پرۆژەی بەنداوی دوكان كێ دروستیكرد؟ چەندی تێچو؟
شێرزاد بازیانی
2019-04-02   3138
پرۆژەی بەربەستی دوكان لەپڕۆژه هەرە گرنگو ستراتیژیەكانی كوردستانه، كه لەسەر یەكێك لهلقەكانی روباری دیجله دروستكراوه، ئەویش زێی بچوكه. دەكەوێته باكوری خۆرئاوای شاری سلێمانی بەدوری (70)كم لەسەر هێڵی پانی (35,55) وەهێڵی درێژی (44،58).
ئەم بەربەسته له ساڵەكانی (1954 – 1959)دروستكراوه لەلایەن كۆمپانیای فەرەنسی (DUMEZ BALLOT)بەبڕی نزیكەی (14)ملیۆن دیناری عێراقی لەوكاتەدا، کە دیناریك بەرامبەر بە دۆلار نزیكەی 4 دولار بووه، واتا نزیكەی 56 ملیۆن دۆلاری تێچوه، وە لەلایەن كۆمپانیای بینی راوێژكار (BINNIE DEACON & GONSULTANT ENGINEERS)شیكاری و سەرپەرشتی دروستكردنی كراوه...
لەروی جیۆلۆجیەوه بەربەستەكه لەسەر ئەو چینانه دروستكراوه، كە لەبەردی دۆلۆمایت پێكهاتون لەسەرو ئەمانیشەوه بەردی لایمستون و مارل دێت، ئەم جۆره بەردانه توانای راگرتنی بەربەستەكەو پاڵە پەستۆی ئاوی ناو دەریاچەكەی هەیه..بەنداوی دوكان، بریتیه له بەربەستێكی كۆنكرێتی چەماوه (CONCRETE ARCH DAM)كە نیوە تیرەی چەماوەكەی لەرووی پێشەوه(120)مەتره، درێژی بەربەستەكه لەسەرەوه (360)مەتره و وەتەرازوی سەری بەربەستەكه (516م) لەئاستی رووی دەریاوه ئەستوری بەربەستەكه لەبناغەوه(54م) وەله سەرەوه(6,20م)، وەتوانای كۆكردنەوەی (6,8)ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیه لەئاستی(511م)دا رووبەری سەرەوەی دەریاچەكەش لەم ئاستەدا بریتیە لە (270كم دووجا) وەلەئاستی (469م)دا كه نزمترین ئاسته رووبەرەكەی بریتیه له(48كم دووجا) كەبڕی ئاوەكەی بریتیە له(0,7 ملیار مەتر سێجا) كه سودی لێ نابیندرێت (DEAD STORAGE)، وه رووبەری ناوچەی دەریاچەكه كه پەیوەندی لەگەڵ ناوچەی تێرژانی ئاوی باراناو هەیه (CATCHMENT AREA) بریتیه له (11690 كم دووجا) كه نزیکەی (60%)دەكەوێته كوردستانی عێراق وه له (40%)له كوردستانی ئێران دایه، وه رووبەری ئەو زەویانەی كه سود مەندن له ئاوی دەریاچەی دوكان بریتیه له (1500,000)دۆنم.بەربەستی دوكان لەچەند دامەزراوەیەك پێكدێت كه ئەمانەی لای خوارەوەن:
1. رێڕەوەكانی ئاودێری:
ژمارەیان دوو دەروازەیه له جۆری (HOLLOW JET)له سەر تونێلێكە كه تیرەكانیان (2,28م) درێژی یەكەیان(160م) وەئاستی تەرازوی شوێنی وەرگرتنی لەبنی دەریاچەكەدا لەئاستی (414,9 م)دایه وەتوانای كردنەوەی هەریەكەیان(110مەتر سێجایه له چركەیەكدا).
پێش دروستكردنی وێستگەی كارەبا بۆ مەبەستی ئاودێری بەكاردەهێنران.
2. رێڕەوەكانی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا:
ژمارەیان پێج رێڕەوە و تیرەی هەریەكەیان(3,65م) توانایكردنە دەرەوەی هەریەكەیان (110م سێجایە لە چركەیەكدا) كە ئەوبڕەئاوە ئەتوانێت (80)میگاوات وزەی كارەبا بەرهەم بهێنێت بۆ هەریەكە لەو تۆڕبینانەی كەلەسەریان دانراوە بۆ بەرهەم هێنانی كۆی گشتی (400 مێگاوات) لەبەرزترین ئاستی دەریاچەكەدا....
شێرزاد بازیانی -مامۆستای زانكۆ