هەژدەی ئادار ڕۆژی زیندانیانی سیاسی

فوئاد زیندانی
  2024-03-17     249

ساڵانە ڕۆژی(١٨)ی ئادار وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی زیندانیانی سیاسی یاد دەکرێتەوە، لە لایەن زۆرێک لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و باوەڕمەندانی چەپ و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە چەندین ووڵاتی جیهان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ئەو یادە، چالاکی، کۆڕ و سیمینار بەڕێوەدەچێ، هەروەها گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.

مێژووی هەژدەی ئادار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی(١٨٧١) ڕاپەڕینی گەلی پاریس لەو ساڵەدا، لە مێژوودا بە(کۆمۆنی پاریس) ناسراوە، کاتێک گەل لە پاریس ڕاپەڕی دژی حکومەتی ناوەندی، حکومەت بەزەبر و زەنگ و ئاگروئاسن ڕووبەڕووی جەماوەر بۆوە، بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست هەزار ژن و پیاو کوژران و(١٣)هەزار کەسی تریش دەستگیرکران و زیندانی هەتا هەتایان بەسەردا سەپێندرا.

سەد ساڵ لەمەوبەر بە دیاریکراوی ساڵی(١٩٢٣) لە ئەڵمانیا بۆ یەکەم جار گرووپی(ڕۆتە هیلفە) دەستپێشخەری یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەی کرد و ساڵانە ئەو یادەی بەرز ڕاگرت، هەر لە ئەڵمانیا لە ساڵی(١٩٩٦) وە تا ئێستا ساڵانە لە هەژدەی ئادار لەلایەن چەندین ناوەند و گرووپ و بزووتنەوەی سیاسی بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی زیندانیانی سیاسی ئینتەرناسیونال ژمارەیەکی زۆر چالاکی ئەنجام دەدرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە عیراق و ئێران و تورکیا و سوریا کاروانی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە تا ئێستا دەیان هەزار کەس بە هۆکاری سیاسی و خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی و باوەڕی جیاواز زیندانی کراون.

 لە عیراق سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی، گرتووخانەی نوگرەسەلمان کە ئینگلیز دروستی کردبوو زۆربەی ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی عیڕاق لەوێ زیندانی کرابوون. لە دوای ڕووخانی عەبدولکەریم قاسم لە نیوان ساڵانی(١٩٦٣ تا ١٩٦٨) خوێناویترین قۆناغی سیاسی بوو، هەزاران کەس دەستگیر کران ئەو کاتیش شیوعیەکانی عیڕاق بوونە پێشەنگی قوربانیدانی خەباتی زیندان. دواتریش ساڵی ١٩٦٨ تا ڕووخانی ڕژێمی عیڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغی دووەمی کارەساتە خوێناوییەکان بوو کە شانبەشانی داپلؤسینی سیاسی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارنی هەڵەبجە و شوێنەکانی تریش لەلایەن ڕژێمی عیڕاق ئەنجدام درا.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بارودۆخیان هاوشێوەی باشوری کوردستان و عیڕاقی پێش ساڵی(٢٠٠٣) یە، ڕۆژانە هەواڵی گرتن و لەسێداەدان دەبیستین.

باکوری کوردستان و تورکیا، بارودۆخی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا کارەساتبارە لە ئاستی جیهان وێنەی نیە، دەیان هەزار کەس بە هۆکاری سیاسی لە زیندانەکاندان، زیاتر لە(٦٨) گرتووخانەی زیندانیانی سیاسی لەو ووڵاتە هەیە،بەڵام هێشتا حکومەتی تورکی سەرقالی دروستکردنی گرتووخانەی نوێیە. ژمارەیەکی زۆر زیندانی سیاسی ماوەی(٣٠) ساڵە لە تورکیا بە هۆکاری سیاسی لە زیندانن. ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(عەبدوڵا ئۆجەلان) لە ساڵی(١٩٩٩) وە لە دوورگەی ئیمراڵی لەزیندانە، ماوەی(٣) سالە هیچ هەواڵێک دەربارەی نازاندرێ!

ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا تا ساڵی(٢٠١٢) سوریا ووڵاتێکی داپڵۆسێنەری مەترسیداربوو، دوای ڕاپەڕینی ڕۆژئاوای کوردستان نەمانی ڕژێمی ناوەندیی لە شارە کوردییەکان، دەرفەتێکی باش هاتەپێشەوە، کورد توانی لەو بەشەی کوردستان بەرێوەبەرایەتیەکی خۆسەر پێکبهێنێ، بەڵام دوای داگیرکردنی شارەکانی سەرێکانی و عەفرین لە لایەن تورکیا و هێزەکانی داگیرکەری گرێدراوی تورکیا بارودۆخی کوردان لەو دوو شارە زۆر خراپە.

ساڵی(٢٠١٠) فیدراسیۆنی زیندانی سیاسی کوردستان دامەزرا، لە کۆنفرانسی دامەزراندن یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی گفتوگۆی لەسەر کرا بابەتی دەستنیشانکردنی ڕۆژی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان بوو، هەژدەی ئادار یەکێک بوو لەو پێشنیارانە، ئامانجی لێی ڕێزگرتن بوو لە خەباتی زیندانیانی سیاسی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە کورد لە چواربەشی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتووە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×