ئەو چل رۆژەی بناغەی حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی تێدا داڕێژرا

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-06-25     1123
بەشی دووەم: چۆن هاوپەیمانێتی بارزانی-بەعس دروستبوو؟
 دوابەدوای کۆڕەو و لە ٧ی ئایاری ١٩٩١، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی وەفدی دانوسانکاری بەرەی کوردستانی دەچێتە بەغدا و تا ١٧ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە بەغدا مایەوە. لەم دانوسانە ٤٠ رۆژییەدا بارزانی سەرۆکی وەفدەکە بوو.
بارزانی دەبوایە وەک نوێنەری کورد و بەرەی کوردستانی بەرگری لە مافە رەواکانی کورد و نوێنەرایەتی رای بەرەی کوردستانی بکردایە کە خۆی لە رێککەوتنێکی شکۆمەندانە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی بەعس لە کوردستان و کۆتایی هاتنی تراژیدیاکانی کۆڕەودا دەبینییەوە.  بەڵام لەبری ئەوە، بارزانی کەوتە هاوپەیمانێتییەکی نیمچە ئاشکرا لەگەڵ بەعس و لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و حیزبەکانی ناو بەرەی کوردستانی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکردن.
بێ تێگەییشتن لە چۆنییەتی دروستبوون و سروشتی ئەو هاوپەیمانێتییەی نێوان بارزانی-بەعس زەحمەتە بتوانین لە چۆنییەتی و سروشتی حوکمڕانییەتیەکەی ئەمرۆی بنەماڵەی مەسعود بارزانی تێبگەین.
لەم بەشەدا باس لە زەمینە و چۆنییەتی دروستبوونی هاوپەیمانێتی بارزانی بەعس-دەکەم.
مەسعود بارزانی نێچیرە ئاسانەکە
دەیڤد ماکدەوەل  لە لاپەڕە ٣٧٧ی  چاپی ئینگلیزی کتێبە بەناوبانگەکەیدا، مێژووی مۆدێرنی کوردەکان، باس لەو سەردانەی مەسعود بارزانی ‏دەکات و دەڵێت ، بە بەراورد بە جەڵال تاڵەبانی، سەدام حوسێن لەم دانوساندنەدا مەسعود بارزانیی وەک دانوسانکارێکی "ئاسان" دەبینی. ماکدەوەڵ لەزمانی مەحمود عوسمانیشەوە دەڵێت بارزانی لە دانوسانەکەدا بەرامبەر بەعسییەکان زۆر "نەرم" بوو.
مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە ژمارە (٦٥١٢)ی رۆژی ٢٦ی ئەیلولی ١٩٩٦ی رۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەتدا کردویەتی ناراستەوخۆ هەمان قسەی ماکدەوەڵ تائکید دەکات. ئەو لەوەڵامی هۆکاری شکستی دانوسانەکانی نێوان کورد و بەعسدا دەڵێت "لەراستیدا ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هەنگاوی گەورەمان بە ئاراستەی چارەسەر بڕیبوو. بەڵام (جەلال تاڵەبانی) لەلایەنی خۆیەوە، رۆڵێکی خراپی گێڕا، بابەتەکەش هەر زۆر شەخسی بوو، کاتێک تێبینی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێڕاقی دەیەویست چارەسەرەکە لەگەڵ هەمواندا بێت و بەشێوەیەکی تایبەتی زۆر بایەخ بەو نادات ئەو هەڵوێستێکی تری وەرگرت".
بە لێکدانەوەی ماکدەوەڵ هۆکاری "ئاسان"ی و "نەرم"ی مەسعود بارزانی لەبەرامبەر بەعسدا ئەو شۆکە قووڵە و ئەو فشارە دەروونییە زۆرە بوو کە لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی کارەساتگەلی تاژیدیائامێز تووشی هاتبوو لەوانەش: شکستی راپەڕین؛ کۆڕەو؛ ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان؛ وە رووخانی گوندەکان.
ماکدەوەڵ بەو ئەنجامە دەگات و دەڵێت بەهۆی ئەو شۆک و فشارە دەروونییەوەبوو کە بارزانی جۆرێك لە شکست و تەسلیمبوونی پێوەدیار بوو و ئامادەبوو بەهەر نرخێک بێت لەگەڵ سەدامدا رێک بکەوێت (ماکدەوەڵ ل-٣٧٧-٣٧٨).
لەراستیدا، مەسعود بارزانی بۆ سەدام و رژێمەکەی هەر دانوسانکارێکی "ئاسان" و"نەرم" نەبوو، بەڵکو ئەو نێچیرێکی "ئاسان" و "نەرم" بوو.
جەلال تاڵەبانی لەدیداری تەمەنیدا هەمان بۆچون لەسەر حاڵەتی داڕوخانی دەروونی مەسعود بارزانی و خواستی بارزانی بۆ رێککەوتن بەهەر نرخێک بەعسدا دووبارە دەکاتەوە. بەڵام تاڵەبانی ئەم حاڵەتە داروخاوییەی مەسعود بارزانی دەگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری تر، لەوانەش، بەبڕوای تاڵەبانی:
-  بارزانی هەر لە بنەڕەتدا باوەڕی بەڕاپەڕین نەبوو.
تاڵەبانی دەڵێت "بۆ مێژوو ئەوە دەگێڕمەوە کە ئەوە ئێرانییەکان بوون چوون مەسعود بارزانییان هێنایەوە بۆ کوردستان. مەسعود ئەو سەردەمە بڕوای وابوو ئەگەرهاتو ئێمە راپەڕین، ئەوا عێڕاق چەکی کیمیاوی بەکاردەهێنێت و میللەتەکەمان تەفروتون دەکات، لەبەر ئەوە پێی وابوو راپەڕین کاتی نەهاتووە."
- بارزانی باوەڕی بە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەبوو:
لەکاتی کۆڕەوی ١٩٩١دا، سەرانی هەموو حیزبەکانی ناو بەرەی کوردستانی کۆبونەوەیەکییان سازکرد بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەگەری دانوسان لەگەڵ رژێمی عێراقدا بکەن و ئەمە بە کۆبونەوەی خەلیفان ناسراوە. لەم کۆبونەوەیەدا بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەهەرنرخێک بێت و لەگەڵ بەعسدا رێکدەکەوێت. بارزانی بۆ پاساوی ئەو هەڵوێستەی بەلایەنکانی تری گووتوە"من هیچ باوەڕم بەخەڵکی کوردستان نەماوە، من باوەڕم بە پێشمەرگەی پارتی نەماوە، کە لێمان قەوما لەهەموو ئەو پێشمەرگانەی پارتی کە لەگەڵمدابوون، چل کەسم لەگەڵدا مایەوە.. باوەڕم بەوە نەماوە خەڵکی کورد خەبات و مقاوەمەت بکات و جارێکی تر نامەوێت ببمەوە بە پەنابەر لە ئێران." (دیداری تەمەن ل-٢٢٣)
- بارزانی باوەڕی بەشەڕ لەگەڵ بەعسدا نەبوو
تاڵەبانی  لە لاپەڕە ١٨٧ی دیئداری تەمەندا دەڵێت لەو سەروبەندەدا "مەسعود بارزانی وای قسە دەکرد کە هیچمان پێ ناکرێت و دەچینەوە بۆ ئێران. بەڵام بارزانی ئامادە نەبووە جارێکی تر ئاوارەی ئێران بێتەوە و گوتوویەتی "نوگرەسەلمانمان باشترە لە چونەوەمان بۆ ئێران وە چارمان نییە تەنها ئەوە نەبێت کە لەگەڵ حکومەتدا پێک بێین. بۆیە بارزانی پێدارگری کردووە لەسەر ئەوە کە رێککەوتننامەکە لەگەڵ بەعسدا ئیمزا دەکات تەنانەت " ئەگەر بەتەنیاش بم و پارتیشم لەگەڵدا نەبێت". (تاڵەبانی: دیداری تەمەن لاپەڕە ٢٢٢).
- بارزانی باوەڕی بە حوکمڕانی و حکومەتی کوردی نەبوو
دەربارەی روانگەی بارزانی بۆ حکومەتی کوردی تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پارتی پێیوابوو "کە حکومەت مەسەلەیەکی جدی نییە و پێیان وابوو ئەو حکومەتە سەرناکەوێت و ناژی، چونکە ئەوان وایان دەزانی زوروفی سیاسی و ئابووری، ئەوەندە لەبار نییە حکومەت تێیدا بژی و گەشە بکات"(تاڵەبانی: دیداری تەمەن ل-٢٣١).
بەبۆچوونی تاڵەبانی، لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە بوو بارزانی دەیەویست بەهەر نرخێک بێت کورد لەگەڵ بەعسدا رێککەون.
نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خەون یان مۆتەکەدا بۆچوونێکی هاوشێوەی ماکدەوەڵ  وتاڵەبانی لەمەڕ سووربوونی مەسعود بارزانی لەسەر رێککەوتنی بەرە و بەعسدا باس دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە ""چەند جارێ کاک مەسعود زۆری بۆ سەرکردایەتی بەرە هێنا رێککەوتننامەکە پەسەند بکا" بەڵام "سەرانی بەرەی کوردستانی ئامادە (نەبوون) بچنە ژێر ئەو بارەوە." نەوشیروان مستەفا پێیوایە کە سووربوونی مەسعود بارزانی لەسەر رێککەوتنی بەرە و بەعس بەهەر نرخێک بووە هۆی درووستبوونی "یەکەمین درز لە ناو ریزەکانی بەرە، وە بەتایبەتی نێوانی یەکێتی و پارتی."
رێککەوتن بەهەر نرخێک یان تەسلیمبوون بەهەر نرخێک؟
پرسیار ئەوەیە بەندەکانی ئەو رێککەوتننامەیەی کە بارزانی و بەعس لەسەری رێککەوتبوون و بارزانی سووربوو لەسەر واژۆکردنی چی بوون؟
 ماکدەوەڵ لەهەمان کتێبدا چەند خاڵێک لە داواکارییەکانی بەعس کە دەیەویست بەسەر کوردیدا بسەپێنێت و لەناو رێککەوتننامەکەدا هاتبوون ئاشکرا دەکات، کە ئەم خاڵانەی خوارەوەن:
- تەسلیمکردنەوەی ‏هەموو چەکە قورسەکانی پێشمەرگە بە بەعس،
- داخستنی سەرجەم رادیۆکانی بەرەی کوردستانی،
- بچڕاندنی هەموو جۆرە پێوەندییەکی کورد لەگەڵ دەرەوە
- سەرکردە کوردەکان بچنە ناو حکومەتەوە (ماکدەوەڵ ل-٣٢٢).
جەلال تاڵەبانی هۆکاری رەتکردنەوەی بۆچی ئەوان و هەموو لایەنکانی لەو رێککەوتنە دەکات و رای خۆی بەو شێوەیە لەسەر دەردەبڕێت:
- ئەو رێککەوتننامەیە هیچی تێدانەبوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد،
- تەنها سەلماندنی سەرکردایەتی بەعس بوو،
- هەتا رۆژی قیامەت سەلماندنی شۆڕشی بەعس و سەرکردایەتی سەدام حوسێن بوو.
- باسی کەرکوک نەکرابوو.
- گەشەکردنێک نەبوو بۆ حوکمیزاتی
دەکرێت رێککەوتننامەکە لەسەر بنەمای زانییارییەکانی ماکدەوەڵ و تاڵەبانی ئاوا دابڕێژرێتەوە: هێزی پێشمەرگە و حیزبە کوردییەکان لەچەک و راگەیاندن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییان دادەماڵدرێن و دەبنە بەشێک لە رژێمی بەعس و شەرعییەت بە حوکمڕانی بەعس دەدەن، بێ ئەوەی لەبەرامبەردا بچوکترین مافی گەلی کورد بسەلمێنرێت و کەمترین ئیزافە بخرێتە سەر حوکمی زاتییە کارتۆنییەکەی بەعس.   
بەواتایەکی تر، ئەو ڕێککەوتنەی کە مەسعود بارزانی دەیخواست بەناوی بەرەوە ئیمزای بکات و بەسەر لایەنەکانی تری بەرەدا بیسەپێنێت جۆرێك لە ئاشبەتاڵ و جۆرێک لە تەسلیم بوون بە بەعس بە هەر نرخێک بوو.
بەمجۆرە لەنێوان بارزانی و بەعس هاوسۆزی و لەیەکتێگەییشتنێکی بەرچاو دروست بووبوو لەمەڕ پێوەندی کورد و رژێمی بەعس و شێوازی حوکمڕانی بەعس لە کوردستان. هاوسۆزی و لەیەکتێگەییشتنێک کە کوردی دەگێڕایەوە خاڵی سفر و جارێکی تر دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی عێڕاق لەکوردستان دادەمەزرانەوە و حیزبەکانی ناو بەرەی کوردستانیش دەچونە ناو جەبهە کارتۆنییەکەی بەعس و جێگای حیزبە کارتۆنییە کوردییەکانی بەغدایان دەگرتەوە.
لەرێککەوتنی بەرە-بەعسەوە بۆ هاوپەیمانی پارتی-بەعس
بەعس لە سەپاندنی ئەو ئاشباتاڵ و تەسلیمبوونە بەسەر بەرەی کوردستانیدا فەشەلی هێنا، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک بوو:
یەکەم؛ لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانی هەموویان بەیەک دەنگ رەتییان کردەوە بێننە ژێر باری خواستی مەسعود بارزانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە
دووەم؛ لە ماوەی ئەو ٤٠ رۆژەدا کە مەسعود بارزانی لەبەغدا مایەوە،هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی کورد گۆڕدرابوو. بەهۆی کۆڕەوەوە خەڵکی کوردستان پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی ئەو بەدەستهێنابوو. ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بڕیاری ٦٨٨ی بۆ پاراستنی کورد دەرکرد. سەرەتا هێزە هاوپەمانەکان هاتنە چەند ناوچەیەکی کوردستان وپەناگای ئەمینیان دروست کرد، دواتریش بەهۆی ناوچەی دژە فرینەوە کوردستانییان لەهەر هێرشێکی ئاسمانی عێراق پاراست.
سێیەم؛ لەماوەی ئەو ٤٠ رۆژەدا هێزی پێشمەرگە گەڕابوونەوە شارو شارۆچکەکان و تەنگییان بە هێزەکانی عێڕاق هەڵچنیبوو. وەک ماکدۆوال دەڵێت لەناوەراستی حوزەیراندا، سوپای عێراق ناچار بوو وەک ئەمری واقیع دان بە بوونی هێزی پێشمەرگە لە ناو هەولێر و سلێمانیدا بنێت و لەگەڵی هەڵبکات.
مانگێکی پێنەچوو، واتە لە ٢٠ تەمووزی هەمان ساڵدا، بەیەکدادانی چەکداری لە نێوان هێزی پێشمەرگەی لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانی  (غەیرە پارتی) لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا دەرگیری شەڕ هاتن و توانییان هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی کۆنترۆڵ بکەن و هێزەکانی بەعس بۆ دەرەوەی شارەکان دەرکران.
لەپایزی هەمان ساڵیشدا عێڕاق ناچار بوو هێزە ئەمنی و ئیدارییەکانی لەسەرتاپای ئەو ناوچانەی کە دواتر بوون بە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە.
بەمجۆرە،  بەوەدەرنانی هێزە سەرکوتکارەکانی عێراق لەهەرێمی کوردستاندا هەموو هەوڵی رژێمی بەعس و مەسعود بارزانی بۆ سەپاندنی رێککەوتنامەی گۆرین بەسەر گەلی کورد و بەرەی کوردستانیدا لەبارچوون.
چەند روداوی مێژوویی کە لە هەمان ساڵ روویاندا ئەوە دەسەلمێنێت کە شکستی بارزانی لە رازیکردنی بەرەی کوردستانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەعس بەمانای کۆتایی لەیەکنزیکبونەوەی بارزانی بەعس نەبوو، بەڵکو لەسەپاندنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەعس بەسەر بەرەدا ی بەرە لەگەڵ بەعسدا بەمانای کۆتایی هاتنی هاوکاری و هاوسۆزی و پشتیوانی بارزانی بۆ بە ە نە بەمانای کۆتایی هاتنی هاوسۆزی و لەیەکتێگەییشتنی بارزانی-بەرە و نە بەمانای کۆتایی هەوڵی بارزانی بۆ سەپاندنی ئەو رێککەوتننامەیە لەگەڵ بەعسدا بوو.
یەکەم؛  بارزانی لەگەڵ پرۆسەی راماڵین و وەدەرنانی هێزەکانی عێراق نەبوو لە کوردستان، کە لەپایزی ١٩٩١دا لەسەر دەستی خەڵکی کوردستان روویدا. بەپێچەوانەوە ئەوان دژی ئەو پرۆسەیە بوون و وەک نەوشیروان مستەفا ئاماژەی پێدەدات "جیاوازی هەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە کشانەوەی هێزەکانی بەعس خەریک بوو ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەو دو هێزەدا".
دووەم: تەنانەت دوای راماڵینی هێزەکانی بەعسیش لەکوردستان بارزانی هەر سوور بوو لەسەر هەوڵەکانی خۆی بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکەی گۆرین. سووربوونی بارزانی لەسەر رێککەوتن لەم قۆناغە هێشتا بەرادەیەک بوو کە مەترسی شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی و هێزەکانی تری بەرە (بەتایبەت یەکێتی) رووبدات. وەک تاڵەبانی روونی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لەم شەڕە بکرێت، بەرەی کوردستانی پێشنیاری هەڵبژاردنییان کرد و بۆ ئەوەی ئەگەر لە هەڵبژاردندا کێ سەرکەوت ئەو لایەنە بڕیار بدات کە رێککەوتننامەکە لەگەڵ بەعسدا واژۆ بکات یان نا. پشتیوانی بارزانی بۆ پێشنییاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە بوو کە لەهەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە و خۆی تەنیا لەگەڵ بەعسدا رێکبکەوێت (تاڵەبانی دیداری تەمەن لاپەڕە ٢٢٢). نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ٢٢ی خەون یان مۆتەکەدا هەمان زانییاری دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت ""مەسعود بارزانی بەڵێنی بە بەعس دابوو کە هەڵبژێردرا بەرابەر ڕێکەوتننامەی گۆرین لەگەڵ بەعس ئیمزا بکات و هەر لایەک رازی نەبوو بیفلیقێنێتەوە."
سێیەم؛ دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەروبەندی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بارزانی لەگەڵ ئەو فۆرمەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبوو و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هەمان داموو دەزگاکانی رژێمی بەعس لە کوردستاندا وەک خۆی بهێڵرێتەوە. لەم بارەوە تاڵەبانی نوسییویەتی "ئێمە بەزۆر ئەو ناوانەمان پێ گۆڕین لە (مەجلیسی تەنفیزی)یەوە بۆ (ئەنجومەنی وەزیران) و بە موناقەشەی زۆر و بە ماندووبوونی زۆر ئەو ناوانەمان پێ گۆڕین (تاڵەبانی دیداری تەمەن ل-٢٣١).
لە مێژووی رەش و شومی حوکمرانی خۆیاندا، هەرگیز سەدام و حیزبە فاشییەکەی توشی باروودۆخێکی وا خراپی وەک بارودۆخی دوای جەنگی کوێت و راپەڕینی شیعەکان لە باشوری عێراق و کورد لە باشوری کوردستاندا، نەهاتبوون. لەم بارودۆخە ناهەموار و دژوارەی بەعسییەکان، پەیدابوونی کەسێکی وەک مەسعود بارزانی کە بەرگری لەمانەوە و بەرژەوەندییەکانی بەعس لە کوردستان بکات و ئامادە بێت بەهەر نرخێک بێت لەگەڵی رێککەوێت، وەک دیارییەکی خوداوەند وابوو. بەتایبەت مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی و حیزبەکەی خاوەنی مێژووییەکی دوورودرێژی بەرەنگاری و هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی جەماوەری بوون.
بۆیە. سەدام و رژێمەکەی هەموو هەوڵێکییان دا تا بنەماڵەی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی لەهەڵبژاردن و ململانێکانی داهاتووی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی تردا سەرکەوتوو و باڵا دەست بێت. ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی ئابووری، لۆجیستی و سەربازی بەعس هەبوو  بۆ بارزانی
لە بەشەکانی داهاتووی ئەم بابەتەدا شرۆڤەی ئەوە دەکەم کە چۆن ئەو هاوکاری و پشتیوانییە هەمەلایەنە بووە هۆی باڵادەستی و چەسپاندنی حوکمرانی بنەماڵەی مەسعود بارزانی لەکوردستاندا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×