لە پشت دەنگت دەریایەکی ئارام و بێ شەپۆلە توورەکان دەبینم. لەپشت دەنگت مەودایەکی بێ سانسۆر و فەزایەکی ئارام و هێمنی و سێبوری و دڵنەواییەکی بێوێنە دەبینم.
میلەکانی کاتژمێرە ھەڵواسراوەکەی دیواری ژووری پشودانم ھەریەکەیان سەرقاڵی تۆمارکردنی زەمەنێک و بەخشینی چێژێکی تری کاتیە، منی سەرگەردان ساڵەھایا بە دیاریانەوە دانیشتووم و لە ئەرشیڤ و تۆمارگەی ھزروخەیاڵمدا تۆماریان دەکەم.
دەنگی تۆ، زەمەنی زوو تێپەڕی رووبەری ژیانێکی پڕ لە کۆسپ و تفت و تاڵ و ئاڵۆزکاو دەتەنێتەوە.
چرکە چرکی چرکە ساتەکانی دەنگی دەمژمێرەکە و لێدان و ترپەی دڵ ئاوێتەی یەکتر بوونە...لێ مخابن توانای جیاکردنەوەی دەنگەکانم نیە و جگە لە گوێ ھەڵخستنێکی بێدەنگ لە لوتکەی ئاوێتەبووندا، مەودای بیرم لەوە زیاتر بڕ ناکات.
فەزای ژووری دانیشتنم بە گەردیلەکانی پەیامھێنەری دەنگەکە تەنراوە...دەنگەکە تا ئەگات بە من لە ھێزەکەی دادەماڵدرێ و وەک تارماییەکی نادیار بێ ھێز دەبیسرێ.
لەم زەمەنە فرە رەھەندە خامۆشەی ئێستادا، وەک دەقێکی ئەبستراکتی کۆڵانەکانی ھزروبیر، لە دوێنێ تەنیاترم.
دەرفەت نیە بۆت باس بکەم ئەمڕۆم لە دوێنێ و رۆژانی تێپەڕیوی ئەوسا، تەنیاترە و ئەو تەنیاییە چەند گەورە و تاقەت پروکێن و رووخێنەرە.
کاتێ ژیانت لێ ئەدزرێ و ئەخرێیتە چوارچێوەیەکی تەسکەوە، وردبوونەوە لە بەردیش سنوورەکانی تێگەیشتن و فەھم و وریاییت تێدەپەڕێنێ و حەزت لەوەیە وەک باڵندەیەکی ئازادی کۆچەری لە شەقەی باڵ بدەیت و لە چەشنی سێبەری باڵەکان لە سەفەری خاک، چی تخوب و ھێڵ و چوارچێوەی تەسکی تەنیایی و بێزاری ھەیە بیبەزێنی و دڵی ھیچ بوونەوەرێک بەدەم رێگاوە ئازار نەدەی.
دوێنێ شەو دیسان لە رووی ناچاریەوە دەرگاو پەنجەرەکانم بەرووی خۆمدا داخست، نامەوێ چیتر گوێبیسی قسەی بەتاڵ بم...دامخستن لە ترسی ھەژمونی لەشکەری کرێتیەکان ( ناشرینیەکان)، سوپای چەوتیەکان، بێ بەڵێنیەکان، فەوجی دوورووکان، گرووپگەلی ھیچەکان، تاقمی ھەلپەرەستان و قسەی باق و بریقەداری ئایدیۆلۆژیستەکان و قسەو ئاخفتن و وتە سەت بارە بووە بێ ماناکان و ھێرشی تێکشکێنەری تاریکیەکان و دووبارە لێدزینی ژیان و لە خاچدانی جوانیەکان.
هەموو “ شت” و “ شتەکان” بێ بەهاکراون. ژیان چیتر پێدراوێک نیە مرۆڤ نرخی لەسەر دابنێت. نرخی ژیان بە پێی ئاستی “ چاوەڕوانیەکان” لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و بازاڕو هەلومەرجێکی ترەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت.
هێشتا “ کات” نرخی حەقیقی خۆی لەدەست نەداوە و هیچ هێزێک نیە تێکی بشکێنێ و وردوخاشی کات.
مرۆڤ لە گەڵ دەسپێک و زەردەپەڕی هەر رۆژێک ئەچێتە ناو مامەڵە کردن بە ژیانەوە.