کۆتایی هەرێمی کوردستان؟

ئەبوبەکر عەلی
  2019-11-01     1042
هەموو دەزانین بارودۆخی کوردو ئێراق وناوچەکە چۆنە،کورد وهەرێم لەبەردەم چ تەحەدایەکدان، باس وخواسی هەموارکردنی دەستوریش هاتۆتە گۆڕێ،پێشتریش لەم سەکۆیەوە هوشیاری ئەوەمان دا کەئەوەی لە ئێراق دەگوزەرێ، مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت، بکرێتە هەڵقەیەکی تری گەمارۆدانی هەرێم وکورد بەگشتی، کەچی لەم دۆخە هەستیارە مێژوویی وپڕلەهەڕەشەو ئاڵنگاریەدا، هێزە دەسەڵاتدارەکانمان لەکوردستان خەریکی یەخەلەیەك هەڵتەکاندن و هەڕەشە لەیەککردن وهەندێکیشیان گلەیی لە بەختی خۆکردنن و سکاڵای جێبەجێ نەبوونی ڕێکەوتنامەکانی دابەشکردنی پۆست وئیمتیازاتەکان هەڕەشەی دووبارە تۆخکردنەوەی سنورەکانی شەڕی ناوخۆ دەکەن؟!!هەمووئەمەش یەکسانە بەبێ متمانەیی وبۆیەکتر لەمەڵاسدابوون وڕۆژبەڕێکردن وڕوانینە بەیەکەوە بوونەکە وەك فۆرمێکی نەخوازراو.


مێژووی ململانێکانی نێوان هێزەکوردییەکانیش پێمان دەڵێت: لەگەڵ بوونی ئەم هەست وبیرکردنەوەو واقیعەدا، هیچ گرەنتیەك نیە لەسەرەپێچێك ودەرفەتێکی حەرامی سیاسیدا، جارێکی تر پرسە نیشتمانیەکان بەخودی چارەنووسی قەوارەی دەستوری هەرێمیشەوە نەکرێن بەئامرازی تۆڵە کردنەوە لەیەکتر؟!!لەئێستاشدا هەوڵی گۆڕینی دەستوور شانسێ دەخاتە بەردەم ئەو هێزو ناوەندانەی لە مەترێزدان بۆ کۆتایی پێهێنانی واقیعی سیاسی هەرێم یاخودلانی کەم لەقاڵبدانی، پشتی ئێمەش بە ڤیتۆی سێ پارێزگا قایمە، بەڵام لەسایەی ئەم پەیوەنییە حیزبیە پڕ لەکینەو بوغزو لەرزۆکەدا هیچ گرەنتیەکی تاسەرمانەوەی ئەم دەستەبەریە دەستوریەمان نیە.


واقیعی دوای ڕیفراندوومیش ئەم مەسەلەی جوان تێگەیاندین.هەمووئەمە ش لەکاتێکدایە، کە ئەگەر کورد خۆی هەبێت دەرفەتی گەورەکردنی دەستکەوتەکانی لەئارادایە.


دەبێت لەم ڕوەوە کەس گرەو لەسەر نەتەوایەتی وشەرەفی کوردایەتی ولەمێژووترسان وزڕانی ناو بانگ نەکات، بەحوکمی ئەوەی لەدۆخی قەیرانی ناسنامەو پاشاگەردانی ئەخلاقی وچەمکەکاندا، بەهاکان توانای ئاراستەکردنی ڕەفتاریان نامێنێ.


شەرەفێکی درۆزنەش جێگە بەئەخلاقی سیاسی چۆڵ دەکات و خۆکوشتنی مەعنەوی لە بەرگی ماف و داستاندا وێنا دەکات!! پێشتریش وتوومان حیزبی کوردی هەندێ جار سازش بۆ بەرامبەری نەتەوەیی وتەنانەت خۆکوشتنی سیاسیش بەمان ئەخلاقیەکەی بەسەر نەرمی نواندن وڕێکەوتن لەگەڵ بەرامبەرە حیزبیە کوردییەکەدا هەڵدەبژێرێت!! لەم دۆخەشدا تەنها خۆکوژەکە تاوانبار نیە، باتاوانباری سەرەکیشبێت، بەڵکو بەرامبەریش تاوانبارە کەلاوازیەکانی بەئاقاری هاندانی بەرەو خۆ کوشتن بەکار دەهێنێت، بەهیوای یەکلابوونەوەیەکی مێژوویی ململانێکان.


بێ ئاگا لەوەی خۆکوژییەکان لەسایەی دابەشبوونی کۆمەڵ و ژینگەیەکی هەرێمایەتی دژدا، تەنها لە ڕواڵەتدا خۆکوژین و لەجەوهەردا فۆرمێکی تری ژیانێکی شێواوی تێکەڵ بە ڕق وبوغزێکی بەهێزترو قوڵترە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×