بۆچی عێراق بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ھەرێم دەکات؟
عەبدولستار مەجید
2021-02-09   540
ئەو مامەڵەیەی ئێستا بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، دوو ھۆکاری سەرەکی لە پشتە:
یەکەم:: لە ڕابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانە نەبووە کە لەگەڵ بەغدا کردویەتی بەتایبەتیش لە پرسی نەوت و پابەندی بە یاسای بودجە.
لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی ھەرێم لە سەرەتاوە وتویەتی پابەندی یاسای بودجە دەبین و نەوت بەو بڕەی لە یاساکەدا دیاریکراوە، ڕادەستی دەکەین، دواتر پەشیمان بۆتەوە و پابەندی ڕێکەوتن و بەڵێنی خۆی نەبوە .
ئەمەش بۆتە ھۆی دروستبوونی بێ متمانەیی لە نێوان ھەولێر و بەغدا.
دووەم :: لە ئاستی ناوخۆشدا، دەسەڵاتداران و حکومەتی ھەرێم نەیانتوانیوە سامان و داھاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەکاربھێنن . بۆیە ئێستا بەغدا دەزانێت کە حکومەتی ھەرێم ناتوانێت موچەی فەرمانبەرەکانیشی دابین بکات، لە ڕووی سیاسییشەوە ناوماڵی کورد لێکترازاو و پڕە لە ناکۆکی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان.
ئەم دوو ھۆکارە وایکردووە کە بەغدا خاڵی لاوازی ھەرێمی کوردستان بگرێت، لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان نە دەتوانن لاوازیی و کەموکورتییەکان چاک بکەن، نە دەشتوانن پابەندی بەڵێن و ڕێکەوتنەکانیان بن تا متمانە لە نێوان خۆیان و ناوەند لەبەرژەوەندی خەڵک دروستدەبێتەوە!