تەییب جەبار

رێبوار سیوەیلی
  2019-07-11     935
1. بونی بەپارێزگاری خوێناویترین و قوربانیترین شاری كوردستانی، مایەی شانازییە. هەرچەندە ئەو پسپۆڕییەكەی لەبواری ئەندازیاریی ڕێگاوباندایە، بەڵام هەمیشە بە ڕۆحێكی شیعرییەوە دەژی و بەهەمان شێوەش بیر لە كۆی ئەو چالاكیی و ئەركانە دەكاتەوە، كە زیندوویی و ئیرادەی مرۆڤ بۆ ژیان و بەردەوامیی و ئاوادەنكردنەوە بەرجەستە دەكەن. 

2. ئەو بە عەقڵێكی گەنجانەوە شیعر دەنووسێت و سادەیی لە دەربڕین و قووڵیی لە مان و نوێكردنەوەی فۆرم، بەشێكن لە شێوازی نووسینە شیعرییەكانی. لەكەنار هەموو ئەوانەدا، زۆر كاری لەسەر ڕوانگەگۆڕینی خوێنەر كردووە و ئیمكانی دیكەی بینین و تێگەیشتن و چێژبینیی لە دەق، دەخاتە بەردەم. ئەو بۆ خوێنەری تەمبەرڵ نانووسێت، خوێنەرچالاك دەكات و ناچاری دەكات بە شێوەیەكی دیكە بڕوانێتە جیهان و شتەكان و خۆی.

3. تەییب جەبار، خەڵكی بیابان و ناو گڕەی گەرما و چەوساندنەوەی گەرمیانە، بەڵام هەموو ئەوانە بوونەتە تایبەتمەندییەك لە كەسایەتیدا، كە دنەی دەدات بۆ ئاشتی و هاوڕێیەتی. ئەو هەرچی توانایەكی هەبێت دەیخاتەوە گەڕ بۆ هەڵگێڕانەوەی ململانێكان بەرەو هێمنی و لێكحاڵییبوون.. ئامادەی قوربانیدان و كات تەرخانكردنە بۆ هەر شتێك كە پێویست بێت، هاوڕێكانیشی دەپارێزێت و گوێناداتە ئەوەی لە ئاستییدا بەوەفا دەبن یان سپڵە. 

4. ئەو عەربیزان وكوردیزانێكە، بە هەمان شێوەی لە ئەندازیارییەوە فێربووە، ئێستاتیكا و قەبارە لێكجیا نەكاتەوە، ئاواش زمان و دروستنووسی و جوانی لە داڕشتنی مانا لێكجیاناكاتەوە. ئەو لەم پێناوەدا، هەمیشە لەگەڵ خۆی لە گفتوگۆ و لێخووردبوونەوەیەدایە. هەروەكوچۆن بڕوای بە پرسیار و ڕاوێژكردنیش هەیە و تاكڕەفتار نییە. 

5. پیاوێكی ماڵیی و لە هەمان كاتیشدا گەڕۆكیشە. لە ماڵەكەشیدا شوێنێكی تایبەت بەخۆی هەیە. بەشێكی زۆری چالاكییەكانیشی لە نێوان هەولێر و سلێمانی و شارەكانی دیكەدا، لەناو  ئۆتۆمبیلەكەیدا جێ بەجێی دەكات. لە خواردن و خواردنەوەدا هاوسەنگ و جاران لە جگەرەكێشاندا ئوستاد بوو، بە جۆرێ هەرجارێك دەچوومەوە سلێمانی و لە ئۆفیسەكەی چاوەڕێی دەكردم، بەدیار وێنە دەگمەنەكەی لەیلای فەریقییەوە، كە تەنیا ئەو هەیەتی، ڕستێ جگەرەمان دەكێشا. خۆزگە ئەو لیستەی پێشنیازیان كردووە ببێت بە پارێزگاری كەركووك، مەرجی دووركەوتنەوە لە جگەرەیان بۆ دادەنا!

6. تەییب جەبار، لە خەمی وڵاتێكی بێدەوڵەت و كوردستانێكی شپرزەدایە، كە ناكۆكیی و دووبەرەكیی وزەی شیاوی خۆی لێسەندۆتەوە. ئەو چەندە كوردستانیانە بیر دەكاتەوە، ئەوەندەش سلێمانیانە دەژی و سەد ئەوەندەش ئەو سنوورانەی بەزاندوون كە شێوەزار و دەڤەرەكان لێكجیا دەكاتەوە. ئەو بە هەەمان ڕۆح و دڵ بۆ ئەنفالەكانی گەرمیان دەگری، كە بۆ بارزانییەكان ئەشك دەڕێژێت. ئەو شایانی ڕێز پشتگیرییەكی زۆرە لە هەموو لایەكەوە.. 

7. هیوادارم هیچ كەسێك و هیچ لایەنێك و هێزێك ئەم مرۆڤە دانسقەیە بچووك نەكەنەوە لە قەبارەی خۆیاندا. لێگەڕێن هەموو وزە و هێزی خۆتان بخەنە بەردەستی بۆ ئەوەی نمونەیەكی دیكەی حوكمڕانی و هونەری بەڕێوەبردنمان پێشكەش بكات. ئەو بە شتی لابەلاو قسە و باسی نێو بارەگا حزبییەكانەوە سەرقاڵ مەكەن. چونكە هەر كات زۆرتان بۆ هێنا ئەوەندە بوێر و كەمتەماعە، ئێوە جێدەهێڵێت و لە دڵی كەركووكدا دەمێنێتەوە.

8. ئەو شانازییەم هەیە كە پێشەكی یەكێك لە كتێبە نایابەكانی من نووسیومە. دەزانن كە نووسین لەسەر نووسەری گەورە، شەڕكردنە لەگەڵ خۆت تا بەرەو ئەو بەرز بیتەوە و بەرگرییش بكەیت ئەو هێندەی خۆت بچووك نەكەیتەوە. 










زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×