ئیخوانەکانی کوردستان دوجار ناڕاستگۆن

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-03-26     2045

سەرەتا پێویستە چەند راستییەک دەربارەی مامەڵەی رۆژاڤا لەگەڵ داعش‌و مەدەنییە داعشییەکان بیر هەموو لایەک بخەمەوە.

یەکەم: حاڵی حازر ٧٠ هەزار کەس لەداعش‌و کەسو کارو خێزانەکانی داعش لەکامپی هۆڵی رۆژاڤا لەلایەن حکومەتی رۆژاڤای کوردستان پارێزراون‌و خزمەت دەکرێن (*).

دووەم: لەو ژمارەیە، زیاتر لە ٩ هەزار کەس داعشی بیانی و منداڵ و کەسوکارەکانییانن، کە لەسەرتاپای جیهانەوە (نزیکەی ٥٦ وڵات) هاتبوون بۆ کوشتن و ئیبادەکردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی.

سێیەم: هیچ کام لەو ٥٦ حکومەتە ئامادە نین ئەو هاوڵاتییە قەڵپانەیان ببەنەوە، سەرەرای ئەوەی کە ئیدارە رۆژاڤا رۆژانە داوا لەو حکومەتانە دەکەن کە داعشەکانییان ببەنەوە. بەهانەی هەموو ئەو حکومەتانە ئەوەیە کە هەر داعشێک، چ منداڵ و چ گەورە، چ ژن و چ پیاو، دەبنە پرۆژەیەک بۆ تیرۆر و ئیرهاب لە وڵاتەکانییان.

چوارەم: سەرەرای گەمارۆی ئابوری لەهەمو لایەکەوە و سەرەرای سنورداربونی ئیمکانیاتی ماددی‌و دارایی حکومەتی رۆژاڤای کوردستان، ئەو ٧٠ هەزار داعشە لەسەر حیسابی قوت و نانی سەر سفرەی خەڵکی بەشمەینەتی رۆژاڤا خزمەت دەکرێن‌و بێ ئەوەی هیچ کام لەو ٥٦ وڵاتە ئامادە بن تەنانەت خەرجی داعشەکانیشییان بکێشن.

پێنجەم: ئەم خزمەتە بێ بەرابەرو ئەەو مامەڵە مرۆڤدۆستە کەموێنەیەی رۆژاڤا لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ١١ هەزار کەس لەباشترین کوڕو کچانی رۆژاڤا بەدەستی هەمان ئەو داعشانەو کەسوکاری ئەو داعشانە کوژراون و هەر تاکێک لەو داعشانەی ئێستا لەکەمپی هۆڵن وەک کافرو مورتەد تەماشای شەرڤانان دەکەن و پێیان وایە کوشتنییان ئەرکێکی دینییە و لەهەر فرسەتێکدا بۆیان بلوێت نەک هەر شەرڤانان بەڵکو خەڵکی سیڤیلی کوردیش قەتڵ و عام دەکەن.

شەشەم: لەپێناو پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان (کەس و کاری داعشەکان) لە چەند مانگی رابردوودا، شەرڤانان چەندان جار هێرشەکانییان بۆ سەر باهۆز راگرت و هەموو هەوڵێکییان دا کە زۆرترین کەس لە داعشە مەدەنییەکان بپارێزن و رزگارییان بکەن. زۆرینەی میدیای دونیاو رای گشتی جیهانی سەرسامی قوربانی دانی شەرڤانان لەپێناو پاراستنی ژیانی داعشە مەدەنییەکان و مامەڵەی مرۆڤانەی کەم وێنەی رۆژاڤاییەکانن زۆربەی ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو هەڵوێستە کەموێنەو بێ پێشینەیان دۆکیمێنت کردووە.

ئیخوانییەکانی کوردستان دو جار نا راستگۆ بون
ناراستگۆیی یەکەمییان نادیدە کردن و شاردنەوەی ئەو راستیانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداون. ئیخوانەکان لەبری شانازیکردن بەهەڵوێستی مەزن و بێ هاوتای هاوخوێنەکانییان (کوردانی رۆژاڤا) و سوپاسگوزارییان و راکێشانی رای گشتی جیهان یان لانی کەم سەرنجی ئیخوانیزمی جیهانی بۆ ئەو هەقیقەتانەی لەسەرەوە ئاماژە پێدان، لەرێگای مەلایەکی نوێژخوێنییانەوە کەوتنە تۆمەت و بوختانی بێ ناوەرۆک و بێ بنەما و تۆمەتبارکردنی شەرڤانا بەرەشەکوژی ٣٠٠٠ کەس. ئەم هەڵوێستەی ئیخوانەکانی کوردستان دوورە لە هەموو بەها و مۆراڵە ئینسانی و ئایینییەکان، چونکە هیچ حاڵەتێکی لەو جۆرە نە روویداوە و نە ئەوان و نەهیچ کەس ولایەنێک بچوکترین بەڵگەی لەسەر روداوێکی وا هەیە. 

ناراستگۆیی دووەمییان ئەوەیە ئەوان بۆ مەرگی وەهمی ٣٠٠٠ مەدەنی داعشی ناگرین، بەڵکو بۆ مەرگی راستەقینەی دەوڵەتی داعش دەگرین. ئەگەر ئەوان بەراستی خەمی داعشە مەدەنییەکانییانە دەبوایە هەڵمەتێکی جیهانییان بۆ کۆکردنەوەی خۆراک و پێداویستییە هەنووکەییەکانی تر بۆ ئەو ٧٠ هەزار داعشە مەدەنییەی کەمپی هۆلی رۆژاڤا کۆکردبایەوەو لانی کەم هەوڵییان دابوایە کە وڵاتگەلی دۆست و پشتیوانی ئیخوانیزم، لەبابەتی تورکیاو قەتەر وڵاتەکانی تری وەک مالیزیاو ئەندەنوسیا هانبدەن بۆ بردنەوەی داعشەکانییان.

یەکێک لەسەرچاوەکان: 
https://www.channelnewsasia.com/news/world/syria-s-kurds-hand-three-russian-orphans-to-moscow-11378916?fbclid=IwAR2FWtVTJIS66CfEdnO9qj01x4LwqupG3lu2H6Do97AQ2Td2nm6BMUna3UI

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×