خزانی كۆماری توركیا و سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپا

کەمال محەمەد
  2019-07-16     1133

لاسایی كردنەوەی سیاسەت و ستراتیژی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتە هەژمونگەراییەكەی و ئاواكردنەوەو دوبارە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی خەلافەت و فراوانكردنی هێز و پێگەكەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئاكەپەوە لەوانەیە ئەو واقیعە نوێیە بهێنێتە ئاراوە كە رادیكاڵیزمی ئیسلامی وەك هەڕەشە یان دوژمنی نوێی ناوچەكە خۆی ڕابگەیەنێت و لەگەڵ نەخشەی سیاسی و ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوینیشدا نەگونجێت كە ئەمریكا  پلانی جێگیركردنی بۆ داناوە ،لە رێگای Akp توركیا داوای پشكی زیاتر لەسەرمایەی رۆژهەڵاتی ناوین  دەكات و  خوازیاری خوێندنەوەیەكی هێزێكی هەژمونگەرایی  هەرێمی و جیهانی دەكات ،چاوچنۆكی و بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج و ئەو ئەو ئیندوستریالیزمەی كۆماری توركیا  لە هەمبەر پەتڕۆڵ و غاز و هەندێك كانزا لە سنوری وڵاتانی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل یەكێتی ئەوروپای هێناوەتە سەر هێڵ ،لەوانەیە هەرساتێك مێژووی ئەرمەنییەكان  لەلایەن ئەوروپاوە  تركیا روبەروی سزای و لێپێچینەوەیەكی نوێ بكاتەوە ،

ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا هەنگاوەكانیان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیا هێناوەتە جوڵە ،ئەمەش دوای كڕینی S400 ی ڕوسییە لەلایەن توركیاوە كە راستەوخۆ لێدانە لە ناتۆ كە رەوشێكە هیچ كات لەلایەن  ئەمریكاو ئەندامانی ناتۆوە پەسەند ناكرێت و بگرە هەڵگری ئەنجام گەلێكە زیاتر مەودا خستنە نێوان پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكایە ،پەیوەندی و لێكنزیكبونەوەكانی توركیا لە روسیا لە میانەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو بەتایبەت سوریایە كە هاتۆتە ئاراوە ،توركیا لەو پێناوەدا چۆتە نێوئەو هاوپەیمانێتیەی ڕوسیاوە كە  گرەنتییەك وەربگرێت كوردانی خۆرئاوا هەوڵەكانیان بۆ قەوارەیەكی سیاسی جوگرافی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم شكست بهێنێت ،بۆ ئەوەی وەرچەرخانی گەورەو ئەنجامێكی مەزن لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا  دیاری نەكات و ببنە رێگر لە بەردەم  پڕۆژەی خەلافەتی عوسمانی لەدوای كۆتاییهێنانی رێكەوتنی لۆزانی ٢٠٢٣ ،

لەچوارچێوەی یاسای كاتسادا ئەمریكا ئەیەوێت چەندین سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و بیخاتە لیستی وڵاتانی  كۆریای باكور و روسیا و ئێرانەوە،بەهۆی بونی مەترسییان بۆسەر سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە ،لەكاتێكدا توركیا لەدوای دروست بونی ئیسرائیلەوە دوەم هێزی هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكا بو لەرۆژهەڵاتی ناویندا ،بەڵام بەهۆی گۆڕینی پێكهاتە بنچینەییەكەی توركیاوەكە حكومەتی Akp ئەیەوێت  مۆركی خۆی لێبدات و هەرەشەكانی ڕادیكاڵیزمی ئیسلامی  بەلاوە بنێت و میراتێكی بەهێزی ئوممەتگەرایی ئیسلامی و خەلافەتی نوێ بۆ كۆماری توركیا بەدەست بهێنێت ،

مەترسییەكانی كڕینی چەك لەلایەن ئەندامانی دیكەی ناتۆوە لەدوای توركیاوە زیاتر دەستی ئەمریكا  و ئەوروپییەكان  ئاوەڵا ئەكات بۆ سزادانی توركیا ،كە چیدیك پێدانی قەرزی بانكی و وەبەرهێنانەكان توركیا  ناچار بە وەستان و داروخانێكی ئابوری وەها بكات كە لێكەوتەی ناوخۆیی و دەرەكی بەدوادا بێت و لەچەند كەناڵێكەوە ببێتە هۆی گۆڕانكاری كۆماری توركیا و سیاسەتەكانی ،بۆ ئەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی  لەدۆخێكی بەهێزی ئەو لۆژیكەی سیستەمدا بێت كەتوانای  سیاسی و پەیوەندییەكانی لەناوخۆدا دیاركەر بێت و لەوپێگەیەدا بێت كە ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان هەبێت توانای پێشەنگایەتی ڕوداوەكانی هەبێت ،

بەگوێرەی لێكدانەوەكان باری ئابوری توركیا لەبار نییە و قورسە توانای بەرگەگرتنی سزای ئابوری نییە گومانی تیا نییە لایەنی ئابوری یەكێكە لە سەرچاوەو پایە گرنگەكانی مانەوەی حكومڕانی و دەوڵەتێكی بەهێزە ،بۆیە داڕمانی ئابوری  واتە قورسكردن و قوڵكردنەوەی  كێشەكان گەیاندنێتی بەدۆخێك كە ئەستەمە بەرگە بگرێت ،دەكرێ پەرەسەندنەكانی خۆرئاواش لەروی سیاسی و دیبلۆماسییەوە  هۆكارێكی گرنگی دیكە بوبێتن كەتوركیای خزاندبێتە  دۆخێكی كە بەم سیاسەتەی ئێستایان ڕابردوی خەلافەتی كۆن نوێ بكەنەوە یاخود لاسایی بكەنەوە ،واتە ئەگەرێكی بەهێزە كە ئەنجامەكان  پێچەوانەی چاوەڕوانی سیاسەتەكانی توركیای Akp ەوە بێت و هەروەها لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بە ئامانجی دیموكراتیزەبون و  مافەكانی مرۆڤ بگەڕێتەوە خاڵی سفر .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×