چەند سەرنجێک دەربارەی مەنبەج

ئارام ره‌فعه‌ت
  2024-12-10     274

یەکەم،

مەنبەج خاڵی لاوازی رۆژاڤایە. دواجار زوو یان درەنگ تورکیا و چەتەکانی داگیری دەکەنەوە. پێویست ناکات رحژاڤا هێزی مرۆیی و سەربازی خۆی لەوێ بەهەدەر بدات.

خاڵە لاوازەکانی مەنبەج:

- شارێکی عەرەبنشینە

- تاکە بەشی رۆژاڤایە کە لە رۆژاوای فوراتە،

- لە سێ لاوە لەلایەن تورکەکان و چەتەی عاڕەبەکان گەمارۆ دراوە.

- تەنها بە پردێک بە کۆبانێ و رۆژاڤاوە گرێدراوە، ئەمیش لەلایەن تورکەکانەوە هێرشی کرایە سەر و لەکار کەوتووە.

دووەم،

مانەوەی کورد لەمەنبەج دەکرێت لە هاوکێشەی خاکدا و دواتریش دانوسان لەسەر ئەو بنەمایە تەماشا بکرێت، بەڵام رۆژاڤا هەر لە کۆبانێ و رەققە تا ئەلبوکەمال هێندە خاکی بەردەستە کە پێویست بەوە نەکات قوربانی زیاد لە پێویست بۆ مەنبەج بدات.

سێیەم،

مەنبەج لە دوو روویترەوە بایەخی هەبوو.

- لەروویەکەوە، مەنبەج وەک بەرەی پشتەوەی کۆبانێ و رەققە هەژمار دەکرێت تورکەکان و چەتە عاڕەبەکان بە بوونی مەنبەج ناتوانن راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئەو دوو شارە و مەترسی لەسەر درووست بکەن. بەڵام، بوونی رووباری فوڕات و بەنداوی تەبقە وەک بەربەستی سرووشتی لە ئەگەری لەدەستدانی مەنبەج ، کاریگەرییەکانی ئەو مەترسییە کەمتر دەبێتەوە و بەتایبەت ئەگەر رۆژاڤا ئەو هێزە مرۆییەی بۆ پاراستنی مەنبەج بەهەدەر دەدات لە پاسەوانی روباری فورات تەوزیف بکات.

ـ لەروویەکی ترەوە، تا پێش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، مەنبەج وەک پانتاییەک بۆ بەستنەوەی کانتۆنی عەفرین و کۆبانێ دەبینرا. بەنەمانی کانتۆنی عەفرین و پاکتاوی رەگەزی کوردان لە عەفرین، مەنبەج ئەو بایەخەی نەماوە.

چوارەم،

رۆژاڤا بێ مەنبەجیش هەموو پایە و بنەماکانی مانەوەی هەیە، چونکە:

- ئێستا کورد، تەواوی رۆژهەڵاتی فوراتی لەبەر دەستدایە کە کوتلەیەکی جوگرافی تایبەتمەندە و بەربەستی سرووشتی لە سورای جیا دەکاتەوە

- ئەم یەکە ئیدارییە زۆرینەی سەرچاوە سرووشتییەکانی سوریای لەژێردەستدایە، واتە زۆرینەی سەرچاوەی ئاو و غاز و نەوتی سوریا.

- ئەم یەکە ئیدارییە دەکاتە لەسەدا چلی خاکی سوریا، کە هەڵبەت جگە لەسەری کانیێ و گرێسپیی داگیرکراو، سنوورەکانی لەگەڵ باشور ی کوردستان و عێڕاقدا هەیە و لەداهاتووشدا هاتووچۆ و پەیوەندی زەمینی لەگەڵ ئوردندا ئەگەرێکی بەهێزە.

-ئەمریکا لانی کەم پاسەوانی نیوەی ئەو خاکە دەکات کەکورد تێیدا حاکمە.

ئەم جوگرافیایە هەم لەرووی سەربازی و ئابووری و هەم سامانی مرۆیی و جیۆپۆلەتیکی توانای مانەوەی هەیە. بە لەدەست چوونی عەفرین، لانیکەم لە ئێستادا، هیوادارم رۆژاڤا هیچ وزە و هێزی خۆی لە مەنبەج و رۆژاوای فورات بەهەدەر نەدات، بە گەرەکە کوردنشینەکانی حەڵەبیشەوە. بە پێچەانەوە، پێویستە کوردانی شەهبا و حەڵەب و سەرجەم شارە سوورییەکان و رۆژاوای فورات هانبدرێن کۆچ بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×