عومان.. سویسراکەی خەواریج!
عومهر عهلی غهفور
2020-01-12   1324
رۆژی ۱۱/۱/۲۰۲۰ سوڵتان قابووس بن سەعید سوڵتانی عومان، دوای ٥۰ ساڵ حوکمڕانی، وەفاتی کرد.
کێ باوەڕ دەکا وڵاتێ بۆ ماوەی ٥۰ ساڵ یەک کەس حوکمی بکا، بتوانێ نموونەیەکی جوان پێشکەش بکا؟.. بەڵام لەعومان ئەوە روویدا..
ئەمە بەڵگەی ئەوەیە لە حوکمڕانیدا هیچ شتێ، هیچ میکانیزمێ رەها نیە، هەموو شت مومکینە، ئەمیان ئامانجی نەپێکا، بەدوای یەکێکی باشترا بگەڕێ.. جەوهەری دیموکراسیش هەر ئەوەیە..
سەیرە! لەناوجەرگەی ئەو شەڕو ئاشوب و ململانێ عەبەسییە ناوخۆیی و ئیقلیمیانەی نزیک بەسەرجەم رژێمە عەرەبیەکانی تێوە گلاوە، سەڵتەنەتی عومان ناوی نیە.. بێدەنگ و ئارام و بێلایەن بە خزمەتکردن و بنیاتنانی وڵاتەکەی خۆیەوە خەریکە.
نەچوونەتە هیچکام لەو جەمسەرانەی شەڕ و ململانێی تایفی و سیاسی ناوچەکە، بەڵکو پەیوەندیی باشیان لەگەڵ هەمووان هەیە، لە ئێرانەوە بۆ سعوودیە، بۆ تورکیا و ئیسرائیل.. هەربۆیە بەپێچەوانەی ئەو رژێمانە، ئەم توانیویەتی رۆڵی خێر و ئاشتەواییش ببینێ..
لێرەوە سەیر نیە عومان بە سویسرای نیشتمانی عەرەب وەسف بکرێ..
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە زۆربەی دانیشتوانی عومان سەر بە مەزەبی ئیبازین، کە یەکێکە لە رێبازەکانی خەواریج، کە عەقڵی دینیی باو لە هەرکوێ تەوژمێکی ئیسلامیی توندڕەو سەرهەڵبدا تۆمەتی خەواریجبوونی دەدەنە پاڵ.. وەک ئەوەی تەنها خەواریج توندوتیژ بووبن لە مێژوودا..
ئایا ناکەوینە گومان لە میسداقیەتی ئەم وێنەیەی عەقڵی دینیی زاڵ بۆ خەواریجی کێشاوە لەکاتێکدا دەبینین تاکە کۆمەڵگە و دەوڵەتی عەرەبیی سەردەم، کە مەزەبێکی پاشخان خەواریج تێیدا باڵادەستە، نەرمترین و ژیرترین و جوانترین سیستمی حوکمڕانی بەرهەم هێناوە، کە سەرنجی دنیای راکێشاوە، کەچی لە زۆربەی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی مەزەبەکانیتر، کە واباوە نەرمتر و میانڕەوترن، تێیاندا باڵادەستن، عەقڵیەتی زەبر و زەنگ و شەڕو سەرکوتکردن و وێرانکاری زاڵە..
من دەکەومە گومان کە ئەو وێنەیەی دەسەڵات و عەقڵی دینیی وابەستە بەدەسەڵاتی ئارا لە مێژوودا بۆ خەواریجیان کێشاوە، مونسیفانە نەبێ و شێوێنرابێ، وەک چۆن وێنەی تەوژمە فەلسەفی و کەلامیەکانی وەک موعتەزیلەیش شێوێنراوە.. بەتایبەت کە خەواریج هەر لەسەرەتاوە بنەمای میراتگری و قورەیشیبوونیان بۆ بوونە خەلیفە رەت کردەوە و هەموو موسڵمانێکیان بەئەهل دانا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کە ئەمە نیشانەی پێگەیشتنی عەقڵییان بووە و بنەمایەکی گرنگە بۆ دیموکراسی..
ئەمەی دەیڵێم ئەنجامی لێکۆڵینەوە نیە، سەرنجێکی سەرپێییە، بەڵام شیاوی هەڵوەستە و لێکۆڵینەوەی جددییە..