بۆچی پۆپۆلیزم ئەوەندە ترسناکە؟ لە مێریلاندەوە تا چاڤیلاند
سەلام عومەر
2019-04-22   1153
رۆژێک لە ڕۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم جەماوەری پارتەکەیدا لە ویلایەتی مێریلاند لە ساڵی ٢٠١٦دا، هاواری دەکرد،" ئۆکەی، ئۆکەی، دیوارەکە دروستئەکەین بەڵام کێ پارەکەی ئەدات؟ جەماوەرەکەی بە پەرۆشەوە ئەیانقیژاند،" مەکسیک، مەکسیک." ئەو رۆژە سەرۆک ترەمپ تەنیا بانگەوازی بۆ دروستکردنی دیوارێکی ئاسایی نەئەکرد، بەڵکو ئەو دیوارە دیواری جیاکردنەوەی ئێمە و ئەوان بوو، پاک و پیسەکان، خیانەتکار و نیشتیمانپەروەرەکان و گەندەڵ و چاکەخوازەکان. هەرچەندە زۆر پێش ترەمپ پۆپۆلیزم سەریهەڵداوە و بازاڕی گەرمبووە بەڵام لە چارەکە سەدەی رابردودا چەندین پۆپۆلیست تەنانەت لەڕێ هەڵبژاردنیشەوە دەگەنە سەر کورسی دەسەڵات و پشکەکانیان بەرەو هەڵکشان دەچن.
لەساڵانی ١٨٩٠کاندا پۆپۆلیزم وەک دیاردەیەکی بەربڵاو لە ئەمریکا سەرهەڵدەدات؛ پۆپۆلیزم، زاراوەیەکە لە راگەیاندن و زانستی سیاسیدا زۆر بەکاردێت؛ هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم رەوتە لە هەڵکشاندایە؛ دۆناڵد ترەمپی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جێرێمی کۆربینی بریتانیا و رۆدریگۆ دوتێرتێی سەرۆکی فلیپین هەموو وەک سەرکردەی پۆپۆلیست ناوزەددەکرێن؛ نزیکترین نمونەش لە هەرێمی کوردستانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە وەک پۆپۆلیستێکی قەومی کار لەسەر دروستکردنی دوژمنی بەردەوام و پیشاندانی خۆی وەک تاکە سەرکردەی فریادڕەس دەکات، نوێترین تاکتیکی سەرۆکی تورکیا خراپبەکارهێنانی ڤیدیۆکانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی نیوزلەندایە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.
پۆپۆلیزم لە زانستی سیاسیدا ئەو بیرۆکەیەیە کە کۆمەڵگە دەکات بە دوو بەشی دژ بەیەکەوە- "خەڵکی پاک" و "دەستەبژێری گەندەڵ"، بەگوێرەی لێکدانەوەی زانای سیاسی هۆڵەندی، سیاس مەد، نوسەری پۆپۆلیزم، ناساندنێکی زۆر کورت.
بەووتەی بێنیامین مۆفیت، نوسەری کتێبی "سەرهەڵدانی جیهانیی پۆپۆلیزم"، سەرکردەی پۆپۆلیست ئیدیعای ئەوە دەکات کە نوێنەری تاک و تەنیای "ئیرادەی خەڵکە"؛ بەرەو ڕووی دوژمن دەبێتەوە، کە خۆی لە "سیستمی ئێستادا" دەبینێتەوە، لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا، بۆ نمونە شاسوار عەبدولواحید وەک تاکە فریادڕەسی خەڵک و شۆڕەسواری دژایەتی سیستم خۆی نمایش دەکات. ئەزمونی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە و کردار لە رابردودا ئەوەمان بۆ نمایش دەکات کە چارەسەر لەدەرەوەی ئەو نییە و هەموو ڕێگەی چارەسەرەکان دەچنەوە ناو سەری سەرکردەی تاک و تەنیا و بێوێنە.
پۆپۆلیستەکان لە زۆربەی ناوچەکانی دنیا دەبینرێن، لە ئەمریکای لاتین، ئیسپانیا، یۆنان و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش. زۆربەی پۆپۆلیستەکان تێڕوانینی قوڵی سیاسیان نییە و زوربەی جار لەبەرەی راستڕەوەکاندا دەیانبینینەوە بەتایبەت راستڕەوە پەڕگیرەکان، زۆریش ئاسان دەیاناسیتەوە، دەڵێن، "ئەو کۆچبەرە پیسانە رەوانە دەکەینەوە" یان"ئێمە بەڕێوەیەن، بە خۆشی بێت یان ترشی دەبێت دەسەڵات تەسلیمبکەن- رۆژێک دێت وەک مولازم.... ئەتانکەین بەدارا...".
سەرکردەی پۆپۆلیست خۆی وەک "رۆحی کۆی خەڵک نمایش دەکات"؛ هاوکات، سەرکردەی پۆپۆلیست سیفاتی زۆر جیاکەرەوەی خۆیان هەیە، لەوانە "بە خراپ رەفتارکردن" دەناسرێنەوە یان بەشێوەیەک رەفتاردەکەن کە لە سیاسەتمەداری ئاسایی ناوەشێتەوە، ئەمەش بەووتەی پرۆفیسۆر مۆفیت؛ ئەگەر سەیری رەفتاری دۆناڵد ترەمپ یان سەرۆکی فلیپین بکەیت بە ئاسانی لە هەڵسوکەوتی سیاسەتمەداری تر جیایان دەکەینەوە، لە کوردستانیش ئەگەر سەیری هەڵسوکەوتی سەرکردەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بکەیت وەک پۆپۆلیستێک بە ئاسانی لە رەفتاری سەکردەی حزبی شیوعی کوردستانی جیادەکەیتەوە.
هاوکات، سەرکردەی پۆپۆلیست بەردەوام هەوڵی هێشتنەوە و خوڵقاندنی دۆخی نائاسایی دەدات و بەردەوام واینیشاندەدات، کە لە حاڵەتی بەرەوڕوبونەوەدایە. پرۆفیسۆر نادیە ئوربیناتی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەڵێت، "یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی سەرکردەی پۆپۆلیست درۆکردنە" و بەهەموو لایەکدا بەکاریدەهێنێت. هاوکات دەڵێت، پۆپۆلیست خاڵێکی تری بەهێزی ئەوەیە "بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆی لەگەڵ هەموو بارودۆخەکاندا دەگونجێنێت".
خاڵێکی تری کارەساتبار ئەوەیە کە سەرکردەی پۆپۆلیست خۆشی بە سیستمی دیموکراتی ئاڵۆزنایەت و زۆر کەیفی بە دیموکراسی راستەوخۆ و ریفراندۆمە.
دەرئەنجامەکانی خۆبەدەستەوەدان بە رەوتێکی پۆپۆلیست کارەستبارن؛ یەکەم لەبەرئەوەی پۆپۆلیستەکان خەڵک وەک یەک کوتلەی دانەبڕاو سەیردەکەن و فرەیی سیاسی و کلتوریی و تێڕوانینی جیاواز پشتگوێدەخەن؛ یان لەگەڵمانیت یان بێزراویت، بوار نییە بۆ هێڵی مامناوەند، یان لەبەرەی ئێمە دژی ئەوان دەجەنگیت یان تۆش وەک ئەوانی تر گەندەڵ و بێزراویت.
پۆپۆلیستەکان کار لەسەر سوککردنی کاری راستەقینەی سیاسی دەکەن و زیاتر هەوڵی ووروژاندنی هەست و سۆزی جەماوەر دەدەن؛ هەوڵی قوڵکردنەوەی بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و کار لەسەر بەدوژمنکردنی ئەوانی تر دەکەن. دواجاریش هەموو ئەو خەسڵەتانەی لە سەرکردەیەکی پۆپۆلیستدا هەیە دەیکاتە کەسێکی پاوانخواز و نادیموکرات. هیوگۆ شافێزی ڤەنزوێلا، جارێک لە جاران ووتی" من تاکە کەسێک نیم، من هەموو خەڵکم." ئیتر لێرەوە دێوەزمەکە دەستپێدەکات؛ جا ئیتر ئەگەر تۆ لەگەڵ خەڵک نەبیت، کەواتە دژی خەڵکیت!