2014 تا 2019

سەرکەوت شەمسەدین
  2019-03-08     1139
کاتێک ساڵی 2014 حکومەتی هەرێم کەوتە قەیران و شکستی هێنا لە پلانی بەناو ئابوری سەربەخۆ، پارتی لەبری رێکەوتن لەگەڵ بەغداد وچارەسەر کردنی قەیرانەکە، زۆر بێ منەتانە بریاری پاشەکەوتی موچەی سەپاند.

ئەم بریارە بای ئەوەبوو حکومەتی لەسەر بروخێ و خۆپیشاندانی سەرتاسەری رێکبخرێت بەڵام پارتی دڵنیابوو ئەوە رونادات، بۆ؟

پارتی هەرچەندە لە پەرلەمان کەمینەبوو وە حکومەتەکەی خاوەن بریاری یەکلاکەرەوە نەبوو، وە بزوتنەوەی گۆران سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەدەستبو، بە گشتی یەکێتیش زیاتر نزیک بوو لە گۆران و هێزەکانی تریش لە بەرەی پارتی نەبون، بەڵام پارتی بێ ترس بریای پاشەکەوتی موچەی سەپاند چونکە ئەوکات شتێک نەمابوو بەناوی ئۆپۆزسۆن و تەنانەت بریاری پاشەکەوتی بە وەزیرەەی گۆران جێبەجێکرد.

ساڵی 2019

ئێستا پارتی خاوەی زۆرینەی پەرلەمانییە، بۆ هەر بریارێک لە ناو پەرلەمان پێویستی بە گۆران و یەکێتی نییە، سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێم و پەرلەمانی کۆنترۆڵکردوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشو لاوازبون و هیچ ویستی ئۆپۆزسۆن بونیان نییە و چاوەرێی کێکەکەی حکومەت دەکەن، بەڵام پارتی ئەم جارە زۆرترین سازشی بۆ عێراق کردوە و بە ناچاریش بریاری پاشەکەوتی هەڵوەشاندەوە، خاڵە گومرگییکانی رادەستی عێراق کرد، گفتوگۆ هەیە بۆ رادەستکردنی نەوتیش بە سۆمۆ. بۆ؟

جیاوازی ئەم دوو ساڵە پەیوەندی نیە بە هاتنی پارە لە بەغداد، ئەوکاتیش ئەگەر پارتی نەوتەکەی رادەستی عێراق بکردایە دەیتوانی کێشەی موچە چارەسەر بکات، بەڵام نەیکرد.

هۆکاری سەرەکی ئەم بریارانەی پارتی بونی ئۆپزسیۆنێکی بەهێز و چاوکراوەی وەک #نەوەی_نوێ یە کە نەک لە کوردستان، بەڵکو لە بەغداد و واشنتۆن و ئەوروپا فشاردەخاتە سەر حکومەتەکەی پارتی و سڵ لە هیچ ناکاتەوە بۆ روبەروبونەوەی دەسەڵات.

بارزانی دەزانێ نەوەی نوێ هیچ دانوسانێک و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ناکات و کاردەکات بۆ زیادکردنی فشاری جەماوەری، لە زخۆ و شیلادزێ و ئاکرێ توانایجوڵاندنی خەڵکی هەیە، و لە بەغداش لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە مەلەفی نەوت و غازی لەبن دەست دەردێنێ، بۆیە مەسعود بارزانی مەبەستیەتی کەمترین بیانو بدات بەدەستی نەوەی نوێ وە هەم لە کوردستان و هەم لە بەغداد تا مەسروری کوری بتوانێ کابینەکەی پێکبهێنێ.

ئەمەیە گرنگی بونی ئۆپۆزسیۆن کەدەسەڵات ناچار بە گۆرانکاری و سازشبکات.

ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە چ رۆشنبیران و چ ئەوانەی رەخەگری دەسەڵاتن چیتر بەدیار مەرگی ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی پێشو ماتەم نەگێرن، بەڵکو کۆمەکی ئەم پارادایمە تازەیە لە کاری سیاسی و ئۆپۆزسیۆن کە خۆی لە #نەوەی_نوێ مانەفێستکردوە چونکە چوارساڵی ئایندە یەکلاکەرەوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×