ئیسلامیەکانی کوردستان وهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی تونس
ئەبوبەکر عەلی
2019-09-17   917
لە دوێنێوە چاوم بەهەندێ نوسین وکۆمێنتی ئیسلامیەکانی کوردستان ولەوانەش یەکگرتووەکان دەربارەی بەرەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی تونس کەوت.ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو، زۆرێکیان سێهەمبوونی پاڵێوراوی نەهزە دەگێڕنەوە بۆکاڵبوونەوەی ناسنامەی ئیسلامی ئەوهێزە!!بەشێ لەم شرۆڤەش لێکدانەوەی ئەم ڕوداوەسیاسیەیەلەڕوانگەی ئەو مشت ومڕە سیاسیەی لەنێو ئەم هێزانەو لەوانەش یەکگرتوودا لەئارادایە.بەکەرەسەکردنیەتی بۆپاساودانی دۆخی چەقبەستوی ناویان وڕەتکردنەوەی هەموو فۆرم وئاستێ لە نوێکردنەوە!!کەئەمەش ئەوپەڕی هەژاری لەلێکدانەوەی ساسی دەگەیەنێت.جاخۆشیەکە لەوەدایە بەشێ لەم بەڕێزانە پێش ئەمە دەرنەچوونی خۆیان وپاشەکشەی هەرهێزێکی ئیسلامیان لەناوچەکەدا دەگێڕایەوە بۆ ڕێ نەدان بەئیسلامیەکان وپیلانێکی نێودەوڵەتی کەچی ئێستا هۆکارەکە بووە بە،خەست ئیسلامی نەبوون؟!هەمووئەوەش بەڵگەیە لەسەرکێشەیەکی گەورەی ڕاڤەکردنی سیاسی کەئەویش تێکەڵکردنی حەزی شرۆڤەکارە(هەڵبەت ئەگەر شرۆڤەکاربن چونکە زۆربەی هەرەزۆری ئەو وەسفەی بەسەردا ناچەسپێت) بەشرۆڤە.ئەوەش وادەکات هەندێ جار مرۆڤ لەبری تێگەیشتنی ڕاست لەڕوداوێك خۆی بخڵە تێنێ.ئەوەی لەتونس ڕوویدا بەتۆخی وناتۆخی ناسنامەی ئیسلامی وکرانەوەو داخران لێکنادرێتەوە، باهەندێ کاریگەریشی هەبووبێت.بەڵکو بە ئەدای سیاسی قۆناغی دوای شۆڕش ونائومێدبوونی خەڵك ونەوەی نوێ وناڕەزایی هاوڵاتیان لەحیزبەکان ونوخبەی سیاسی باو ڕاڤە دەکرێت.ئەوەی لە تونس ڕوویداوە لەهەندێ ڕوەوە هاوشێوەی ئەوەیە لەکوردستان ڕووویدا.زۆرینەی خەڵك نائومێد بوون ومتمانەیان بەپرۆسەی سیاسی لاواز بووەو بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد.بەتایبەتیش نەوەی نوێ.ئەوەی بەشداریشی کردووە زۆرینەی پەیامێکی توندی بە دەستەبنێری سیاسی وحیزبی لەئارادابوو گەیاند .عیەکێ لەنهێنیەکانی یەکەم بوونی قە یس سەعیدیش لێرەدا شاراوەتەوە.ناوبراو بێ لایەنەو ئینتمای سیاسی نیە ،بەشێ لەهاوڵاتیانیش کەدوای هەڵبژاردن بیروڕایان وەرگیراوە جەختیان لەوە کردۆتەوە کەپاڵنەریان بۆ دەنگدان پێی بێ لایەن بوونی حیزبی بووە.هەروەها وتوویانە بەڕەمزی زیندووکردنەوەی ڕوحی شۆڕشی دەزانن.پاڵێوراوی دووەمیش وەك ڕوونە بزنزمانێکە کە٧عبەتۆمەتی سپی کردنەوەی پارە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا لەزینداندا بوو ، خاوەنی کەناڵی ڕاگەیاندن ودەزگای خێر خو ازیە.
دەنگدان بەویش دیسانەوە ناردنی پەیام بووە بۆ دەستەبژێری حوکمڕان وهێزە سیاسیەکانی چوارچێوەی گەمەی سیاسی لە وڵاتەکەدا.بەدەر لەمە ، پاڵێوراوەکەی نەهزە -کەبەبڕوای ئێمە بزوتنەوەکە سەرکەوتوو نەبوو لەدیاری کردنیدا-پلەی یەکەمی لەنێو پاڵێوراوە حیزبیەکاندا بەدەست هێناوە.ڕەنگە یەکێ لەلاوازیەکانیشی بەپێچەوانەی ئەوەی دەوترێت ئەوە بووبێت کە بەپلەی یەکەم بەبانگخواز ناسراوە نەك سیاسی.گرنگیشە لەبیرمان بێت براوەی یەکەم ئەگەر نەهزە ڕازیبوایە دەبووە پاڵێوراوی ئەوان وسەرکردایەتی حیزبەکە تاووتوێی پرسێکی لەوجۆرەی کردبوو ،بەڵام دواتر پاڵێوراوی خۆیان دەستنیسان کرد.بەڵام بەبڕوای ئێمە ئەگەر لەسەرلیستی نەهزە خۆی بپاڵاوتایە هەرگیز ئەو دەنگانەی ئێستای نەدەهێنا ،چونکە بەشێکی بەرچاوی خەڵك لەئەدای سیاسی حیزبەکان ولەوانەس نەهزە ناڕازین و ویستوویانە لەڕێی دەنگەکانیانەوە ئەم پەیامەیان پێ بدەن،دەبێت بەم جۆرە لە مەسەلەکە تێبگەین نەك لەڕێی بەکارهێنانی هەندێ چەمکی وەکو کرانەوەو داخران وکاڵی وخەستی ناسنامەی ئیسلامی.چونکە کرانەوە ڕێگا دەکاتەوە هێزێك تێکەڵ بەتوێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ ببێت وخەڵکانێکی زۆر لەبەر ترسی ئایدۆلۆژی وداخراوی گوتاروئامانج وبونیاتەوە ، لێی نەسڵەمنەوەو لەم سۆنگەشەوە دژایەتی نەکەن،بەدەر لەوە کرانەوە گرەنتی تاسەری بۆ کەس نیە. هێزی کراوە تەنها کاتێك لەپێشەنگ ودەسەڵاتدا دەمێنێتەوە ، سیاسەتەکانی وەڵام گۆی هاوڵاتیان بێ وچاوەڕوانیەکانیان بەدیبێنێ ومتمانەیان نەدۆڕێنێ وئەدای سیاسی وئیداری لاواز نەبێت ودووچاری نەخۆشی ودەردو دانەیەت . گەرئەو شتان ڕوویدا ، هاوڵاتیان سزای دەدەن وهێزێکی تر دەخەنە شوێنی ، ئەو هەموو حیزبە لەدنیادا هەڵبژاردن دەدۆڕێنن زۆربەی هەرەزۆری پەیوەندی بە کراوەبوون وداخراویەوەنیە ، دۆڕاندنی ئەستەمبووڵ لە لایەن ئەکەپەوە پەیوەندی بە کاڵتربوونەوەی ناسنامەی ئیسلامی ئەم هێزەوەنەبوو ، چونکە ئێستا گوتارو سیاسەتە دینیەکەی تۆخترە وەك بەشێ لەقەرەبوو بۆ پاشەکشە سیاسی وئابوری وجەماوەریەکەی،بەڵکو پەیوەست بوو بە ئەدای حیزبەکەو هاوپەیمانی نێوان هەدەپەو جەهەپە.سەبارە بەنەهزەش ، پێشتر ئەم حیزبە بەهەمان سروشت وگوتارەوە نزیکەی سەد کورسی پەڕلەمانی بەدەست هێناو حکومەتی دوای شۆڕشی پێکهێنا، لەکاتێکدا سەرۆکی کوتلەکەی لەپەڕلەماندا ئافرەتێکی بێ سەر پۆش بوو، دوای ئەوەش ، لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا، پایتەختی بردەوە بەپاڵێوراوێکی بێ سەرپۆش.بۆیە دۆخەکە تەفسیری سیاسی دەخوازێت ،پەیوەندی بەهەموو حیزبەکانی تونسیشەوە هەیە نەك تەنها نەهزە، تاپرسەکە بکرێت بەمەسەلەی کاڵی وتۆخی ناسنامەی ئیسلامی.هەروەك چۆن توندی وتۆخی گوتاری دینی ئەم جارەی لیستی ئیسڵاح بۆپەڕلەمانی کوردستان لەسایەی بایکۆتی زۆرینەو توڕەیی دەنگدەران ولایەنگرانی یەکگرتوو لەئەداو هەڵوێستی ئەم هێزە تکای نەکردوو سزایان دا.نەهزە وەك ئاماژەمان پێکرد لەهەرهەموو حیزبەکان دۆخی باشترە.سەرکردایەتی حیزبەکەش بەڵێنی دا لەپەیامی دەنگدەران بکۆڵێتەوە.هەڵبەت لەپاڵ ئەو هۆکارە هەرەسەرەکیەی سەرەوە ، دەکرێت ناکۆکی دەرون حیزبی ناو نەهزەو بەلادا نەخستنی یەکلاکەرەوانەی هەندێ پرس بەشی خۆیان کاریگەربووبن .لەهەموو حاڵەتێکدا دەبێت ڕوداوێك لەدنیاو دەزروبەردا ڕوودەدات هەوڵی تێگەیشتنی زانستی بدەین بۆ ئەوە بۆ وڵاتەکەی خۆمان پەندی لێ وەربگرین،نەك بیکەینە کەرەسەی پڕوپاگەندەی سیاسی لەڕێی خوێندنەوەیەکی تاك ڕەهەندی کاڵ وکرچەوە کەبەداخەوە ئەم دیاردەیە لەهەردووبازنە عەلمانی وئیسلامیەکەدا دەبینرێت وهەستی پێ دەکرێت.