سەردانی شاندی هەرێم لە ١٤/٩/٢٠٢٣ دا بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، وا نیشاندرا کە کلیلی دەرگا پڕ کێشەکەی لەسەری شایستە دارایەکانی هەرێمیان کردۆتەوە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بەغدا و بینینی نزیکی لە دە سەرۆک هێزی سیاسی و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری کوتلە کوردستانیەکانی پەرلەمانی بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند کە لە چەند رۆژی داهاتودا هەواڵی خۆش رادەگەینرێت.
خەڵکی کوردستان، هەمو چاوەرێی رۆژی یەکشەمە بون، کە بزانن حکومەتەکەی سودانی هەواڵە خۆشەکە کەی رادەگەیەنێت، و هەروەک چاوەرێ دەکرا یەکشەمەی رێکەوتی ١٧/٩/٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا بریاری ناردنی ٧٠٠ ملیاری، وەک قەرز بۆ هەرێم دەرکرد.
ماوەیەکی درێژە کە هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکان چەندەها جار و لە زۆر شوێندا چەندبارەیان کردۆتەوە کە ئەوان رەزامەند نین بە ناردنی پارەی قەرز بۆ موچە تا هەرێم داهاتی هەمەجۆر ئاشکرا نەکات، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی کە خۆی بە دۆستی کورد نیشان ئەدات، رۆژی ١١/٩ ، واتا سێ رۆژ پێش سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەگەڵ ژمارەیەک لە دەزگای میدیای عێراقی و هەرێمی کوردستان گوتی: " شتێک بە ناوی تەرخانکردنی پارە بۆ موچە نیە، ئەوەی هەیە پارەی پشکی هەرێمی کوردستانە کە لە یاسای بوجەدایە و شتێک نیە بە ناوی پارەی تەرخانکراو بۆ موچە، پشکی هەرێم لە بوجەدا ٦٧٪١٢ "ە
وەزیری دارایی عێراقیش چەند جارێک دوپاتی کردۆتەوە، کە " شایستە دارایەکانی هەرێممان بە زیادەوە ناردوە، هەرێم پێویستە لە شەش مانگدا ٢ ترلیۆن و پێنج سەد هەزار وەربگرێت، بەڵام هەرێم بە داهاتی نەوتی و نانەوتی زیاتر لە ٨ ترلیۆن دینار داهاتی هەبوە"
ئەمە بۆچون و قەناعەتی دەسەڵتدارانی بەغد بون بەرامبەر هەرێم و شایستە دارایەکانی.
پرسیارە هەر گرنگە ئەوەیە بۆچی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەماوەی یەک دو رۆژدا، ئەم گۆرانە بنەرەتیە بەسەریاندا رویدا؟.
ئەوە بریارێکی سیاسی بوە، کە لە دەسەڵاتی حکومەتی سودانیدا نەبوە، وە هیچ پەیوەندیەکیش بە هەوڵی مانەوەی چەند سەعاتی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمەوە نەبوە لە بەغدا، ئەوە بریارێکی تەواو ئێرانی بوە، ئەویش لە ئەنجامی سەردانی باڵوێزی ئێرانی بۆ هەولێر و سلێمانی و سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ناوخۆی بەغدا و هەولێر و قبوڵکردنی یەكیتی و پارتی بە چوڵکردن و چەکداماڵێنی هێزە کوردستانیەکانی رۆژهەڵات لە چیاکانی هەڵگورد، سیدەکان و ناوچەکانی زرگوێز و کۆیە و پردێ و راسپاردنی لیواکانی پۆلیسی سنوری هەرێم کە سەر بە عێراقن و دانانیان لە خاڵە سنوریەکانی نێوان عێراق و ئێران ناوچەکانی برادۆست.
ئەمە نیشانەیەکی زۆر دیارە بۆ زیادبونی هەژمون و دەسەڵاتی ئێرانی لە عێراق و کزبونی دەسەڵاتی ئەمریکی.
زەختکردنی ئێران لەسەر هێزە شیعەکانی عێراق بۆ رەزامەندیان لەسەر سەرفکردنی ٧٠٠ ملیارد، تەنها و تەنها پاداشە بۆ حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی، بەرامبەر بە دورخستنەوەی هێزە کوردستانیەکان لەسە سنور و شوێنە دیارەکان و چەککردنیان لەناو شارۆچکەکاندا.
رۆژ بەرۆژ هەژمونی ئێرانی لەسەر هەرێم زیاتر دەبێت، جاران باس لە زۆنی سەوز دەکرا، وا زۆنی زەردیش ناچارکران خواستەکانی ئێران جێبەجێ بکات.
شانۆگەری نەدانی موچەی چەند مانگی، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە کە حکومەتی هەرێم پارەی هەیە یان نیەتی، رەنگە قاسەی وەزارەتی دارایی پارەی تێدا نەبێت بۆ موچە، بەڵام هەرێم خۆ لەژیر رەحمەتی وەزارەتی دارایدا نیە، ئەو وەزارەتە وەک نوسینگەی پارە گۆرینەوە کار دەکات، ئەوەی پارەی لایە، پارتی و یەکێتیە، دەسەڵاتدارانی کورد بە تایبەتی پارتی ملیۆنەها و ملیاردەها دۆلاری کوردستانیان بردۆتە دەرەوە و بە شێوەی جیاواز و بە ئاگاداری هەندێ لە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکا و هەندێ وڵاتی رۆژئاوا بە رێگای نایاسایی لەو وڵاتانە کۆشک و تەلاری پێ کراوە و کاری پێوە دەکرێت.
ئەگەر دڵسۆزی و خەمخۆری بێت بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، ئایە نە ئەتوانرا برێکی کەم لەو پارە و سەرماییەی لە دەرەوە کە هی کورد خۆیەتی، تەرخانبکرێت بۆ موچەخۆرانی کوردستان و لە جیاتی ئەم هەمو تەنازولە نەتەوەییە بۆ بغدا و ئێران نەکرێت.
ئەبێ رونبێت کە تەرازوی هێز لە دنیا و ناوچەکە و کوردستان گۆڕاوە و زیاتریش دەگۆرێت، نە پێگەی کورد و نە حکومەتەکەی و نە هێزە سیاسیەکان ئەوەند بەهێز و کاریگەر نین کە ئەو گۆڕانکاریانە لە سودیان بێت، بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی عەربەت لە رۆژی ١٨/٩/٢٠٢٣، ئاگاداریەکی ترە بۆ هەرێم کە وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەتیش تورکیا، چیان بوێت لەم ناوچەیە لە سودی خۆیان ئەنجامی ئەدەن، بێ ئەوەی سڵ لە هیچ شتێ بکەنەوە و هەڵوێستی بەرامبەریش، جگە لە دەرکردنی چەند بەیانێک و ئیدانە کردنێکی شەرمنانە هیچی تری لێ رەچاوەرێ ناکرێت.
دۆستە دێرینەکانی کورد و هاورێیانی رۆژە سەختەکان زۆر کەم بونەتەوە و لاواز بون، ئەویش ناکۆکی نێوان هێزە کوردیەکان و تەشەنکردنی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خێزانە دەسەڵاتدارەکان، هۆی زۆر گرنگن بۆ بێکەسی کورد و دورکەوتنەوەی هاورێانی دوێنێ و دۆستانمان.
بەداخەوە، ئایندەیەکی تاریک و تراجیدیایەکی کوشندە چاوەرێمان دەکات کە سەرکردایەتی کورد بەشی شێری لە هۆکانی بەردەکەوێت.