لەبارەی مەرگەوە ..
بەشدار عوسمان
2020-10-10   595
ئەوانەی قوربانی دەستی
دەسەڵاتی ستەمکارین لەهەمووان زیاتر دەرفەتی ئازادانەتریان بۆ ڕەخساوە بۆ ژیانی
تایبەتیان، بەڵام ئەوە درک کردنە بە زوڵمی دەوروبەرەکەیان بۆیە رێگای بەرەنگارییان
هەڵبژاردووە و دواجاریش لەو رێگایەدا بونەتە قوربانی .
ئەوانەی لەبەرامبەر
ناعەدالەتی دەنگیان هەڵبڕیوە لەهەمووان زیاتر رەفاهیەت و خۆشبەختیان نیشاندراوە،
بەڵام ئەوە ئازاری ویژدانیانە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی و ئەخلاقی
کۆمەڵگاکەیان، بۆیە لەهەموو خۆشگوزەرانیەک مەحروم بونە .
ساویلکەییە، تا دوایین
هەناسە لە ریزی ستەمکاران و گەندەڵگاران تێکۆشابیت، لەکاتی مەرگیشدا وەکو مرۆڤێک
حیساب بکرێت کە قوربانی دەستی ئەو ستەمکارییە بێت ! کوورت بینیە لەپارەی دزراوی
خەڵک و مناڵانی هەژار و کەمئەندام کۆشک و ڤێلات بەرزکردبێتەوە، لەکۆتاییدا وەکو
خەباتکاری رێگای عەدالەت بناسێندرێت، نەزانییە رۆژانە دەیان گەنج و مامۆستا و
مووچە خۆر لەسەر داوای مافەکانیان زریکەی هاواریان لە زیندان و کۆشکەکان بگاتە
کەشکەڵانی فەلەک، کەسانێکیش لە شەوە سوورەکان بەردەوام بن لەگەڵ نەخشەکێشانی ئەو
زیندانیە، لەولاشەوە بە زەروڕەتێک و پێویستیەک بزانرێن بۆ ئازادی و هەوڵبدرێت
ئیحساسی خەڵکی بۆ بجوڵێندرێت !
(ئەگەر توانای ووتنی
قسەی حەق لە خۆتدا نابینی، لانیکەم بۆ ئەو کەسانەی قسەی ناحەق دەکەن چەپڵە لێمەدە
..)غاندی وایووت .
دەیان هەزار ژن بوونە
قوربانی دەستی دەسەڵاتی خێڵەکی، تۆش لەپاڵیا خەریکی شەترەنج و دۆمینە بی، سەدان
نووسەر و رۆژنامەنوس ئیهانە و سوکایەتیان پێدەکرێت و رۆژانە لەشەقامەکاندا لەلایەن
شەلاتیەکانیەوە تێر شەقدەکرێن و گووللە نرا بەدەم و سینگیانەوە، مێشێک میوانت نەبێ
..!ئەوپەڕی بێ مەنتیقیە وەکو ئەو چالاکوانانە ناویان بهێنرێت کە ژیان و پلان و
پرۆژەیان دەرکێشانی ئەو خەڵکە ستەمدەدەیە لەو فەلاکەتە، لەژێر ناوی چاوپۆشی لە
ئایدۆلۆژیا هەوڵبدرێت رابردووی بسڕیتەوە، لەکاتێکدا خۆی تا دوا هەناسەی لەپێناوی
ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر هەڵوێستێک یان کارێکی رابردووەکەی خەڵکی ناشیرین و
تاوانبارکرد و لەدادگای ویژدانی خۆییدا لەسێدارەشیدان .
هەموو ئەوانەی
ویژدانیان بەبەرژەوەندییەک فرۆشت، دەیان کارەسات و مالوێرانی ڕاینەچڵکاند و
بێدەنگیان هەڵبژارد، بەهانەیان بۆ ئەو هەموو ناعەدالەتی و زەڵم و بەربەریە
دادەتاشی، دەبێت مێژوویان لەگەڵ نەخشەدارێژەران و ئەنجامدەرانی ئەو وەزعیەتە
بنوسرێتەوە، دواجار تۆ بەرپرسیار نیت لەوەی کە دەیڵێیت، بەرپرسیاریشی لەوەی دەبێت
بیڵێت و نایڵێیت .
هەر ئینسانێک ئەو
رێگایەی گرتویەتیە بەر هەڵبژێردراوی خۆیەتی، بۆیە دەبێت مێژووەکەشی لەئەستۆ بگرێت،
رۆژگارێک بۆقت بە بولبول بە خەڵک ناساندووە، چاوەڕێمەکە لەدوایی خۆت مریشکت بۆ
بکەنە کەناری .