لەژێر سێبەری حوکمڕانییەکی نەخوێنەوارەوە.. لەو دیو قسەکانی شێخ جەعفەرەوە

نەشاد عومەر
  2019-04-09     1659

لێدوانەکانی جەعفەر شێخ مستەفا لەسەر ئەوەی کە گوایە جێگری سەرۆکی هەریم بۆ کاروباری سەربازی ئەگەر گۆڕان بێت‌و لەوان نەبێت ئەو وەکو فەرماندە گوێی لێ ناگرێت، لێدوانێكی چاوەڕوان نەکراو نییەوشتێک نییە لەدەرەوەی حەتمیەتی مێژووی کەمی حکومڕانی کوردییەوە هاتبێت، واتە ئەم هەڵوێست‌و کاردانەوانە بۆ چۆنێتی حکوم کردن‌و سیاسەت کردن لەهەرێم شتێکی"  بان " مێژویی نییەو ڕوداوو هەڵوێستێکی نامۆ نییە کە تەنها پەیوەندی بەخاوەنەکەیەوە هەبێت‌و بەس،  ئەم ڕووداو هەڵوێستانە لەزووەو بوون بەبەشێک لەکلتوری زاڵی حکومڕانی لەهەرێم، بون بەشێک لەشوناسی ئەو حکومەتەی کە پارتی‌و یەکیتی لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستیان کردووە، حکومەت‌و دەسەڵاتدارێتییەک کە هیچ پەیوندییەکیان بەحکومداریییەوە بە مانا ڕاستەقینەکەی نییە ، دەسەڵاتێک کە پێیەکی بە  قورسی لەنێو کۆمەڵێک بیروباوەڕەوە بۆ سیاسەت دروست بووە کە زوڵم‌و زۆرو چەک و شەرعیەتی هێز لە ڕووە هەرە گرنگەکانی پێکهێنان‌و بەردەوامیدانێتی، بەم مانایە ئەوەی دەسەڵات و حکومدارییە کوردییەکەی دوای ڕاپەڕینی هێشتۆتەوە یان ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی هێشتۆتەوە کە کەسانی وەک شێخ جەعفەر باسی دەکەن، نەهەڵبژاردن‌و نەئیرادەو ویستی هاوڵاتیانە، بەڵکو تەنها هێز و بڵاو کردنەوەی ترسە و هیچی تر .

ئەوەی کە  پێمان وابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەم سەدە نوێیەی پێشکەوتن و بەرەو پێش چوونی دیموکراسیەت ئەوەیان پێ قبوڵ بکریت کە هەڵگرانی بیرو باوەڕی لە چەشنی  شێخ جەعفەر و ئەوانی تر حوکمیان بکەن ، دیدێکی تەواو ناڕاستەو کۆمەڵێک نوقسانی گەورە گەورەی هەیە ، چونکە بە هەموو مانایەک ئەم ئاوازنە شایەنی ئەوە نین و نەبوونە بەرپرسیارێتی قۆناغێکی حوکمڕانی ئەم هەرێمەیان بە دەستەوە بێت ،  ئەوەشی ئەوانی لەم قۆناغەدا کردۆتە حوکمڕان وەکو باسمان کرد  جگە لە هێز و ترس شتێکی تر نییە و نابێت.

ئەم دەم و چاوانە دەیان ساڵ لە حوکم کردن و سەفەری وڵاتانی دیموکراسی و ڕووخانی دەیان دیکتاتۆر لە ناوچەکەو بڵاو بوونەوەی پەخشی سسیستەمە دیمکراسییەکان بە تەواوی جیهاندا ، تەواوی ئەمانە نەیانتوانی شتێک فێری حوکمڕانی ئەمانە بکەن و نەیان توانی شتێک لە بیرو باوەڕو تێڕوانینی ئەمانە بۆ ماناکانی دەسەڵێ‌ت و خەڵک  بگۆڕێت ، ئەمان بە هەمان باوەڕەکانی جەنگین لە شاخەکانی کوردستانەوە بەرامبەر بە بەعس هاتنە ناو شارەکان و لەسەر هەمان تێز و ڕوانین بۆ سیاسەت دەستیان بە حوکم کردن کرد ، واتە ئەمانە وەکو چۆن پێیان وابوو هەوڵی یەکەم و ئاخیری ڕووبەڕووبەەنوەی بەعس چەک و شەڕ کردنەو هەر شەڕو چەکیش دەتوانێت بیانهێڵێتەوە بە هەمان عەقلیەتەوە هاتن و دەستیان بە حکومداری کرد و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەو باوەڕەدان کە خۆیان پێشمەرگەکانی جاران و خەڵکی کوردستانیش بەعسەو قسەی ئاخیر و کۆتایانیش لەگەڵ خەڵک هێز و چەکە .

ئەم دەم و چاوانەی شۆڕشەکەی بەر لە ڕاپەڕین هێندە ترسناکن کە نایانەوێت تەسلیمی ئەوە ببن کە کەسی تر حوکم بکات  لەگەڵیان و ئەم وڵاتە بەڕیوە ببات ، ئەمانە جگە لە خۆیان و کورو منداڵەکانی خۆیان سیاسەت کردن لە لایەن هەر کەس و هێزێکی ترەوە بە ستراتیژییەکی هەرە مەترسیدار دەزانن بۆ سەر ئەزموونی حوکمڕانی پڕ لە کارەساتی خۆیان ، نایەنەوێت تەسلیمی کەس ببن و ئەو ڕوانینەیان لە پیش ڕاپەڕینەوە لەگەڵ خۆیان هاوردووە کە خۆیان خاوەنی بێ چەند و چوونی تەواوی هەرێمن ، ئەمانە بیروباوەڕیان بۆ سیاسەت هێندە داخراو و دواکەوتووە کە هێشتا قۆناغەکانی عیراقی پیش ڕاپەڕینی تێنەپەڕاندووە، ئەمانە بە ڕادەیەک نەخوێنەوارن کە لیدوان و هەڵوێستەکانیان پێویستی بەوە نییە توێژە و نوسەرێک بێت و قسەکانیان شی بکاتەوە ، بەڵکو ئەوەندە بەسە کە خاوەن عەقڵێکی سەلیم بیت و ئیتر تێدەگەی کە چارەنوسی هەریم وحکومدارییەکەی بە دەست سیاسیانێکی چەند نەخوێنەوار و ترسناکەوەیە ، سیاسیەک کە نەخوێنەواری و عەقڵیەتی و هێز و چەک لە پایە هەرە گرنگەکانی پێکهێنانێتی . 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆمەڵگای ئیمە لەگەڵ هەر لێدوان و هەڵوێستێکی لە چەشنی لێدوانەکانی شێخ جەعفەردا زیاتر هیواکانی ڕزگاربوونی گەورەتر ئەبن و زیاتر و زیاتر و بەشێواز و ڤێرشنی نوێوە سیما هەرە ناشرینەکانی ئەم دەم و چاوە سیاسیانە ئاشکرا تر دەبن.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×