مردنی سیاسەت
ئارام قادر حەمەسور
2021-04-09   1123
هانا ئارێنت(۱۹۰٦ـ۱۹۷٥) بیرمەندی سیاسیی ئەڵمانی لە سەدەی بیستەم دەڵێت: لەکوێ جیاوازی هەبوو لەوێش سیاسەت هەیە. واتا سیاسەت بەمانای جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی، نەک یەکستایل و یەکبیر و یەکگووتاری.
سیاسەت خۆی جیاوازییە ئەگینا ئەو هەموو حیزبە بۆچییە؟ جیاوازی بەمانای کۆپی نەبوونی دیدی حیزبێک و نەچەسپاندنی مۆڕکی حیزبێک بەسەر تەواوی جومگەکانی حکوومڕانی.
پارتیی دیموکرات توانی هەموو حیزبەکان بخاتە قالبێکەوە و جیاوازییەکان لەناوبەرێت. ئەو ڕۆژەی سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، هەموو حیزبەکان ئامادەی سوێند خواردنەکەی بوون و کۆتایی سیاسەت و جیاوازییەکان بوو. پارتی توانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ڕاکێشێت و هەمووان شەرعییەتیان بەسەرۆکی هەرێم دا.
ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم هەمووانی کۆکردەوە، ئەم کۆبونەوانە تۆزێک لەسەختییەکانی ژیانی هاونیشتمانییان کەمناکاتەوە، تەنیا نمایشی میدیا و سیاسیین.
ئەوانەشی بوونەتە ئۆپۆزسیۆن بەشداری ئەم شەرعییەت پێدانە بوون. لەهەموو دونیادا ئۆپۆزسیۆن ڤاکسینی دەسەڵاتە و کەموکوڕییەکانی چاک دەکات، نەک شەرعییەت بداتە کارەکانی و دوای کوبونەوەکانی دەسەڵات بکەوێت.
کاتێک هەموو هێزە سیاسییەکان یەک دەگرن و یەکئاوازن، ئەوا سیاسەت دەمرێت. جیاوازی حیزب لەوەدایە جورئەتی سیاسیی هەبێت و ڕووداو درووست بکات، نەک هەمووان هاوئاواز بن.
یەکڕیزیی لەڕابوردوودا درۆیەکی گەورەی سیاسیی بووە و دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆی هێزەکانی تری ڕاکێشاوە و بە ناسیۆنالیزم ڕەنگی کردووە. چونکە ئەمڕۆمان بەرهەمی ئەو یەکڕیزییە دیماگۆجییەیە کە ئەمڕۆیەکی وێرانە.
بەگشتیی جیاوازی سیاسیی لەبەرژەوەندی خەڵکدایە، چونکە مرۆڤ بەسروشت ئارەزووی جیاوازە. کاتێک هەمووان بێجیاوازی دەبن کەواتە هیچیان سیاسەت ناکەن.
سیاسەت بەجیاوازییەوە جوانە نەک بە یەکڕێزییەکەیەوە، کاتێ جیاوازیی سیاسیی نامێنێت ئەوا سیاسەتیش دەمرێت.
وەک لەڕیفراندۆمدا هەمووان دوای بەڵێیەکی ناهۆشیارییانە کەوتن.