گه‌وره‌یى و بچووكى قوباد تاڵه‌بانى له‌ گرتندا !

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2022-05-07     584

کەسایەتی ھەموو مرۆڤێك دوو ڕووى هه‌یه‌، ڕووى ناوه‌وه‌ی مرۆڤ کە دیوە شاراوەکەیە (ڕووه‌ راستەقینەكه‌یه‌)، ڕووى دیوی دەرەوە ( رووە دروستکراو و ناراستەقینەکەیە).

روی ناوەوەى مرۆڤ کەسایەتی راسەقینەی مرۆڤ دەردەخات نەك رووی دەرەوەی، چونکە دیوی ناوەوه‌ی مرۆڤ نە پارە جوانی دەکات، نە دەسەڵات گەورەی دەکات، نە بنەماڵە ئازای دەکات.

لێرەوە دەمەوێت خوێندنه‌وە بۆ جولەیەکی باوی قوباد تاڵەبانی، بکەم لە حوکمڕانی و لەمەشەوە کەسایەتی راسەقینەی دەربخەین.

لەسەروبەندی ھەندێ روداوی کوشتن قوباد تاڵه‌بانى، دێتە خەت و دەنوسێت دەبێت ئەو تاوانبارە بگیرێت. دوای چەند کاتژمێرێکى دیكه‌ دەنوسێت بەڵێنەکەم بردە سەر و تاوانباره‌كه‌ گیرا، نمونە وەک کەیسی ئەفسەرەکەی توندوتیژی دژى ژنانى چه‌ند مانگى رابردوو و بکوژی چوار ھاوڵاتییەکەی رۆژانى جه‌ژن له‌ چەمچەماڵ . دوای ئەوەش دەستخۆشی و پیاھەڵدان لای لایەنگرانی دەستپێدەکات.

له‌م رووانگه‌یه‌وه‌ دوو خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ و كارانه‌ى قوباد تاڵه‌بانى هه‌یه‌:

یەکەم: لە ھەرێم بەدەگمەن تاوانبار دەگیرێت بۆیە شاگەشکە دەبێت:

سەرەتا ئەوە گرینگە بڵێین کە بە گوێرەی یاسا دەبێت ھەمو تاوانبارێك بگیرێت حکومەتی ھەرێمیش، کە به‌شێكى زۆرى خه‌رجى و موچه‌ى بۆ هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایشە دەبێت گرتنی تاوانبار زۆر ئاسان بێت، كه‌چى لێره‌ پێچەوانە بۆتەوە کە لە حاڵەتی دەگمەن نه‌بێت رێك ناکەوێت تاوانبار بگیرێت، بەڵام لە وڵاتی قانون کاتێك تاوانبارێك نادۆزرێتەوە و ناگیرێت خەڵکی لێ ئاگادار دەکرێتەوە بە مەبەستی گرتنی نەك کە تاوانبارێك گیرا بە خەڵک بفرۆشنەوە وەك دەستکەوت. تاوانباری راکردوو خۆی دەشارێتەوە نەك وەك ھەرێم سێی تری کوشتوە و تا مانگێك پێش ئێستا لە دەوامی فەرمی بووبێت.

کەواتە کاتێك گرتنی تاوانبارێك وەک ھەواڵێکی گرینگ پیشان دەدرێت لە لایەن جێگری سه‌رۆكى حکومەت، مانای وایە لە بنەڕەتدا تاوانبار ناگیرێت، بەڵکو بە دەگمەن تاوانبار دەگیرێت (کە له‌ راستیدا دەبێت پێچەوانەی راست بێت)، بۆیە تاڵه‌بانى، بەو کارەی فەشەلی سیستەمی پۆلیس و ئاسایش و دادگاو حوکمڕانی رادەگەیەنێت نەك شانازى کارابونی کارەکانیان.

دووەم: ئەو تاوانبارانەی نەگیراون ھۆکارەکەی قوباد تاڵه‌بانییه‌

کاتێک قوباد تاڵه‌بانى، دەنوسێت بەڵێنمدا بگیرێت...دواتر دەنوسێت بەڵێنم بردە سەر و تاوانبار گیرا. کەواتە ئەوە پێمان دەڵێت قوباد تاڵەبانی، خاوەن ھێز و دەسەڵاتە بۆ گرتنی تاوانبار، بۆیە کە خۆی مەبەستی بێت و بێتە خەت تاوانبار بە زوترین کات دەگیرێت. بۆیە ئەوە دەسەلمێت ئەو تاوانبارانەی نەگیراون و رۆژانە دەسوڕێنەوە و لە بازار و نۆرەی صەمون و لە رێستۆرانەکان لەنزیك پیاوانی پۆلیس و ئاسایش نان دەخۆن ،کەواتە ھۆکارەکەی قوباد تاڵه‌بانییه‌ کە تا ئێستا نەگیراون، گەرنا بۆ ئەوانیش دەتوانێ بێتە خەت و بیانگرێت و پۆستی بکات.

لە کۆتایی کاتێك لەم ھەڵوێستە و کارانەی قوباد تاڵەبانی، ئەنجامی پێچەوانە دەکەوێتەوە ئەی بۆچی بەو شێوەیە رەفتار دەکات؟

دەره‌ئه‌نجام ئەوەیە قوباد تاڵەبانی، تا ئەم ساتەش کەسایەتی لە ناوەوە ھەست بە بچوکی خۆی دەکات و باوەڕناکات خاوەن دەسەڵات بێت، بۆیە بەم بڕیارانە دەیەوێت ناوەوەی کەسایەتی خۆیی ئارام بکاتەوە کە ئەو بەھێزە و ئازایە.

ئەمەش شتێکی ئاسایە بۆ قوباد تاڵەبانی و ھەرکەسێکی تر کە لەسەر پێگەی باوك و بنەماڵە ببن بە شت نەك لێھاتویی و پلەبەندی و مێژووی خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×