چۆن یه‌که‌م   کۆنفرانسمان له ‌نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال ساز کرد؟

هیوا ناسیح
  2022-04-13     402

گه‌یاندنی دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و جیهانییه‌کان و هه‌وڵدان بۆ به‌ جینۆسایدناساندنیان کارێکه‌، که‌ ده‌بوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌ر دوای راپه‌رین و پێکهێنانی ئه‌و حکومه‌‌ته‌ شێلگیرانه‌ کاریان بۆ بکردایه‌ و هه‌وڵیان بۆ بدابایه‌. ئه‌وان که‌ هه‌م ئۆتۆریته‌یه‌کی خۆیان له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی هه‌یه‌، هه‌میش بوودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحیان له‌ موڵکی گشتی له‌به‌رده‌ستدایه‌، زۆر ئاسانتر و خۆشده‌ستانه‌تر ده‌یانتوانی، چه‌ندان کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ئه‌مریکا و سویسرا هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و شوێنانی تر ساز بکه‌ن، وه‌بیانکه‌‌نه‌ سه‌نته‌ری چالاکیه‌کانیان بۆ ئه‌و دۆسیه‌یانه‌.

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم، لیژنه‌‌ی شه‌هیدان وئه‌نفالکراوانی په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌‌م وڵاتانه‌ی هه‌نده‌ران،‌ له‌ ئه‌وروپا و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کارێکیان له‌‌و دۆسایه‌یه‌دا نه‌کرد، سه‌ره‌ڕای باشیی توانا ماددی و مه‌عنه‌وی و په‌‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ وڵاتانی جهیان، که‌ له‌ئاستی گرنگی دۆسیه‌که‌ و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردنییان بۆ خۆبه‌ پارێزه‌ریی قوربانییانی ئه‌و تاوانانه‌ و مافه‌کانی که‌سوکاری قوربانییان بێت.

ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) کاتی خۆی چالاکترین ڕێکخراو بوو، له‌ بواری  مافی مرۆڤ و به‌جینۆسایدناساندنی کۆمه‌ڵکوژیی و گه‌وره‌تاوانه‌کانی دژ به‌ میلله‌تی کورد ئه‌نجامدراوه له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا‌ کاری ده‌کرد، کۆمیته‌ی له‌ باشوری کوردستان و زۆربه‌‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا هه‌بوو. ساڵانێکی زۆر به‌نده‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕ، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ بییانییه‌کان، به‌رپرسی کۆمیته‌‌ی سویسرا و خولێکیش بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی سێ ساڵ (٢٠١٤-٢٠١٧)   سه‌رپه‌رشتیاری ده‌سته‌ی کارگێڕی رێکخراوه‌که‌ بووم. له‌ چوارچێوه‌ی کار و چالاکییه‌کانماندا و بۆ خۆئاماده‌کردن بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ساڵی ٢٠١١ پڕۆژه‌یه‌‌کم ئاماده‌ کرد بۆ ئه‌نجامدانی کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ ژنێڤ، که‌ تا ئه‌و کاته‌ نه‌ حزبه‌‌ کوردییه‌کان، نه‌ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ نه‌ هی عێراقیش کۆنفرانسی گه‌وره‌‌ی وایان ساز نه‌کردبوو، دوای سه‌رنج و تێبینی هاوڕێیان، بڕیارماندا بۆ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی حکومه‌تی هه‌رێم بینێرین، ئه‌وکات د. مه‌جید محه‌مه‌د وه‌زیر بوو، چونکه‌ له‌ ڕووی ماددیه‌وه‌ ئیمکانییه‌تێکی زۆری ده‌وێت و هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ و ئاسانکاری سه‌فه‌ری ئه‌وانه‌ی داوه‌تده‌کرێن له‌ کوردستانه‌وه‌ بێ پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌سته‌م ده‌بێت،‌ له‌سه‌ر کاغه‌زی فه‌رمی و به‌ لۆگۆی ڕێکخراوه‌که‌وه‌ له‌‌ ١٢/٧/٢٠١٠ ناردمان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاوکاریی پێویستیان نه‌کردین.

بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ ئیمکانییه‌تێکی که‌می مادی و به‌ چه‌ند مانگێک له‌ کار کۆشش و ماندووبوونمان قۆڵمان لێهه‌ڵماڵی و کۆنفرانسه‌که‌مان سازکرد، واش بڕیار بوو پاش کۆنفرانس هه‌موو ئه‌و بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌ کۆنفرانسه‌كه‌دا پێشکه‌ش كران له‌ دووتوێی کتێبێکدا به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ بکرێن، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر زۆر هۆکار ئه‌م کتێبه‌ چاپنه‌کرا. شایه‌نی باسه‌ حکومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندنیشه‌‌وه‌ گرنگییان به‌ کۆنفرانسه‌که‌ دا نه‌دا، چونکه‌  نه‌ده‌چووه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبییه‌وه‌ و جگه‌ له‌مه‌ش ئێمه‌ی سازکه‌رانی کۆنفرانسه‌که‌ زۆربه‌مان نه‌ک سه‌ر به‌به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات نه‌بووین، به‌ڵکه‌ له‌و ده‌موچاوانه‌ بووین که دوو حزبه‌که‌ به‌ هۆی هه‌ڵوێستی سیاسیمانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رکوت و ده‌سگیرکردنی خۆپیشانده‌ران و پشتیوانی داواکانیانه‌وه‌ به‌ ناحه‌ز له‌ قه‌‌ڵه‌م ده‌دراین، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانمان بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی کوردا ئه‌م کاره‌مان ئه‌نجامدا و دڵنیام له‌ داهاتوودا ڕێزی ماندووبوون و گرنگی ئه‌م کاره‌ ده‌زانرێت، وه‌ک خۆشم ئه‌مه‌ و گه‌یاندنی دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ به په‌رله‌مانی سویسرا ساڵی ٢٠١٢ پاش چه‌ند ساڵ هه‌وڵ و کۆشش بۆی، به‌ دوو گرنگترین کاری ده‌زانم له‌ ژیانمدا ئه‌نجامم دابێت. لێره‌دا بۆ مێژوو ده‌قی پڕۆژه‌‌که‌، هه‌روه‌‌ها ڕاپۆرتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسه‌که‌ داده‌نێم. ئه‌مه‌‌ ده‌قی پرۆژه‌که‌ بوو:

 

پڕۆژه‌ بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان 
 

ب: کۆنفرانسێک له‌ یادی 23 ساڵه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه 

‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ ژنێڤ 

 

سڵاوێکی گه‌رم 

 

سه‌ره‌تا: وڵاتی سویسرا گرنگی خۆی هه‌یه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتێکی بێلایه‌نه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، سه‌نته‌ری ئه‌وروپایه‌، ده‌یان و سه‌دان په‌یماننامه‌ و رێکه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر خاکی ئه‌م وڵاته‌ مۆر کراوه‌، ساڵانه‌ ده‌یان کۆنفرانس و کۆبونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێ ساز ده‌کرێت. باره‌گای زۆر له‌ رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی لێیه‌، له‌وانه‌ش باره‌گای سه‌ره‌کی کۆمسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، که‌ پاش ئه‌وه‌ی نیۆیۆرک دووه‌م گه‌وره‌ترین باره‌گای ئه‌و رێخکراوه‌ جیهانییه‌یه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، رێکخراوی خۆراکی جهیانی، رێکخراوی ته‌ندروستی جهیانی...هتد، بۆیه‌ هه‌ر کۆنفرانس و کۆنگره‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ کورد له‌ شاری ژنێڤ، که‌ پایته‌ختێکی دیپلۆماسی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ و له‌ باره‌گای ئه‌و رێکخراوه‌ مانا و مه‌غزای خۆی هه‌یه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌یه‌. 

 

بیرۆکه‌ی پرؤژه‌که‌:  

له‌سه‌ر پێشنیازی چاودێری کوردۆساید – چاک، بۆ ساڵی داهاتو له‌ ناوه‌راستی مانگی ئازاردا (گه‌ر 16/3 بێت باشتره، ئه‌گینا  هه‌ر کاتێکی تر له‌‌ نێوان‌ 28/2 تا 25/3) کۆنفرانسێک بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ساز بکرێت، به‌ به‌شداری راسته‌وخۆی جه‌نابی وه‌زیری شه‌هیدان وه‌ک لایه‌نی حکومی بۆ کردنه‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتیکردنی کۆنفرانسه‌که‌، هه‌روه‌ها چه‌ند شاره‌زا و پسپۆڕێک له‌ بواره‌کانی (گازی کیمیاوی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دژ به‌ چه‌کی کیمیاوی، جینۆسایدی گه‌لان له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا، کۆمه‌ڵکوژی...هتد). له‌ 28 ی شوبات تاوه‌کو 25ی ئازاری ساڵی 2011 ئه‌نجومه‌نی گشتی کۆمسیۆنی مافه‌کانی مرۆڤ کۆبوونه‌وه‌کانی (وه‌رزی شانزه‌هه‌‌م)ی خۆی له‌ هه‌مان باره‌گا سازده‌کات. سازدانی کۆنفرانسێکی وه‌ها هاوته‌ریبی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌، که‌ سه‌ده‌ها شاره‌زا و پسپۆڕ و یاسایی و که‌سانی دیپلۆماسی و نوێنه‌ری وڵاتان و که‌سایه‌تیی ناودار له‌ چوارلای جیهانه‌وه‌ به‌‌شداری تێدا ده‌که‌ن، گرنگی و سه‌نگی خۆی ده‌ ئه‌وه‌‌نده‌ زیاتر ده‌کات.  

 

رێکخه‌ران: ئه‌م کۆنفرانسه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و هاوبه‌شی چاودێری کوردۆساید – چاک / کۆمیته‌ی سویسرا، دامه‌زراوه‌ی ئه‌لحه‌کیم – نوسینگه‌ی ژنێڤ، رێکخراوی جیهانی ( interfaith international Organisation) و سه‌رۆکه‌که‌ی  به‌رێز  (Dr. Charls Grafz) ده‌بێت. 

 

سه‌رنج و تێبینی:   

1/ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم تێچوونی ته‌واوی بلیتی سه‌فه‌ر و رێکخستن و وه‌رگرتنی ڤیزا بۆ به‌شداربووان مسۆگه‌ر بکات، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ کوردستانه‌وه‌ دێن. 

2 / ئێمه‌ و رێخکراوه‌کانی تر که‌ ناویان له‌سه‌ره‌وه‌ هاتوه‌ له‌ سویسرا، ئاماده‌کردنی هۆڵێک بۆ کۆنفرانسه‌که‌ و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی کۆنفرانسه‌که‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، مۆڵه‌تی چوونه‌ ژووره‌وه بۆ پسپۆڕان و به‌شداربوان و میوانه‌کان، ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر خۆمان. 

 3/ تێچوونی مانه‌وه‌ له‌ ئوتێل و نانخواردن و هاتوچۆی به‌شداربووان و میوانه‌کان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی شه‌هیدان (یان به‌گشتی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت)  که‌ی پێویستی کرد، ده‌توانین ته‌خمینی بکه‌ین، که‌ مه‌سروفاته‌کان چه‌ند ده‌بێت)، یان ده‌بێت وه‌زاره‌ت بۆیان جێبه‌جێ بکات، ده‌کرێت و ئاساییه‌ چه‌ند میوانێکی ئازیز (ئه‌وانه‌ی له‌ کوردستان یان ده‌ره‌وه‌ی سویسراوه‌ هاتوون) له‌ ماڵی دۆست و ئه‌ندامانی (چاک) جێگه‌و خواردنیان بۆ رێکبخرێت بێ به‌رامبه‌ر. 

4/ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌وێدا پێشکه‌ش ده‌کرێن، ده‌بێت لای که‌می پێش دوو مانگ له‌ سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌  بگاته‌ ده‌ستی لیژنه‌یه‌که‌وه‌، که‌ له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ت و چاودێری کوردۆساید پێک ده‌هێنرێت. 

5/ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێن، ده‌کرێت و وا باشتره‌، که‌ دواتر بکرێنه‌ کتێبێک و چاپبکرێت. 

پێشنیاز: 

به‌رای ئێمه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بۆ به‌شداری له‌و کۆنفرانسه‌ دێن، جگه‌ له‌ به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان، ده‌بێت بابه‌ته‌کانیان به‌ زمانه‌کانی ئینگلیزی یان فه‌ره‌نسی پێشکه‌ش بکه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ یه‌ك له‌‌و دوو زمانه‌ زۆر باش بزانن.  ئه‌م که‌سانه‌ گونجاون و ده‌کرێت 4 – 6 که‌سیان داوه‌ت بکرێت: به‌رێزان (د. فوئاد بابان - کوردستان، مارف عومه‌ر گوڵ - کوردستان، شه‌فیقی حاجی خدر - کوردستان، ئه‌میری حه‌سه‌ن پور – که‌نه‌دا، شاخه‌وان شۆرش – دانیمارک، :شۆرش حاجی – به‌ریتانیا، ئیبراهیم مه‌لازاده‌ - به‌ریتانیا، عادل باخه‌وان - فه‌ره‌نسا، نه‌جمه‌دینی فه‌قێ عه‌بدوڵا - دانیمارک،.....). 

دروستکردنی پۆسته‌رێکی ره‌نگاوره‌نگ و به‌ زمانی ئینگلیزی بۆ کۆنفرانسه‌که‌. 

 چاپکردن و ئاماده‌کردنی نامیلکه‌یه‌ به‌ زمانی ئینگلزی له‌ سه‌ر هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال و دابه‌شکردنیان به‌ سه‌ر میوانانی بیانی. 

 کۆنفرانسه‌که‌ ده‌کرێت رۆژێک بخایه‌نێت و له‌ 6– 8 سه‌‌عات زیاتر نه‌بێت یان بکرێته‌ دوو ڕۆژ.  

باشتره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ جگه‌ له‌ رێکخراوی چاک و لایه‌نی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هیچ رێکخراو لایه‌نێکی تردا باس نه‌کرێت تا بریاری له‌سه‌ر نه‌درێت. 

   

بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به (هیوا ناسیح) نوێنه‌ری چاودێری کوردۆساید بۆ ئه‌م کۆنفرانسه‌‌:  

 

تێل و فاکسی 0041525343583,  یان مۆبایلی: 0041763691971،                hiwanaseh@hotmail.com 

                                                        

 

هیوادارین له‌ ماوه‌ی مانگێکدا به‌ فه‌رمی وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌... 

هه‌ر شاد و سه‌رکه‌وتوو بن...  

 چاودێری كوردۆساید - چاك                                                                      

به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ بیانییه‌کان 

12.7.2010
***************************** 

ئیتر ئه‌وه‌ بوو ده‌ستبه‌کار بووین، قسه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو رێکخراوی جیهانی، که‌ ئه‌ندامی راوێژکاری بوون له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان کرد، ئه‌وانیش ده‌زگای ئه‌لحه‌کیمAl Hakim Foundation  و Interfaith international، ڕازیبوون به‌ هاوکاریمان، ته‌نها سه‌رنجێکی د. ئه‌میر هاشم سه‌رۆکی رێکخراوه‌ی ئه‌لحه‌کیم، که‌ که‌سێکی زۆر باش و دۆستی کوردیشه‌، ئه‌وه‌ بوو که‌ ناوی کۆنفراسه‌که‌ وا لێبکه‌ین (کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال، گۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان و بێسه‌روشوێنه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان) تا هه‌م لایه‌نه‌‌ عێراقیه‌کانیش راکێشین بۆ کاره‌که‌، هه‌میش بابه‌تی گۆڕه‌‌به‌کۆمه‌ڵه‌‌کان له ئێستادا زیندوه‌ و به‌رده‌وام هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌ و باس بکرێت له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌‌ی که‌سوکاری قوربانییاندا، گرنگی کۆنفرانسه‌که‌ زیاتر ده‌کات، ئێمه‌ش ڕازیبووین.


 ڕاسته‌ ئه‌وکات قه‌یرانی مووچه‌ نه‌بوو، حکومه‌ت پاره‌ی زۆر بوو له چاو ئێستادا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنیشیاندا هاوکارییه‌کی جدی و به‌رچاویان نه‌کردین، چونکه‌ ئه‌و کات گه‌رمه‌ی به‌هێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان بوو، ئێمه‌ش به‌رده‌وام پشتیوانیمان له‌ خۆپیشانده‌ران و داواکاریییه‌کانیان ده‌کرد، جگه له‌وه‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌ هیچ یه‌ک له دوو حزبه‌ باڵاده‌سته‌که‌ نه‌بووین، سه‌رۆکی حکومه‌ت ئه‌وکات به‌رهه‌م ساڵح بوو، له‌ رێگه‌ی هاورێیه‌که‌وه‌ هه‌ندێک هاوکاریی ماددی کردین، سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ سویسرامان کرد، جاومان به‌ د. فه‌وزی قه‌دور که‌وت، ئه‌ویش هیچ هاوکاریی نه‌کردین، سه‌ردانی سه‌فیری عێراق له‌ سویسرا، د. پیرۆت مان کرد، که‌ پارتی بوو، ئه‌و گوتی من کێتان ده‌وێت وه‌ک که‌سایه‌تی بۆتان داوه‌ت ده‌که‌م و پشتیوانیتان ده‌‌که‌م به‌ڵام لایه‌نی ماددی ناتوانم هاوکاریتان بکه‌م. له‌ نێوخۆمان کۆمیته‌یه‌کمان پێکهێنا بۆ ئاماده‌کاری و سه‌رپه‌‌رشتی کۆنفرانسه‌که‌، چونکه‌ سه‌ره‌ڕای گرفته‌کان هه‌ر سوربووین له‌‌سه‌رئه‌نجامدانی. بۆ رێکخستنی گشتی کۆنفرانسه‌که‌ و کاروباری کۆمیته‌که‌ من دیاریکرام وه‌ک رێکخه‌ر، واته‌ شه‌ره‌فی ئه‌وم پێبڕا، که‌ سه‌رپه‌رشتی سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌م بکه‌م، که‌ یه‌ک له‌‌و کارانه‌یه‌ له ژیانمدا شانازی پێوه‌ ده‌که‌م، وه‌‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی قۆڵمان لێ هه‌ڵماڵی، ماندوونه‌ناسانه‌، شایه‌‌نی باسه‌ به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی کاک کاردۆ سه‌رباز خۆی له ژێنف داده‌نیشت، ئه‌وم دیاریکرد بۆ کاروباری مه‌یدانی کۆنفراسه‌که‌، که‌ به‌ هه‌ق ئه‌و و کاروانی برای زۆر ماندوو بوون و بێ ئه‌رک و زه‌حمه‌تی ئه‌وان ئه‌سته‌م بوو کۆنفرانسه‌که‌ سه‌ربگرێت، چونکه‌ من زیاتر له‌ سێ کاتژمێر به‌ ئۆتۆمبیل له‌ ژنێفه‌وه‌ دوورم.

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی دوو و سه‌ره‌تای سێدا باشوری کوردستان له‌ گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر دا بوو، نزیکه‌ی سه‌رجه‌م شاره‌کانی باشور به‌تایبه‌ت له‌ زۆنی سه‌وز ده‌کوڵا، رۆژانه‌ خه‌ڵک شه‌هید و بریندار ده‌بوو، ده‌‌سته‌ڵاتی هه‌ردوو حزبه‌که‌ توندوتیژییان به‌کار ده‌هێنا، ئێمه‌ش هه‌موو یان زۆربه‌مان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا هاودڵ و هاوخه‌م بووین، به‌ڵام نه‌ده‌کرا پاش ئه‌و هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ کۆنفرانسه‌که‌ دوابخه‌‌ین. دوای چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌ و هاتوچۆ و په‌یوه‌ندیکردن و پرس و ڕاوێژ، گۆڕانکاری به‌سه‌ر ناوی ئه‌و که‌سانه‌دا هات، که‌ داوه‌ت بکرێن، هه‌ندێکیان خۆیان بۆیان نه‌ده‌کرا، و هه‌نێکیشیان کێشه‌ی ڤیزه‌ و پاسپۆرت و شتی وا نه‌‌یانده‌توانی بێن، له‌وانه‌ی که‌ دیاریکرابوون و نه‌یانتوانی بێن دکتۆر فاروق ڕه‌فیق بوو، که‌ چونکه‌ هاوڵاتی که‌نه‌دا بوو, پاسپۆرتی ئه‌وێ هه‌بوو کێشه‌ی ڤیزه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام چونکه‌ کاتی سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌ نزیکبوو له‌ کاتی ١٧ی شوبات و ئه‌ویش یه‌ک له‌ ڕێکخه‌رانی خۆپیشانده‌ران بوو، هه‌رچه‌نده‌ بلیتی فڕۆکه‌شی بڕیبوو، ئۆکه‌ی کردبوو، به‌ڵام دواجار گوتی: ببورن له‌م کاته‌دا مه‌یدانی ئازادی (سه‌نته‌ری خۆپیشانده‌رانی سلێمانی بوو)‌ جێناهێڵم، چونکه‌ خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ ده‌کرێت، که‌ به‌ ڕاستی هه‌‌ڵوێستێکی جوان بوو، کاتی خۆی وتارێکم له‌سه‌ر نوسی. ناچار له‌و که‌شه‌ سیاسییه‌ بارگاوییه‌ی باشور و کێشمه‌کێشمه‌ی ئه‌وێدا به‌رده‌وام بووین له‌ کاره‌کانمان، تا سه‌رکه‌وتووانه کۆنفرانسه‌که‌مان ساز کرد، شایه‌نی باسه‌ نزیکه‌ی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کان به‌ زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی پێشکه‌شکران، ته‌نها دوو وتار نه‌‌بێت له‌گه‌ڵ پرسیار و وڵامه‌‌کاندا، که‌ له‌‌لایه‌ن د. بابان ئه‌لیاسی، که کوردێکی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ندامی حزبی دیموکرته‌ و زۆر دڵسۆز و خه‌مخۆره‌ له ژنێف ده‌ژی ڕاسته‌وخۆ ده‌کران به‌ ئینگلیزی، شایه‌نی باسه‌ ناوبراو ئه‌م کاره‌ی بێبه‌رامبه‌ر بۆمان کرد.

بۆ ورده‌کاریی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسه‌که‌ لێره‌دا ڕاپۆرتی ڕاگه‌یاندنی کۆنفرانسه‌که‌، که‌ کاتی خۆی بڵاومانکرده‌وه‌، داده‌نێم:

بۆ یه‌که‌مجار له  یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا
کۆنفرانسێک له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال

له‌رێکه‌وتی 18.3.2011 رۆژی هه‌ینی به‌ به‌شداری چه‌ندان پسپۆڕ و که‌سایه‌تی و شاره‌زا له‌ کورد و بیانی له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه‌، کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێو باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ شاری ژنێڤ وڵاتی سویسرا ساز کرا، که‌ له‌ ژێر ناوی (کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال، گۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان و بێسه‌روشوێنه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان)ه‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوه‌کانی (چاودێری کوردۆساید – چاک، ئینته‌‌فه‌یس ئینته‌رناشناڵ، ئه‌لحه‌کیم فۆنده‌یشن)ه‌وه‌ رێکخرا بوو‌. 

ئه‌م کۆنفرانسه‌ که‌ سه‌عات 11ی به‌یانی تا 5 ی ئێواره‌ خایاند، له‌ په‌راوێز و هاوته‌ریبی خولی شانزه‌هه‌می کۆبوونه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، به‌ زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی به‌رێوه‌چوو، که‌ کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه ‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی و زانستی له‌ خۆ ده‌گرت. جگه‌ له‌وه‌ی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد  پیشانی ئاماده‌بووان درا، هاوکات پێشانگایه‌کی وێنه‌ییش بۆ شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ به‌ شێوه‌‌ی سلاید نیشان درا. 

 دانیشتنی یه‌که‌م: سه‌عات 11 تا 1ی پاشنیوه‌ڕۆ

سه‌ره‌تای به‌رنامه‌که‌ د. چارلز گراف، سه‌رۆکی رێکخراوی ئینته‌رفه‌یث ئینته‌رناشناڵ کۆنفرانسه‌که‌ی کرده‌وه‌، باسی له‌وه‌ کرد، چۆن و بۆچی کۆنفرانسه‌که‌یان رێکخستوه‌، پاشان وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی رژێمی سه‌دام  حوسێن دژ به‌گه‌لی عێراق به‌ گشتی و گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی. 

-  وته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی عێراق که‌ له‌ لایه‌ن باڵوێزی عێراق له‌ سویسرا د. پیرۆت خوێندرایه‌وه‌. 

-  وته‌ی د. عه‌بدولئه‌میر هاشم، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی ئه‌‌لحه‌کیم  

-  پرۆفیسۆر و دکتۆر گێرهارد فرایلینگه‌ر له‌ زانکۆی ڤییه‌ننا، که‌ یه‌که‌م دکتۆری ئه‌وروپی و بیانی بوو، کاتی کیمیابارانی هه‌‌ڵه‌بجه‌ ١٩٨٨خۆی گه‌یاند بووه‌‌ ئه‌وێ و چه‌ند بریندارێکی له‌گه‌‌ڵ خۆی بردبوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڤییه‌نا بۆ چاره‌سه‌ر‌. له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا وێنه‌ و داتای له‌‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌کانی کاره‌‌ساته‌که‌ و چیرۆکی به‌رکه‌وتوان و کاریگه‌ریی گازه‌کان له‌سه‌ریان پێشکه‌ش کرد. 

-  پرۆفیسۆر ئه‌نتۆن کیلله‌ر، مامۆستای زانکۆی ژنێڤ و سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی لیکنزیککردنه‌وه‌ی که‌لتور و ئاینه‌کان (SLM) وته‌یه‌‌کی پێشکه‌ش کرد، له‌ میانه‌یدا گوتی کوردستان وڵاتی نه‌ته‌وه‌ و ئاین و گروپه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌، تاوانی زۆر به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌له‌ کراوه‌‌، گه‌لانی سه‌ر ئه‌و خاکه‌ ئاشتییان ده‌وێت، ده‌بێت کۆمه‌‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ نه‌دات ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌. 

- خاتو فریشته‌ که‌وه‌، که‌ پسپۆڕی بواری سایکۆلۆجییه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ناوی (شیکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌رونی له‌سه‌ر به‌رکه‌وتوان پاش لێدانی هه‌له‌بجه‌ به‌ چه‌کی کیمیاوی) پێشکه‌ش کرد. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دوا که‌ چۆن ئێستاش ئه‌و به‌رکه‌وتوانه‌ له‌ بارێکی ده‌رونی شله‌‌ژاو و ناجێگیردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و کاریگه‌رییه‌که‌ی هێشتا کۆتایی نه‌‌هاتوه‌ له‌سه‌ریان.  

- ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد.  

 دانیشتنی دووه‌م سه‌عات  3 ی پاشنیوه‌ڕۆ تا 5 ی ئێواره‌ 

 -  دکتۆر چارلز گراف، کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد 

 -  د. کارزان ناسیح عه‌لی، وته‌ی رێکخراوی (چاودێری کوردۆساید – چاک)ی خوێنده‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ناساندنی ئه‌رک و ئامانجه‌کانی رێکخراوه‌که‌، باسی له‌وه‌ کرد، که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ هاوکاری و دیالۆگ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و جیهانییه‌کاندا بکه‌ن، وه‌ گوتی کارکردن  بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ به‌شێکه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی دژ به‌ شه‌ر وه‌ هه‌وڵ بۆ ئاشتی له‌ جیهاندا، که‌ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌که‌ هاوپشتی بین. 

- د. چۆمان هه‌ردی باسێکی ئه‌کادیمی زانستیی له‌سه‌ر (ژنه‌ رزگاربوه‌‌کانی دوای ئه‌نفال له‌ نێوان قسه‌کردن و بێده‌نگیدا) پێشکه‌ش کرد، که‌ باسی له‌ غه‌م و ئازاره‌کانی ژنانی پاش ئه‌نفال ده‌کرد و‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووان بوو.   

-  شۆڕش حاجی، په‌رله‌مانتار له‌ به‌غدا، به‌ ناوی (هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌‌نفال چۆن و بۆچی؟؟)، که‌ باسی له‌ بیر و هۆکاری ئه‌نجامدانی  ئه‌نفال ده‌کرد له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌کی داتا شۆو هه‌موو قۆناغه‌کانی ئه‌نفال و ژماره‌ و قه‌باره‌ی قوربانیان و زیانه‌کانی خسته‌ڕوو له‌گه‌‌ڵ ناوی که‌رته‌‌کانی سوپای ئه‌نجامده‌ر و ناوی تاوانکاران. 

- محه‌مه‌د جه‌واد ئه‌لحه‌داد: چالاکوانی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ له‌ عێراق، وته‌یه‌کی خوێنده‌وه‌. گوتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق واژۆی چه‌ندین په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد بوو، که‌چی بێباکانه‌ گه‌وره‌ترین تاوانییان دژ به‌ گه‌لی کوردی بێبه‌ش ئه‌نجامدا. باسی له‌وه‌ کرد، که‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وان بکاته‌و‌ه‌ و ئازارو مه‌ینه‌تییه‌کانی ناوچه‌ کاره‌ساتباره‌کان که‌مکه‌نه‌وه‌. پشتگیری له‌ مافه‌ نه ‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد کرد. 

- وته‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سیان نه‌هاتبوون، له‌ لایه‌ن (هیوا ناسیح) ئه‌ندامی رێکخراوی چاودێری کوردۆسایده‌وه‌ خوێندرا‌یه‌وه‌. سه‌ره‌رای ده‌ستخۆشی له‌‌م هه‌نگاوه‌، ئه‌و کۆنفرانسه‌یان به‌رزنرخاندبوو، که‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ دۆسییه‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد ده‌کات له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. 

- ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد. 

 هاوکات له‌میانی کۆنفرانسه‌که‌دا کتێبێک به‌ زمانی ئینگلیزی به‌ ناوی (ئه‌‌نفال، ژینۆسایدکردنی کورده‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقییه‌وه‌)، له‌لایه‌ن شاخه‌وان شۆرش ئه‌ندامی ریکخراوی چاودیری کوردۆسایده‌وه‌ نوسراو و ئاماده‌کرابوو به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئاماده‌بوواندا دابه‌‌شکرا، تێیدا سه‌ره‌‌رای باس له‌‌ کاره‌ساته‌‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفاله‌کان دۆکیۆمێنتێکی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال و دادگاییکردن و بریاره‌کانی دادگا به‌رامبه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفالی له‌خۆی گرتبوو،.  

ئه‌م کۆنفرانسه‌ که له‌سه‌ر پێشنیازی چاودێری کوردۆساید ئه‌نجام دراو زیاتر له‌ 70 که‌س له‌ نوێنه‌رانی وڵاتان و دیپلۆمات و نوێنه‌رانی رێکخراوه‌ جهیانییه‌کان و دۆستانی بیانیی کورد و  نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان ئاماده‌بوون، هه‌روه‌ها هاوکات دوو سه‌رپه‌رشتیار و نوێنه‌ری نه‌ته‌و‌ه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌‌ڵ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان به‌شداریان کرد.   

 مه‌به‌ست له‌ به‌ستی کۆنفرانسه‌که‌ش  بریتیی بوو له‌: 

 ١. ناساندنی ئه‌م کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ به‌ جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا 

سودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی گه‌لان له‌ کارکردن و تێکۆشان بۆ  ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ له‌باری یاساییه‌وه به‌ جینۆساید ٢. 

٣. قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتوان و نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژییانه‌ 

 شایه‌نی باسه‌ و ده‌کرێت بلێین بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژووی کورددا کۆنفرانسێکی وا له‌باره‌گای نه‌ته‌وه‌‌یه‌کگرتوه‌کان له‌سه‌ر کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان ئه‌نجام بدرێت. ناشکرێت نه‌ڵێین که‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ پرۆژه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه‌مان دابوو به‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، که‌چی هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌کی ماددی و مه‌عنه‌ویان پێشکه‌ش نه‌کردین، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوولاوه‌ به‌ڵێنی هاوکارییان پێداین. 

جێگه‌ی باسه‌ چه‌ند که‌سێکی تر داوه‌تکراوبوون، وه‌ک به‌رێزان مامۆست محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵح، نوسه‌ر و لێکؤله‌ر له‌ بواری ئه‌نفال و جینۆساید هه‌روه‌ها کاک به‌کر حه‌مه‌سدیق په‌رله‌مانتاری کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق و پارێزه‌ری که‌یسی هه‌له‌بجه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، که‌ به‌ هۆی کێشه‌ی ڤیزه‌وه‌ نه‌یانتوانی بێن و به‌شدار بن... 

شایه‌نی باسه‌ کاتی خۆی ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ زۆر له‌سایته‌ کوردییه‌کاندا، هه‌روه‌هاش له‌ گۆڤاری (تۆپزاوه‌) ژماره‌ سێ، ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکرایه‌وه‌...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×