ترسو لەرزی ستەمکاریی لەدەنگی ناڕازیی!
عەبدولستار مەجید
2019-05-24   1288
کاتێک حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی کۆشکە گەورەو گرانبەهاکەی تەواوکرد کە دەکەوتە شاری واست لەعێراق، خەڵکی بانگهێشت کرد تا بیبیننو دوعای پایەداریو بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی بۆ بکەن.
شێخ حەسەنی بەسری کە یەکێک بوو لە زانا گەورەو ناودارو حەقبێژەکانی ئەو سەردەمەو زۆر دژی ستەمکاریی حەجاج بو، نەیویست ئەم دەرفەتە لەدەست بداتو قسەی حەق دژ بەحەجاج بکاتو خەڵک ئاگادار بکاتەوە.
وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە لەو کۆبونەوەیەدا بۆ خەڵکی ئامادەبوی ناو کۆشکەکەی حەجاج دەیکاتو دەفەرموێ "خۆزگە حەجاج دەیزانی ئەوەی لەئاسمانە ڕقیان لێیەتیو ئەوەی لەسەر زەوییە مەرایی بۆ دەکەن لەترسا !".
دەسەڵاتی خێڵەکی سعودییە کە بۆ زانا خواناسو حەقبێژو خەڵکەکەی خۆی بۆتە شێرو بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل بۆتە ڕێوی، بەبڕیاری لەسێدارەدانی سیان لەبانگخوازە حەقبێژەکانی وڵاتەکەی، هەمان وێنەی دەسەڵاتی حەجاج بگرە خراپترو خەتارناکتریش، دوبارە دەکاتەوە.
تاوانی ئەم سێ بانگخوازە و هاوشێوەکانیان کە بە دهیهها کەس دەبن و ساڵانێکە لە زینداندان، وتنی وتەی حەق و ڕاستیی و وەستاتەوەیە دژی ستەم و چەوساندنەوە و بەکارهێنانی ئاینی ئیسلامە بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، پێچەوانەی ئەو زۆرینە ساختەیەی زانایانی ئاینی لە ڕەوتی سەلەفی، کە لە ترس و لە برسا، بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ههندێ جاریش بە فەتوای نابەجێ و ناشەرعی، بوونەتە بەشێک لەو ستەمکارییە !
ئەرشیف و مێژووی هەموو دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان پێماندەڵێن، هەموو ئەوانەی هەڕەشەیان کردووە و بژاردەی زەبری هێز و لەناوبردن و کوشتن و سەرکوتکردنیان بەکارهێناوە، ئەوانە بوون کە لە لوتکەی هێز و دەسەڵاتی پارە و عەسکەردا بوون، ئەوانەشی ڕووبەڕووی پاکتاوی ئەو ستەمکارییە بونەتەوە، ئەوانە بوون کە لە چینە لاواز و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵگەدا بوون و هەموو هێز و دەسەڵاتیان بریتیی بووە لە وتەی حەق و وشەی ( نـــــا ) !
بەڵام لە ئەنجامدا خەڵکە لاواز و بێدەسەڵاتەکە سەرکەوتون و دەسەڵاتدارە ستەمکار و پشت ئەستورەکەش تەفر و تونا بووە و لە تەمەنی کورتی خۆشماندا دەیان نمونەی بەرجەستەمان:بینیووە و شاهێدی نەمانی چەندین ڕژێمی ئاوا بووین .
خۆزگە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان دەیانزانی ئەوانەی لەئاسمانن (خواو فریشتەکانی) ڕقیان لێیانەو ئەوانەشی لەسەر زەوین (زۆرینەی کۆمەڵگە) مەراییو ماستاویان بۆ دەکەن (یان لەترسا یان لەبرسا).