەک تەنیا عیڕاق هەر لایەنێکی کوردی لە هەرێم و بەشەکانی تری کوردستان هاوکاری داگیرکەران بێت یان قەبوڵی بێت دەکەوێتە چوارچێوەی خیانەتی نیشتمانی .
پارتە سیاسیەکانی هەرێم و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و میدیای کوردی بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقیان لەسەر شانە، پێوویستە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران بوەستنەوە بێدەنگ نەبن، چونکە سەروەری خاکی کوردستان نامووسە، کاتێک ووڵات داگیرکرا واتە نامووس داگیرکرا، هەر ووڵاتێکیش بەشێک لە خاکەکەی داگیر کرا واتە سەربەخۆی و سەروەری خۆی لەدەستداوە.
کاتی ئەوە هاتووە بەهەموو شێوەیەک هەموومان لە دژی داگیرکارییەکان بوەستینەوە بۆ ئەوەی خاک و نامووس لەم هەرێمە پارێزراوبێت.