شەرم و حەیا لە سیاسەتدا

ئارام سەعید
  2020-07-11     571
سیاسەتی سی سالی رابردوی هەرێم بریتیە لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دا هەمیشە هەر قەیرانیک دەردەکەویت لە کۆتاییدا دەرئەنجامێک دەردەخەن کە خەتای هاولاتیە، تەماتەی کوردی بە نمونە.
جوتیاران خۆپیشاندانیان کرد لەسەر ساخ نەبونەوەی بەروبومەکانیان، وەزیر لەجیاتی چارەسەر و پلانی ئێستاو داهاتوو، لەرووی زانستیەوە باسی کرد و وتی کە ئەوتەماتەیە بۆ دۆشاو ناشێت، دواتر چەندین چاودێر و رۆژنامەنوس کەوتنە خۆ کە مەبەستی ئەوە نەبوە بەڵکو ئەوەیە کە تێچونەکەی زۆرە ،پاشان هەندێکی تر وتیان دەستی کار گرانە، پلانی باش نیە بۆ بەرهەم هێنان، جوتیاران بێ پلان کاریان کردوە، لە کاتێکدا خۆی هەموو ئەمانە بەرپرسیاریتی وەزارەتی کشتوکاڵە چارەسەری کات،بەڵام بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێت لۆمەی جوتیاران بکریت کە بەبێ بەرنامە بەرهەمیان هێناوە، ئەم هەنگاوە پێمان دەڵیت کە سیاسیی ئەم وڵاتە دان نانێن بە هەڵەکانیانا و پێ دەچێت دان نان بە هەڵەدا لە سیاسەتی ئەم دەڤەرەدا نەبێت و ئەوەش بەشی زۆری کارەساتەکەیە، کە تا ئیستا یەک وەزیرمان نەبینی لەم قەیرانە قولەدا دەست لەکاربکێشێتەوە لەبەرئەوەی شەرم و حەیا نەماوەو کەس ئامادە نیە داوای لێبوردن بکات لە سیاسەتی هەڵەی خۆی، چ ئەوانەی ئێستا چ ئەوانەی سالانی رابردوو.
کە شەرم نەما ئیتر ئەبێت یەکێک بدۆزنەوەو لۆمەی بکەن لەسەر ئەو هەلەیە. دەگەڕێن بۆ یەکێک یان گروپێک کە تاوانەکەی بخەنە پاڵ و لێی دەرچن، لە کوردستاندا ئەوەش ئاسانە یەکێتی دەیخاتە پال پارتی،پارتی یەکیتی تۆمەتبار دەکات، پاشان ئۆپۆزیسیۆن دەیخاتە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵات دابەش بون و لەناوخۆیاندا یەکتر تاوانبار دەکەن و لە ژێرەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی بێ پلانی جوتیاران، لێرەوە بازنەیەک دروست دەکەن کە جوتیاران تیایدا دەخولێنەوەو لەناو ئەو هەموو وەڵامانەدا وون دەبن...
ئەگەر دەرئەنجامەکەش بەرێکەوت دەرکەوت کە کۆمپانیای زەبەلاحی وڵاتانی دراوسێ رێگر بووە لەوەی تەماتەی خۆماڵی نەکرێت بە دۆشاو، یان حکومەت نەیتوانیوە هاوردەی ئەو بەروبومانە راگرێت کە لە ناوخۆ هەیە ئەوا نە دەسەڵاتی قەزایی هەیە لێیان بپرسێتەوە نە پارلەمان، لەو حالەتەشدا لێی دەردەچن نەداوای لیبوردن دەکەن نە سزاش دەدرێن.
لێرەدا مەسەلەکە تەنها کشتوکاڵ و وەزیرەکەی نیە ئەوە تەنها نمونەیەکە،بەڵکو ئەم قەیرانە هەموو وەزارەتەکان و سەرۆکی حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوش دەگرێتەوە، سیاسەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبازنەی گەورەتردا دەخولینەوەو هاوڵاتیان گێژ کردوە بەو هەموو خولانەوەیە لەبازنەی بۆشدا.
زانایانی دەرونناس و کۆمەڵناس پێیان وایە شەرم و حەیا لەسەر ئاستی تاکە کەس زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و گۆڕانکاری باش دروست دەکەن، ئەوکاتەی بەرپرسێکی سیاسی شەرم و حەیا دەیگرێت و داوای لێبوردن لەهەڵەیەکی رابردوی دەکات زۆر گرنگ دەبێت.
نەمانی شەرم لە سیاسەتدا واتە شەرمکردن لەوەی سیاسیەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردوە، هەرەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، هەرەشەیە بۆسەر سەروەری یاسا، گرنگە سیاسی بزانیت کە شەرمکردن دەرفەتی گەورەی دەداتێ بۆ فێربوون، بۆیە لوتبەرزی و خۆ بەگەورە زانین لەبەردەم هاوڵاتیدا ئاکامی خراپتری دەبێت و متمانە لەدەست دەدەن. سیاسی لەم هەریمە لەجیاتی شەرمکردن لە هەڵەکانی خۆی پەنا دەبات بۆ شەرمەزارکردنی بەرامبەرەکەی کە ئەمەش بەکارهێنانی شەرمە وەک چەکێک بەڵام بۆ بەرامبەر نەک بۆ خۆی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×