یەكیان گێلەو ئەویتریشیان هەر ناناسم
سەلام عەبدوڵا
2019-10-11   815
فەرید ئەسەسەرد راهاتووە ماوە ماوە شتێكی بێ بنەما فڕێ دەداتە ناو ڕاگەیاندنەكانی سەر بە حزبەكەی. رۆژی دووشەممە 7ـی10ـی 2019لە لاپەڕەی دووی كوردستانی نوێدا لە نووسینێكیدا نامەكەی تیلەرسۆن بە نامەی بەلفۆر دەشوبهێنێت و سەیرەكەیشی لەوەدایە بە عەمد بێ یان نا، هەندێ زانیاریی نادروستیشی لەبارەی ئەو بابەتە خستووەتەڕوو كە بە نامەی تیلەرسۆن ناسراوە. بەر لە هەموو شتێك نامەكە، نامەی تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا یان نامەی ئەمەریكا نەبووە، هەروەك ئەسەسەرد باسی دەكات، نامەكە مسوەدەی نامەیەكی ئینشایی بێ مۆر و ئیمزا بووە كە برێت مەكگۆرك و فرانك بەیكەری سەفیری بەریتانیا و پاڤێل و چەند كەسێكی تر بەناوی تیلەرسۆن حازریان كردبوو. لەو مسوەدەیەدا بە هیچ شێوەیەك باسی ئەوە نەكرابوو كە ئەمەریكا پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات، ئەگەر دانوساندنی هەرێم و بەغدا ئەنجامی نەبوو. لە مسوەدەی نامەكەدا باس لەوە كرابوو كە ئەگەر دانوساندن بە ئەنجام نەگەییشت، ئەوا ئەمەریكا ڕێز لە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەگرێت. سەرۆك بارزانی داوای كرد وشەی رێز بگۆڕن بۆ پشتگیری، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون ئەم یەك وشەیە بگۆڕن.
هەموو لایەكیش ئاگادارن كە دوای چەند مانگ سەرۆكی ئەمەریكا تیلەرسۆنی بە كابرایەكی گێل لە قەڵەمدا و لای دا و دواتر راشیگەیاند كەسێك بەناوی مەكگۆرگ هەر ناناسم. پرسیاری جەوهەری لە ئەسەسەرد ئەوەیە چۆن كەسێكی گێل یەكسان دەكات بە بەلفۆر و چۆن دەكرا چارەنووسی میللەتێك بدرێتە دەست رەشنووسی نامەیەك كە كەسێكی نەناس بەناوی كەسێكی گێل ئامادەی كردووە؟ ئەم برادەرە كە خۆیشی بە فەیلەسوفی ئاخیرزەمان دەزانێ، ئەگەر مەبەستی ئەوەیە كە خیانەتەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر بشارنەوە و پاساوی بۆ بێننەوە، ئەوە با دڵنیا بێ ئەم خیانەتە گەورەیە بە ئەو و سەدانی وەك ئەو ناشاردرێتەوە. خۆ دەشزانین ئەگەر هاتبا و سەرۆك بارزانی بە ڕەشنووسی نامەكەی ئەو جەماعەتە قایل با هەر كەسی وەك فەرید ئێستا قسەیەكی تری دەكرد و دەیگوت نەدەبوا بارزانی ئەمە قبووڵ بكات. چۆن چارەنووسی میللەتێك بە ڕەشنووسی نامەی كەسێكی گێل پەیوەست كراوە و دەبوایە ڕیفراندۆممان كردبا. سەرچاوەی هەموو ئەو تەرزە نووسینانە ئەو حقدە بێ مانایەیە كە كەسانی وەك فەرید ئەسەسەرد لەسەری گۆش كراون. چارەسەر ئەوەیە بەخۆیاندا بچنەوە و واز لە ڕق و كینە بهێنن و شتەكان وەك خۆیان ببینن و وانە لە هەڵەكانیان وەربگرن.