ڕێگە بۆ کابینەی نۆیەم تەختکرا
سەلام عەبدوڵا
2019-05-07   715
ئەو دوو لایەنە سەرەکییەی کە بەبێ بوونی ئەوان لە حکومەتدا، لاسەنگییەک لە دۆخی سیاسیدا لە ھەرێم دەھاتە گۆڕێ کە کەس سوودمەند نەدەبوو لێی.
خۆشبەختانە ئەو دوو لایەنەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پێکەوە خاوەنی(٦٦) کورسی پەرلەمانین، ڕێکەوتننامەیەکیان لەڕۆژی ٥ی ئایاری ٩١٠٢ واژوو کرد بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، بەمەش کۆتایی بەو دڵەڕاوکێیە ھات کە ماوەیەکی زۆر دانیشتوانی ھەرێمی گرتووەتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕانیش کە خاوەن(١٢)کورسیە پێشتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکەوتننامەی واژوو کردبوو، بۆیە پێکەوە ئەو سێ لایەنە دەبنە خاوەن (٨٧) کورسی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دا کە دەتوانن بەئاسانی ھەموو بڕیار و یاسایەک لە بەرژەوەندی خەڵک، بێ گرفت، تێپەڕێنن، بەتایبەتی بۆ ئەو یاسایانەی کە ماوەی (٢٧) ساڵە نەتوانراوە چوارچێوەیەکی بۆ دیاری بکرێ و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش یاسای بەنیشتمانی کردنی دامەزراوەکانی و سڕینەوەی سیفەتی حزبی لێیان وەکو یەکەی حەفتا و ھەشتا کە دوو دامەزراوەی زۆر گرنگن کە بێ یەکبوونەوەی نەدەتوانرێ حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێنرێت و نە ھێزێکی تۆکمەی سەربازی کە بڕیار و فەرمان تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگەوە وەربگرێ.
دامەزراوەیەکی دیکەی گرنگ یەکگرتنەوەی دەستگاکانی ئاسایشی ھەردوو لایە کە ئێستا وەکو دوو دامەزراوەی سەربەخۆ و دوور لەیەک کار دەکەن بەمەش حکوومەتێکی لاواز و بێ توانا نمایش دەکات، چونکە ئەمانە ھەریەکەیان لە ناوچەی خۆیان باڵادەستن و کاریان دەڕوات، کە ئەمەش نیشانەی یەکنەگرتنەوە و دوو حکوومەت و دوو دەسەڵات نیشان دەدات کە ئەمڕۆ بەزەقی بە حکوومەتی ھەرێمەوە دیارە و مایەی شانازی نییە.
کابینەی نوێ دوای ئەو دوو ئەرکە سەرەکییەی پێویستە ھەوڵ و کاری ڕۆژانە و گورج بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی باری ئابووری خەڵک و بەرەو پێشەوەچوونی دۆخی ھەرێم بکات و ئەرکی چارەسەری ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماددەی (١٤٠) لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بخاتە ئەستۆ و ئەولەویەتی کارەکانی لە داھاتوویەکی نزیکدا.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی ئەم گەلە خۆڕاگر و قوربانیدەرە بکەین، کە لەم ماوە زۆرەدا سەبر و ئارامی نیشاندا و مۆڵەتی بە حزبەکاندا کە لە دانوستاندن بەردەوام بن و، بتوانن حکوومەتێکی بەھێز و سەرکەوتوو و کابینەیەک بۆ خزمەتی خەڵک فەراھەم بکات و پەرلەمانیش ھێز و کاریگەری خۆی نیشان بدات.