له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كێتیی‌

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2019-12-24     1069
سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و ناوی‌ چه‌ند كه‌سێك دێت وردو ته‌وا ونین، به‌تایبه‌ت له‌رووی‌ ریزبه‌ندیه‌وه‌، چونكه‌ كۆنگره‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ یه‌كێتیی‌ له‌ڕووی‌ ته‌كنیكی‌ ( پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان و جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردنی‌ ده‌نگه‌كان )، زۆرجیاوازه‌ له‌ته‌واوی‌ كۆنگره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌و حزبه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم.

بۆچی‌ ئه‌نجامه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ر دادێت؟
به‌پێی‌ به‌ دواداچوونه‌كان گزیكردن و ته‌زویر له‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌سته‌م بوو، چونكه‌ هه‌موو ئه‌ندامێك له‌ كاتی‌ هاتنه‌ ژووره‌ و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بۆ ناو هۆڵی‌ كۆنگره‌، یان له‌كاتی‌ ده‌نگدان خاوه‌نی‌ باركۆدی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ بوو، له‌كاتی‌ لێدانی‌ باركۆده‌كه‌ له‌ ئامێره‌كه‌دا وێنه‌و ناوی‌ نیشانده‌دا، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی‌ كامێراوه‌ چاودێری‌ ده‌كرا بۆی‌ نه‌بوو ده‌نگ به‌رزبكاته‌وه‌ له‌كاتی‌ ده‌نگدان، یاخود ده‌نگ له‌گه‌ڵ كابینه‌ی‌ ته‌نیشتی‌ بگۆڕێته‌وه‌ و داوای‌ لێبكات ده‌نگ به‌ كه‌سێك بدات، چونكه‌ له‌ رێگه‌ی‌ كامێراوه‌ ئاگادار ده‌كرایه‌وه‌.

هه‌ر ئه‌ندامێك شانزده‌ فۆرمی‌ له‌ پێش بووه‌ هه‌ر فۆڕمێك هی‌ بازنه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌، ده‌نگده‌ر ده‌بووایه‌ ده‌نگ به‌ هه‌موو بازنه‌كان بدات، بۆ نموونه‌ ده‌نگده‌رێكی‌ هه‌ولێر جگه‌ له‌ فۆڕمی‌ كاندیدانی‌ هه‌ولێر، كه‌ بۆی‌ هه‌بوو ده‌نگبدات به‌ چه‌ند كاندیدێك كه‌ له‌ (8) كه‌س كه‌متر نه‌بێت و (15) كه‌س زیاتر نه‌بێت، پاشان ده‌بوایه‌ ده‌نگده‌ر بچێته‌ فۆڕم و بازنه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌نگ بدات به‌ لیستی‌ پارێزگای‌ كه‌ركووك به‌ جۆرێك له‌ ( 14) كه‌متر نه‌بێت له‌ ( 29) زیاتر نه‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌نگده‌ر ده‌بوایه‌ به‌پێی‌ ئه‌و رێژه‌ی‌ بۆی‌ دانراوه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدی‌ سه‌رجه‌م بازنه‌كان بدات، ته‌نانه‌ت ده‌نگده‌ر ده‌بووایه‌ ده‌نگ به‌ ئیجباری‌ به‌ كاندیدی‌ بازنه‌ی‌ مه‌خمورد بدات، كه‌ دوو كه‌س خۆی‌ هه‌ڵبژاردبوو بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌ك كه‌س ده‌رده‌چوو، له‌ موسڵ و به‌غدا به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ مه‌خمور. كه‌واته‌ ده‌نگده‌ر له‌ كۆی‌ گشتیی‌ وا بۆی‌ دانرابوو، كه‌ ده‌بێ ده‌نگ بدات به‌شێوه‌یه‌ك له‌ (60) كه‌س كه‌متر نه‌بێت و له‌ (121) زیاتر نه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فۆڕمه‌كه‌ی‌ ده‌سووتا.

دوای‌ ته‌وابوونی‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان و چوون بۆ پرۆسه‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردن، هه‌ر شانزده‌ فۆرم لێكجیاكرانه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئاستی‌ بازنه‌كان دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێری‌ كامێرا و نیشاندانی‌ ئه‌نجامه‌كان له‌سه‌ر شاشه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌موو ئاماده‌بووانی‌ هۆڵه‌كه‌ ده‌توانن بیبینن.

ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ ئێستا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ورد و ته‌واو نین، به‌ تایبه‌ت له‌ڕووی‌ زنجیره‌ی‌ ناوه‌كان و ژماره‌ی‌ ده‌نگی‌ كاندیده‌كان، چونكه‌ ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر ئاستی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كان بووه‌، هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نگی‌ داوه‌، واته‌ له‌ كۆیی‌ 18 مه‌ڵبه‌ند هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ته‌نها ده‌نگیانداوه‌، بۆیه‌ كاتێ فۆڕمه‌كان جیاده‌كرێته‌وه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندێك له‌وانه‌یه‌ كاندیده‌كه‌ له‌ بازنه‌ی‌ خۆی‌ ده‌نگی‌ زۆری‌ هێنابێت، به‌ڵام له‌ بازنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ده‌نگی‌ كه‌می‌ هێنابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ جیاكردنه‌وی‌ ده‌نگه‌كانیش به‌ ته‌واوی‌ نییه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌كان به‌رده‌وام گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردادێت.

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كاندیدێكی‌ وه‌كو (بورهان سه‌عید سۆفی‌) كه‌ له‌ بازنه‌ی‌ هه‌ولێر خۆی‌ كاندیدكردووه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌كاتی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان له‌ بازنه‌ و مه‌ڵبه‌ندێك ده‌نگی‌ باش بێت، به‌ڵام له‌ چه‌ند شوێنێكی‌ دیكه‌ خراپ بێت، بۆیه‌ له‌كاتی‌ ته‌واوبوون ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ وردی‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی‌ ئێستا له‌ پێشه‌وه‌یه‌.

هێنانی‌ ده‌نگی‌ زۆر مانای‌ وانییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌هێزه‌ و ده‌نگی‌ زۆری‌ هێناوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و بازنانه‌ی‌، كه‌ یه‌ك بۆ سێ كه‌س كاندیدبووه‌، چونكه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌نگده‌ر ئیجباربووه‌، به‌پێی‌ میكانیزمی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌نگ به‌و شێوه‌یه‌ بدات، هه‌ربۆیه‌ش زۆرترین ده‌نگ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ چووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ بازنه‌ی‌ مه‌خمور و به‌غداو موسڵ و حه‌مرین ده‌رده‌كه‌وێت.

بۆ نموونه‌ (حاكم سابیر) له‌ بازنه‌ی‌ مه‌خمور كه‌ كه‌سێكی‌ نه‌ ناسراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی‌ یه‌كێتیی‌، له‌وانه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ خۆی‌ كاندیدبكردبووایه‌ ده‌رنه‌چووبایه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ سنووری‌ مه‌خموور بووه‌، ته‌نها دوو كه‌سیش كاندیدبووه‌، ده‌نگده‌ری‌ شاره‌كانیش ناچار كراون ده‌نگی‌ پێبده‌ن، ئێستا ناوبراو زیاتر له‌ 700 ده‌نگی‌ هێناوه‌ له‌كۆی‌ هه‌زارو 100 ده‌نگ، كه‌واته‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌و 10 كه‌سه‌ی‌ كه‌ زۆرترین ده‌نگی‌ كۆنگره‌ ده‌هێنن. ئه‌م نموونه‌یه‌ش بۆ (پۆڵا تاله‌بانی‌) كه‌ ده‌رچووه‌ له‌سه‌ر بازنه‌ی‌ به‌غدا به‌ هه‌مان شێوه‌ راسته‌، چونكه‌ ئه‌ویش ده‌نگی‌ زۆری‌ هێناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ 3 كه‌س دوو كه‌س ده‌بێته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و ده‌نگده‌ری‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ش به‌ ئیجباری‌ ده‌نگیان پێداوه‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان تاوه‌كو ئێستا پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان له‌ هیچ پارێزگایه‌ك نه‌گه‌یشتۆته‌ له‌ سه‌دا 70، زۆربه‌یان له‌ خوار له‌سه‌دا په‌نجایه‌ ته‌نها له‌ بازنه‌ بچووكه‌كان نه‌بێت ده‌نگ و ده‌رچووه‌كان دیارن، بۆیه‌ له‌ كۆتایدا گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان رووده‌دات و به‌ تایبه‌ له‌ڕووی‌ ریزبه‌ندیه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا روونه‌ ژماره‌یه‌ك كاندید له‌ گشت بازنه‌كان یه‌كلابۆته‌وه‌ كه‌ ده‌رده‌چن، به‌ڵام ریزیه‌ندییه‌كه‌یان دیارنییه‌ و له‌ هه‌ندێ بازنه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ جیاكراونه‌ته‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك بارودۆخیان باشه‌ له‌وانه‌ له‌ هه‌ولێر، كێبركێیه‌كه‌ له‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ نێوان ( شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ و بورهان سه‌عید سۆفیه‌)، له‌ بازنه‌ی‌ كه‌ركووكیش هه‌ریه‌ك له‌ (لاهور تاڵه‌بانی‌ و باڤڵ تاڵه‌بانی‌ و ئاسۆ ئه‌ڵمانی) له‌سه‌ر سێ كه‌سی‌ یه‌كه‌م كێبڕكێ ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ندێ مه‌ڵبه‌ندیش باڤڵ تاڵه‌بانی‌ له‌ پله‌ی‌ سێهه‌م دێت.

بۆ ئه‌نجامی‌ كۆتایی‌ پێویسته‌ تاوه‌كو به‌ره‌به‌یانی‌ سبه‌ی‌ چاوه‌ڕێبكرێت، ئێستا ئه‌نجامه‌كان به‌رزو نزمی‌ زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا كه‌سێك له‌ دووه‌مه‌وه‌ بچێته‌ شه‌شه‌م، به‌پێی‌ ئه‌و میكانیزمه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×